ئەم پەڕەیە چاپ بکە

ئایا سزاکان ڕێگەیان لە ئێران گرتووە دەرمان هاوردە بکات؟

سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران هاوردەکردنی دەرمان و پێداویستیە پزیشیکیەکان ناگرێتەوە بەڵام سەرەڕای ئەوەش بەرپرسانی باڵای ئێران دەڵێن سزایەکان ڕێگربوون لەوەی دەرمان بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هاوڵاتیان بگاتە وڵاتەکەیان.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) ئەمەریکا ڕەتیکردۆتەوە سزایەکانی بوبنەهۆی ئەوەی دەرمان نەگاتە ئێران، لەو بارەیەوە (بڕایان هوک) نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران گوتی، ئەمەریکا دەرمان و ئامێرە پزیشیکیەکانی بۆ هاوڵاتیانی ئێران لەسزایەکانی ئەمەریکا بواردوون. ئەی کەواتە چۆن سزایەکان کاریگەریان هەبوە لەسەر دەستگەیشتنی ئێران بەداودەرمان.

ئەو دەرمانانەی ئێران پێویستی پێن، یان هاوردەیان دەکات کامانەن؟
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئێران بۆ خۆی توانای بەرهەمهێنانی زۆرێک لەدەرمانەکانی هەیە بەتایبەتی دەرمانە بنەڕەتیەکان، بەڵام لەزۆربەی پێویستیەکانی پزیشکی پێشکەوتوودا پشت بەهاوردەکردن دەبەستێت.
بەپێی داتایەکان، ئێران لەڕووی قەبارەوە نزیکەی (٤%) ی دەرمانەکانی لەدەرەوەڕا هاوردەدەکات، وە لەکۆی گشتیدا هاوردەکردنی دەرمانە گرانبەهایەکانی نزیکەی یەک لەسەر سێی دەرمان لەئێران پێکدێنن.
بەهۆی سزایەکانەوە بەشێک لەداودەرمانەکان لەئێران نرخیان بەرزبۆتەوە و، بارقورسی لەسەر بژێوی هاوڵاتیان دروستکردوە، (بی‌بی‌سی) فارسی لەبەشێک لەهاوڵاتیانەوە زانیویەتی ئاسان نیە بۆ خەڵکی دەستیان بەهەندێک دەرمانی پێویستی ڕابگات.
هاوڵاتیانی ئێران ئاماژەیان بەوەداوە، بەشێک لەدەرمانەکان لەدەرمانخانەکان دەستناکەون، لەو شار بۆ ئەو شار دەچن هەتاوەکوو پەیدایان بکەن. وە هەندێکی دیکە دەڵێن، نرخی دەرمانەکان زۆر بەرزبۆتەوە و دەرەقەتی کڕینیان نایەن.
بازرگانانی هاوردەکردنی دەرمانیش بەهەمان شێوە ناڕەزاییان هەبوە لەسەر ئاڵۆزییەکانی بەردەم هاوردەکردنی دەرمان، بۆ ڕاپۆرتەکە ئاماژەیان بەوەداوە کە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا کەموکورتی دەرمان پەیدابوە و، بۆیە کاریگەری لەسەر بەرزبونەوەی نرخەکانیان هەبوە.
لەو دەرمانانەی کە لەدەرمانخانەکانی ئێراندا بەزەحمەت پەیدادەبن بریتین لە دەرمانەکانی سڕکردن و، چارەسەری شێرپەنجە و، شەکرە.
بەپێی ئامارەکانی بەرپرسانی ئێرانی لەبواری پزیشکیدا، لەماوەی (١٢ مانگ) ی ڕابردوودا تێچوی تەندروستی و خزمەتگوزارییە پزیشیکیەکان لەئێران بەئەندازەی (١٩%) بەرزبۆتەوە، هەڵبەتە کەموکورتی دەرمان و، بەرزبونەوەی نرخی دەرمانەکان دەکرێ چەند هۆکارێکیان لەپشتەوەبن، تەنها خۆیان لەقورسی سزایەکاندا نابیننەوە.

سزایەکان چۆن کاریگەریان دروستکردوە؟
لەدوای ڕێکەوتنی بواری ئەتۆمی ئێران و وڵاتە زلهێزەکانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی سزا نێودەوڵەتیەکانی سەر ئێران لەساڵی (٢٠١٦) ەدا لەسەر ئێران هەڵگیران، بەڵام لە تشرینی دووەمی ساڵی (٢٠١٨) ەدا ئەمەریکا سزایەکان بەقورستترین شێوە لەسەر ئێران چەسپاندنەوە و، زۆربەی بوارەکانی پیشەسازی و، بانکی ئێرانی گرتنەوە و بەو هۆیەوە ئابوری ئێران داکەوت.
ئەو سزایانە بەجۆرێک کاریگەریان دروستضکردوە کە ئەو کۆمپانیانەش کە پابەندی سزایەکان نابن ئەوا دەکەونە بەر هەڕەشەی قورسترین سزایەکانی ئەمەریکاوە و، ناتوانن لەناو سیستەمی دارایی ئەمەریکادا بمێنن.
لەگەڵ ئەوەشدا، دەرمان و کەلوپەلە پزیشیکیەکان بەخشراون و، هەناردەکارانی کەلوپەلە مرۆییەکانی وەکو دەرمان و، ئامێرە پزیشیکیەکان و، کۆمپانیا بەرهەمهێنەرەکانی ئەو بازرگانیانە نابێت بکەونە بەر سزایەکانی ئەمەریکا بۆ بازرگانیکردن لەو بوارانەدا لەگەڵ تاران.
(ڕیچارد نێڤیو) شارەزای سزایەکانی ئەمەریکا دەڵێ، کێشەکە لێرەدا ئەوەیە تۆ پێویستیت بەوەیە بانکێک بدۆزیتەوە کەوا ئامادەبێ هێڵە بازرگانیەکانی بەردەوام بکاتەوە و، کارەکانی ئاڵوگۆڕیی و حەواڵەکان جێبەجێبکات.
هەروەها گوتیشی، هەندێک جار ئەوە بەدیدەکرێ کە ئەوانە خۆیان لەو سەرئێشەیە نادەن، هەندێک کێشەی پراکتیکی هەیە کە دەبێ بانکەکان ئەنجامیبدەن، بەڵام ئایا دەتوانن بیکەن؟ بەڵێ دەکرێ بیکەن بەڵام پرۆسەکە ئاڵۆزە.
هەروەها لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە، گرفتێکی دیکەی بەردەم دەرمان ئەوەیە کە هەموو دەرمانەکان و، ئامێرە پزیشیکیەکان لەسزایەکان نەبوێردراون.
هەر لەسەر ئاستەنگەکانی هاوردەکردنی دەرمان لەلایەن ئێرانەوە، (جەستین ۆکەر) بەڕێوەبەری سیاسەتی سزایەکان لەبواری دارایی لەبەریتانیا کە نوێنەرایەتی بانکە بەریتانیەکان دەکات گوتی، بازرگانیەکانی شتومەکە مرۆییەکان و، پرۆسەی پارەدانەکانیان لەگەڵ ئێران هێشتا بەئاڵۆزی ماونەتەوە. بەپێی یاسا، بەهۆی سزایەکانەوە دەرمانەکان ڕێگری نەکراون، لەگەڵ ئەوەشدا ڕێگریان لێ دەکرێ ئەگەر بێتو بۆ یەکەیەک یان کاراکتەرێکی دیاریکراوی ئێران هاوردەبکرێن.

 ئایا دەرمان دەگاتە ئێران؟
ڕاپۆرتەکە چاوی بەچەند بەرپرسێک و کەسایەتی دیاری ئێرانی کەوتوە و، ئاماری نزیکەی (١٦) مانگی ڕابردوویان لەبواری هەناردەکردنی دەرمان و پێداویستیە پزیشکیەکان بۆ ڕاپۆرتەکە باسکردوە.
هاوردەکردنەکانی دەرمان و پێداویستی پزیشیکی لەئێران لەدوای ڕێکەوتنی ئێران تاوەکو مانگی ئەیلولی (٢٠١٨) بایی نزیکەی (١٧٦ ملیۆن دۆلار) بوە. بەڵام دواتر هەتاوەکو حوزەیرانی (٢٠١٩) هاوردەکردنی دەرمان و کەلوپەلە پزیشیکیەکان زۆر دابەزیوە و بەڕێژەی (٦٠%) هاتۆتەخوارێ، وە بۆ نزیکەی (٦٧ ملیۆن دۆلار) کەمبۆتەوە.
ئەو کەمبونەوەیە هاوکاتە لەگەڵ کاتی قورسکردنەوەی سزایەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە، بەڵام داتایەکان سنوردارن و ناکرێ بگوترێ بەدڵنیایی ئەوە بەهۆی سزایەکانەوەیە.
هەروەها چەند داتایەکی بەردەست لە یەکیەتی ئەوروپاشەوە کە یەکێک بوە لە هاوبەشە بازرگانیە سەرەکیەکانی ئێران دەریخستوە لەدوای سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران فرۆشتنی دەرمان و هاوردەکردنی لەلایەن ئێرانەوە کەمیکردوە.

ئایا بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا مەترسیدارە؟
ئاسان نیە بەهۆی سزایەکانی ئەمەریکاوە بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا و، پێویستی بەچەند ڕێوشوێنێکی بانکی و یاسای نوێ هەیە، ئەوەش تێچوی زیاتری دەوێت.
خاڵێکی دیکەی بەردەم ئاستەنگەکانی بازرگانیکردن لەگەڵ ئێراندا بریتیە لە کەمی پارەی بیانی لەناو ئێراندا و، خراپی ئاستی پارەی ئێرانیش واتە خراپی دۆخی ڕیاڵی ئێرانی، ئەوانە وایانکردوە هاوردەکردنی کەلوپەل و بازرگانیەکان لەسەر ئێران گرانبکەون.
ئێران داوایکردوە بەزوویی پلانەکەی ئەوروپاییەکان بۆ پاڵپشتی کۆمپانیایەکان تاوەکو بازرگانی لەگەڵ ئێراندا بکەن جێبەجێ بکرێ، ئەو پلانە بۆ تێپەڕینە لەڕێگریە داراییەکانی ئەمەریکا بەهۆی سزایەکانیەوە. لەڕاستیدا ئەو پلانەی ئەوروپاش ئاڵۆز دیارە و، لەڕووی سیاسیشەوە قورسە جێبەجێبکرێ.
لەدوای چەسپاندنەوەی سزایەکانی سەر ئێران لەلایەن ئەمەریکاوە، هاوڵاتیان لەو وڵاتە ئاستی بژێوی و ئابورییان بەرەو خراپی ڕۆیشتوە، ئەگەرچی سزایەکان دەرمان و بوارە پزیشکیەکان ناگرێتەوە بەڵام بەهۆی کەموکورتی پێداویستیە پزیشیکیەکانەوە نرخی دەرمانەکان بەتایبەتی چەند جۆرێکی دەرمان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزبونەتەوە.
سزایەکان لەسەر ئێران بونەتەهۆی بەرزبونەوەی نرخەکان بەشێوەیەکی گشتی و، هەروەها ئاستی ڕیاڵی ئێرانیشی بەشێوەکی بەرچاو دابەزاندوە، ئێرانیەکان بەهۆی سزایەکانەوە توشی برسیەتی بوون و، لەنێو خەڵکی ئێراندا چینی هەژارەکان زیاتر بەرکەوتەی سزایەکانی ئەمەریکان.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر