ئەیلول 20, 2019

زانیاریی ورد له‌سه‌ر هۆنگ كۆنگ بـخوێنه‌وه‌

چەند حەفتەیەکە لە هۆنگ کۆنگ خۆپیشاندانی بەردەوام و لەنێویاندا لایەنگیرانی دیموکراسی لەسەر یاسای ڕادەستکردن ڕژاونەتە سەر شەقامەکان و شوێنە گشتیەکان، خۆپیشاندانەکان لەئێستادا بەرفراوانتربوون و، توندوتیژیان لێکەوتۆتەوە و بونەتەهۆی تێکدان و، پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان لەو شارەدا.

هۆنگ کۆنگ تایبەتمەندی خۆی هەیە:
گرنگە ئەوە بزانرێ کە هۆنگ کۆنگ زۆر جیاوازە لە شارەکانی دیکەی چین، بۆ تێگەیشتن لەو جیاوازیەش پێویستە تەماشای مێژووەکەی بکەین.
هۆنگ کۆنگ لەژێر بەڕێوەبردنی بەریتانیدا بوە بۆ ماوەی زیاتر لە (١٥٠) ساڵ، بەشێکی کە دورگەی هۆنگ کۆنگە لەدوای شەڕی (١٨٤٢) خۆی بەدەستەوەی بەریتانیادا، وە دواتر چین بەشەکانی دیکەی هۆنگ کۆنگ و ناوچە تازەکانیشی بە گرێبەستی ئیجار بۆ ماوەی (٩٩) ساڵ دایە بەریتانیا.
هۆنگ کۆنگ بوو بە بەندەرێکی بازرگانی گەورە و، گەشەکردووی ئابورییەکەی لەساڵانی پەنجایەکاندا بەشێوەیەک بوو ژێرخانێکی گەورەی ئابووری لەناوچەکەدا دروستکرد.
ئەو ناوچەیە بەبەردەوامی ناوچەیەکی سەرنجڕاکێشیش بوە بۆ پەنابەران و ئەوانەی لەبەر ناسەقامگیری و، هەژاری و، توندتیژیەوە لەناوچەکانی دیکەی چین ڕایانکردوە و، لەهۆنگ کۆنگ ماونەوە.
دوایی لەساڵانی (١٩٨٠) یەکاندا کاتێ وادەی (٩٩) ساڵەکە تەواوبوو، بەریتانیا و چین گفتوگۆیان لەسەر دواڕۆژی هۆنگ کۆنگ کرد، لەساڵی (١٩٨٤) دا ڕێکەوتن کە هۆنگ کۆنگ لەساڵی (١٩٩٧) دا بگەڕێتەوە سەر چین، یەک وڵات بن بەڵام بەدوو سیستەمی جیاواز بەڕێوەببرێن.
ئەوە بەو مانایەیە دەبێتە بەشێک لە وڵاتی چین، بەڵام هۆنگ کۆنگ پەیڕەوی ئۆتۆنۆمی خۆی کردوە و سیستەمی تایبەتی خۆی هەبوە و، تەنها لەبواری کاروباری دەرەوە و، بەرگریدا نەبێ.
لەو ئەنجامەدا هۆنگ کۆنگ بوو بەخاوەنی یاسا و سیستەم و سنووری خۆی، هەروەها بوو بەخاوەن سەربەخۆیی مافەکانی لەنێویاندا ئازادییەکان و، بیروڕای ئازاد.
نمونەش بۆ ئەوە هۆنگ کۆنگ شوێنێکی دەگمەنە لە ناوچەکانی چین کە یادی پێکهەڵپژانەکانی سووپا و هاوڵاتیان دەکاتەوە کە لەساڵی (١٩٨٩) ەدا لە فولکەی تیانمین سوپای چین تەقەی لە خۆپیشاندەرانی پەکین کرد کە بێ چەک بوون.
بەڵام شتەکان لە گۆڕاندان:
هەتاوەکو ئێستاش هۆنگ کۆنگ ئازادییەکانی پاراستوە و، خەڵکی بەخۆشیەوە مافەکانیان ئازادانە پەیڕەودەکەن بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن لەکەمبونەوە و، بەرەو نەماندان.
گروپەکانی مافەکان چین تاوانبار دەکەن کە دەستی هاویشتۆتە نێو کاروبارەکانی هۆنگ کۆنگەوە، بۆ نمونە هەڵوەشاندنەوەی یاسادانەرانی لایەنگرانی دیموکراسی، وە هونەرمەندان و نوسەران دەڵێن لەژێر فشاردان بۆ ئەوەی سەربەخۆی خۆیان لەدەستدەن، هەروەها مافە ڕۆژنامەوانیەکانیش بەرتەسکبونەتەوە و، لەماوەی ڕابردوودا ڕێگایان نەدا ڕۆژنامەوانی فانانشیاڵ تایمز بەرنامەیەک سازبکات کە لەلایەن گروپ و چالاکوانە مەدەنی و سەربەخۆییەکانەوە ڕێکخرابوو.

داتایەکان لەبارەی شوناس و ویستی هۆنگ کۆنگیەکانەوە چی دەڵێن:
زۆرینەی خەڵکی هۆنگ کۆنگ لەنەتەوەی چینیەکانن، وە وێڕای تایبەتمەندیەکەی کە هۆنگ‌کۆنگ بەشێکە لەچین بەڵام زۆربەی خەڵکی هۆنگ کۆنگ خۆیان بەچینی نازانن.
ڕاپرسیەکان کە لەزانکۆی هۆنگ کۆنگەوە ئەنجامدراون دەریانخستوە زۆربەی خەڵکی خۆیان بە هۆنگ کۆنگی دەزانن نەک بەچینی. بەپێی داتاییەکان لە (٧١%) خەڵکی هۆنگ کۆنگ دەڵێن شانازی ناکەن کە هاوڵاتی چینی بن، ئەوان هۆنگ کۆنگین. تەنها (١١%) پێیانوایە ئەوان چینین.
جیاوازییەکە گەورەیە بەتایبەتی لەنێو توێژی گەنجاندا ڕەتکردنەوەکان زیاترن و ئەوان لەدژی بەسەرداسەپاندنی یاسایەکانی چینن.
هۆنگ کۆنگیەکان پێیانوایە ئەوان یاسایەکانیان، باری کۆمەڵایەتی و، کەلتوری و ڕۆشنبیریان لە چین جیاوازە و، ئەو ڕاستیەش کە هۆنگ کۆنگ بۆ ماوەی (١٥٠) ساڵ لەژێر بەڕێوەبردنی کۆڵۆنیاڵدا بوە، جیابوە، ئەوەش دەرخەری ئەوەیە کە ئەوان خۆیان بە چینی ناناسێنن و دەڵێن هۆنگ کۆنگین.
لەو ساڵانەی تازەدا لە هۆنگ کۆنگ ناڕەزاییەکانی دژی چین زیاتربوون، بەشێک لەگروپە چالاکوانەکان داوایانکردوە هۆنگ کۆنگ سەربەخۆی خۆی هەبێ، کە ئەوەش بۆ حکومەتی پەکین زەنگێکی ئاگادارکردنەوە بوە.
بۆچی یاسای ڕادەستکردن دژایەتی دەکرێ:
بەپێی ڕاپۆرتەکە، هۆنگ کۆنگ لەگەڵ (٢٠) وڵاتدا لەنێویاندا بەریتانیا و ئەمەریکاش هەن کە پەیڕەوی یاسای ڕادەستکردنی تاوانباران دەکەن و هەماهەنگی دەکەن، بەڵام ئەوە بۆ نزیکەی دوو دەیەیە لەگەڵ چین لەگفتوگۆدان بۆ جێبەجێکردنی یاسای ڕادەستکردنیش لەگەڵ وڵاتەکەیان چیندا بەڵام بەردەوام ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری گەورەی لێکەوتۆتەوە.
بەرپرسانی هۆنگ کۆنگ دەڵێن دەستکاری بەشێک لە یاسایەکەیان کردوە بەڵام بۆ ئەوەی تاوانباران لێرە خۆیان نەشارنەوە پێویستە یاسای ڕادەستکردن کە لەلایەن چینەوە داواکراوە جێبەجێبکرێت.
ئەو یاسایە لەلایەن خەڵکی هۆنگ کۆنگەوە دژایەتی دەکرێ و ڕەخنەگران دەڵێن ئەگەر یاسای ڕادەستکردنەوەی تاوانبارن لەگەڵ چین جێبەجێبکرێ ئەوا ئەوان دەبنە ئامانجی سیستەمی دادوەری چین و لەژێر ئەو سیستەمەدا نادادی دادوەری و، ئازاردەدرێن و، چین حوکمیان بەسەردادەکات. هەروەها ترسیان هەیە کە خەڵکی هۆنگ کۆنگ بەهۆی جیاوازی سیاسی و، ئاینی و ئازادیەکانیانەوە ڕووبەڕووی یاسا و زیندانیکردن لەلایەن چینەوە بکرێنەوە.
گروپە چالاکوانەکان لە پارێزەران و، مامۆستایان و، چالاکوانانی مەدەنی و، دامەزراوەکانی دیکەی هۆنگ کۆنگ دەنگیان لەدژی ئەو یاسای ڕادەستکردنە بەچین بەرزکردۆتەوە و بەردەوامن لە خۆپیشاندانەکانیان، خۆپیشاندانەکان بونەتەهۆی تێکدان و پەککەوتنی خزمەتگوزارییەکان لە هۆنگ کۆنگ.
لەماوەی چەند حەفتەی رابردوودا ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوەداوە کە نزیکەی یەک ملیۆن کەس لەدژی یاسای ڕادەستکردن بەشداری خۆپیشاندانەکانیان کردوە، ئەگەر ئەو ئامارانە ڕاستبن ئەوا ئەو خۆپیشاندانە گەورەترینە لەدوای رادەستکردنەوەی هۆنگ کۆنگ بە دەسەڵاتی چین لەلایەن بەریتانیاوە لەساڵی (١٩٩٧) دا.

لایەنە نێودەوڵەتیەکان دەڵێن چی:
لەبارەی یاسایەی ڕادەستکردنەوە بەچین بەشێک لەوڵاتانی جیهانیش زەنگی ئاگادارکردنەوەیان داوەتە هۆنگ کۆنگ کە ئەو یاسایە لەبەرژوەندی ئۆتۆنۆمی هۆنگ کۆنگدا نیە.
ئەمەریکا لەمانگی ئایاری ڕابردوودا لەبارەی گۆڕانکاریەکانی ئەو دواییەی هۆنگ کۆنگ ئاماژەی بەوەداوە کە هۆنگ کۆنگ زیاتر دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی چینەوە و لەڕووی سیاسیەوە کاریگەری لەسەر ئۆتۆنۆمی هۆنگ کۆنگ دەبێت.
بەریتانیا و کەنەداش هەمان تێڕوانیان هەیە و لە ڕاگەێنراوێکدا نیگەرانی خۆیشیان نیشانداوە ئەو گۆڕانکارییە کاریگەری شاراوەی لەسەر هاوڵاتیانی بەریتانیایی و کەنەدایی لە هۆنگ کۆنگ دەبێ.
هەروەها یەکیەتی ئەوروپاش تێروانین و بایەخی خۆیان لە نوسراوێکدا لەسەر گۆڕانکاری لەو یاسایەدا بۆ سەرۆکی هۆنگ‌کۆنگ ناردوە.
شیاوی باسکردنە، لەمانگی نیسانی ڕابردوو هۆنگ کۆنگ یاسای ڕادەستکردنی تاوانبارانی پێشکەشکرد کە ڕێگادەدات خەڵکی ئەوانەی تاوانیان دژی چین ئەنجامداوە ڕادەستبکرێنەوە.
ڕەخنەگران گوتیان ئەوانەی ڕادەستی وڵاتەکەیان چین دەکرێنەوە لەژێر سیستەمی دادوەری چیندا ڕووبەڕووی نادادوەری دادگایەکان و توندوتیژی دەبنەوە و، وە لەو باوەڕەدابوون کە چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسان دەکرێنە ئامانج.
خۆپیشاندانەکان لەو کاتەوە درێژەیان هەیە، وێڕای ئەوەی بەشێک لەیاسایەکە دەستکاریکراوە و، هەروەها بەرپرسان دەڵێن دوابڕیاریش لەسەر ڕادەستکردنەوەکە لەژێر دەستی هۆنگ کۆنگدایە بەڵام خۆپیشاندانەکان دانەمرکاونەوە و، داوای چاکسازی زیاتر دەکەن.
هۆنگ کۆنگ پێگەیەکی تایبەتی هەیە و، ناوچەیەکی گەشتیاری گرنگ و بەناوبانگە و ئابورییەکی گەشەسەندووی هەیە،وە کەرتی گەشتیاری نزیکەی (٥%)ی ئابوری هۆنگ کۆنگ پێکدێنێت. بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە زیانی گەورەی ئابوری بە هۆنگ کۆنگ کەوتوە و، ڕێژەی گەشتیاران کە لەشەش مانگی یەکەمی ئەو ساڵدا نزیکەی (٢٧) ملیۆن کەس بوە، ئێستا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەهۆی ناسەقامگیری و خۆپیشاندانە بەردەوامەکانەوە دابەزیوە.
هۆنگ کۆنگ دەستور و یاسا بنەڕەتیخۆی هەیە، وە هەتا (٢٨) ساڵی دیکە واتە تاوەکو ساڵی (٢٠٤٧) دا ئەو یاسایە کاری پێدەکرێ و دوای ئەوە کۆتایی پێدێت، لەنێو دەستوەردانەکانی چین لەسەر هۆنگ کۆنگ و، باڵادەستیەکەی بۆ کەمکردنەوەی دەسەڵات و مافەکانی هاوڵاتیانیان لەدواڕۆژدا و لەدوای ئەو وادەیە چ بەسەر ئۆتۆنۆمیەکەی هۆنگ کۆنگدا دێت جارێ دیار نیە.
سەرچاوە: بی‌بی‌سی

© 2017 Hawler