ئەیلول 20, 2019

ڕۆژی هەینی ١٨ی گەلاوێژ/٩ی ئوت، ڕێک ٢٠ سال بەسەر ئامادەبوونی ڤلادیمێر پۆتینی ئەندامە دیارەکەی کا.گ.ب لە پانتایی سیاسەت ڕوسیە تێپەڕێ. سەیرە کە چۆن کەسێک کە وەها دادەنرا پاش خوولی یەکەمی سەرۆکوەزیرانییەکەی تەنیا یەک یا بەلانی زۆرەوە دوو خوول دەتوانێت لە کۆشکی سووری کرملین بمێنێتەوە، کەچی نە تەنیا بووە تزاری ڕوسیە بەڵکو وا پێدەچێت بشبێتە سوڵتانی بێ ڕکەبەر و نەگۆڕی ڕوسیە.

ئەوە بوریس یەڵتسنی سەرۆکی ئەودەمی ڕووسیە و یەکەم سەرۆک پاش هەڵوەشانەوەی سۆڤیەت بوو کە ڤلادیمێر پۆتینی ٢٠ ساڵ بەر لە ئێستا و لە ڕۆژێکی وەک هەینی تێپەڕیو گەیاندە پلەی سەرۆکوەزیری. لە کاتی ئاشووب و هەرجومەرجەکانی ساڵی ١٩٩٩ی ڕوسییە پاش لەنێوچوونی حکومەتی کۆمۆنیستی، یەڵتسن ناچار بوو چەند سەرۆکوەزیر بگۆڕێت و پۆتین چوارەمین کەس بوو کە لە کەمتر لە ١٩ مانگ گەیشتە سەرۆکوەزیری.
لە کاتی بوونە سەرۆک، پۆتین کەسێکی نەناسراو بوو و تەنیا کەسێکی زۆر کەم لە دونیا ـ لە نێو دەزگا ئەمنیەتییەکاندا ـ ناوی ئەویان بیستبوو. بەڵام بە هاتنی، پانتایی سیاسیی ڕوسیەی وەها داگیر کرد کە تا ئەورۆکە کەس نەبووە شان بدات لە شانی. بەڵام پۆتین بیستەمین ساڵڕۆژی هاتنە نێو پانتایی دەسەڵاتی بە دڵێکی ئاسوودە جێژن نەگرت، ئاخر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو بوو کە هەزاران کەس بەشداری خۆپێشاندانەکانیان کرد و دژی ئەو لە مۆسکۆ و شار و شارۆچکەکانی دیکەی ڕوسیە خۆپێشاندانیان کرد و لە بەرامبەردا هێزە ئەمنی و سەبازییەکانی ڕوسییە لە ڕۆژێکدا نزیکەی ١٠٠٠ کەسیان دەستبەسەر کرد و تەنانەت هەواڵی ژەهراویبوونی دژبەرە لاوەکەی پۆتینیش واتە ئەلیکسی ناوالنی وەک لەکەیەک بە ڕووخساری پۆتینەوە نووسا.
پۆتینی ٦٦ ساڵە، هەر پارەکە بوو کە بۆ جارێکی دیکە بە سەرۆکایەتی ڕوسیە هەڵبژێردرایەوە، خوولێک کە لە ساڵی ٢٠٢٤ کۆتایی پێ دێت. هەر لەم یەک دوو ڕۆژەشدا، خوولی سەرۆکایەتییەکەی پۆتین لە جۆزیف ستالینی دیکتاتۆری کۆمۆنیستی درێژتر دەبێتەوە.
نیکۆلای سبانیدزە یەکێک لە ڕۆژنامەنووسە دیارەکانی ڕوسیە کە چەندین جار لە کرملین گفتوگۆی لەگەڵ پۆتین کردووە، لە بیستەمین ساڵی پۆتین لەنێو دونیای سیاسی ئەو وڵاتە تێزارییە، بە هەواڵدەری فەڕەنسای لە مۆسکۆ گوت "پاش ٢٠ ساڵ ئامادەیی لە نێو دەسەڵات، پۆتین چیتر هیچ سنوور و ئاستێک ناناسێت، ئەو بۆ خۆی سوڵتانێکە".

 

 شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler