ئاب 26, 2019

فەنزوێلا گرژییەكانی توركیا و ئەمریكا قوڵتر دەكاتەوە

راوێژكاری ئاساییشی نەتەوەی ئەمریكا، هەڕەشە لەو وڵاتانە دەكات كە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ فەنزوێلادا دەكەن، هەروەها دەڵێت ئەوەی پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ ئەو وڵاتەدا ببەستێت، دەكەوێتە بەر سزای ئەمریكا، چونكە حكوومەتی ئێستای فەنزوێلا شەرعییەتی نەماوە.

ژۆن بۆڵتۆن راوێژكاری ئاساییشی نەتەوەیی ئەمریكا، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هێڕشی توندی كردە سەر (نیكۆلاس مادوورۆ) سەرۆكی فەنزوێلا و گوتی دەست بەسەر هەموو موڵك و ماڵی دەگیرێت لە ئەمریكا، هەروەها داوای لە وڵاتان كرد، بە هەموو شێوەیەك پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ فەنزوێلادا بپچرێنن، بە پێچەوانەوە ئەمریكا سزای ئەو وڵاتە دەدات كە پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ مادوورۆدا دەبەستێت.
وەزیری دەرەوەی روسیا بە پەلەیی وەڵامی ئەمریكای دایەوە و، گوتی ئێمە ئامادەی هەموو هاوكارییەكی فەنزوێلاین و پەیوەندی بازرگانیان لەگەڵدا نابڕین.
بەڵام توركیا تاوەكو ئێستا هیچ لێدوانێكی فەرمی نەداوە و، نەیگوتوە كە دەچێتە ژێر باری بڕیارەكانی ئەمریكا لەبارەی فەنزوێلاوە یان نا؟
رەجەب تەییب ئەردۆغان، پەیوەندی دۆستانەی لەگەڵ مادوورۆدا هەیە، هەروەها كاتێك سەردانی ئەو وڵاتەی كرد، چەندین گرێبەستی بازرگانی لەگەڵ ئیمزا كرد. یەكێك لەو گرێبەستانە چوونی چەند كۆمپانیایەكی توركییە بۆ فەنزوێلا و تا بتوانن ئاڵتون لەو وڵاتە بدۆزنەوە و پاشان ئاڵتونەكە بفرۆشنەوە.
هەروەها هەردوو وڵات بڕیاریاندا كە ئاڵوگۆری بازرگانی لە نێوانیاندا بگەییەننە ئاستێكی بەرز كە نزیك ببێتەوە لە ١٠ ملیار دۆلار لە ساڵێكدا.
ئەگەر توركیا نەچێتە ژێر باری بریارەكانی ئەمریكاوە لەبارەی فەنزوێلا، ئەگەر زۆرە گرژییەكانی نێوان توركیا و ئەمریكا زیاتر تەشەنە بكات و ئەمریكاش سزای ئابووری توركیا بدات، چونكە راوێژكاری ئاشاییشی نەتەوەیی ئاماژەی دا، كە شتێك نەماوە بۆ گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن و هەر وڵاتێك پەیوەندی بازرگانی لەگەڵ فەنزوێلادا هەبێت، با چاوەڕێی سزاكانی ئەمریكا بكات.
ماڵپەڕی (سۆل)_ی توركی ئاماژەی داوە، كە پێدەچێت توركیاش هەمان هەڵوێستی روسیای هەبێت و پشت لە ئەمریكا بكات و روو لە فەنزوێلا.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler