ئاب 26, 2019

بەشداری لە هیچ ئەرکێكی ئەمریکا تایبەت بە هورمز ناکەین

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا رایگەیاند: وڵاتەکەی بەشداری لە هیچ ئەرکێکی ئەمریکا تایبەت بە ناوچەی گەرووی هورمز ناکات.

مایک پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا چەند رۆژێك لەمەوبەر رایگەیاند: ئیدارەی ترەمپ لەوە دڵنیاییە وێڕای نەبوونی کۆدەنگی لەسەر بەشداریکردن لە هاوپەیمانیێتییەکە، هاوپەیمانە ئەوروپی و ئاسیاییەکانمان دواجار بەشداری لەو ئەرکەدا دەکەن. له‌ به‌رانبه‌ردا و بەپێی میدیاکانی ئەڵمانیا ئیدارەی ئەمریکا بەفەرمی داوای لە ئەڵمانیا کردووە بەشداربێت لە پاراستنی جموجۆڵی کەشتییەکان لە گەرووی هورمز. لەنوێترین وەڵامی فەرمیشدا سەبارەت بە دەستپێشخەرییەکەی ئیدارەی ترەمپ تایبەت بە پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکانی کەنداو لە ناوچەی گەرووی هورمز، هایکۆ ماس رایگەیاند: ئەڵمانیا بەشداری لە ئەرکە دەریاییەکەی ئەمریکا تایبەت بە پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمزدا ناکات.
هایکۆ ماس، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی "ئەڵمانیا دەیەوێت خۆی لە هەڵکشانی زیاتری گرژییەکانی ناوچەکە بەدووربگرێت. کێشەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست و کەنداو پێویستیان بە چارەسەر سەربازی نییە".
لەئاکامی دەستبەسەرداگرتنی کەشتییە نەوتییەکانی یەکدی لەلایەن بەریتانیا و ئێرانەوە، ئیدارەی ترەمپ پێشنیازی پێکهێنانی هێزێکی دەریایی کرد، کە رێڕەوە ئاوییەکانی گەرووی هورمز لە ناوچەی کەنداو بپارێزێت.
تاوەکو ئێستا جگە لە بەریتانیا، زۆربەی وڵاتانی ئەوروپا و ئاسیا بڕیاری بەشداریکردنیان لەو هێزە دەریاییەدا نەداوە.

© 2017 Hawler