ئاب 11, 2020

کریستینا گۆرگیفا دەبێتە سەرۆکى سندووقى دراوى نێودەوڵەتى

حکومەتەکانى نێو یەکێتیى ئەوروپا دواى گفتوگۆیەکى 12 کاتژمێرى لە ڕۆژى هەینیدا، "کریستیڤا گۆرگیفا"ى وەک بەربژێر بۆ سەرۆکایەتیکردنى سندووفى دراوى نێودەوڵەتى هەڵبژارد. گۆرگیفاى تەمەن 66 ساڵ پشتیوانیى زۆرینەى بیست و هەشت دەوڵەتەکەى یەکێتیى ئەوروپاى بەدەستهێنا، بەمەیش لە دوو گەڕى دەنگدان و دانووستانى دوورودرێژى نێو یەکێتییەکەدا، لە "یەروین دیسلبلوک"ى ڕکابەرە هۆڵەندییەکەى بردەوە.

ماریۆ سێنتینۆ، کە سەرۆکایەتیى ئەنجومەنى وەزارەتیى دارایى کۆمەڵەى یۆرۆ دەکات، پیرۆزبایى لە گۆرگیفا کرد و وتى: ''پیرۆزبایى لە گۆرگیفا دەکەم کە بەربژێرى ئەوروپییە بۆ سەرۆکایەتیکردنى سندووقى دراوى نێودەوڵەتى. بۆ ڕووبەڕووبوونەوەى بارگرژییە جیهانییەکان، پێویستە پشتیوانى لە سندووقى دراوى نێودەوڵەتیى بکرێت وەک ڕەمزى فرەیى''.
گۆرگیفا کە بە ڕەگەز بولگارییە، ڕایگەیاند بۆ ماوەیەکى کاتیى دەستبەردارى بەرپرسیارێتییەکانى دیکەى لە بانکى نێودەوڵەتى دەبێت، چونکە ئێستا بۆتە بەربژێرى یەکێتیى ئەوروپا بۆ سەرۆکایەتى سندووقى دراوى.
لە توویتێکیشدا لە توویتەر ڕایگەیاند، دواى ڕاوێژ و ڕاگۆڕینەوە لەگەڵ سەرۆکى لیژنەى ئەخلاقیاتى بانکى نێودەوڵەتى، داواى مۆڵەتیى ئیداریى کردووە تاوەکو لەو ماوەیەدا بە کاروبارى بەربژێرییەکەیەوە بۆ سندووقى دراوى نێودەوڵەتى، سەرقاڵ بێت.
لەم ماوەیەدا چەندین ژنى دیکە لە یەکێتیى ئەوروپا بۆ پۆستە گرنگە لۆکاڵى و جیهانییەکان کاندید کراون، لەوانەیش "کریستین لاگارد" بۆ سەرۆکایەتیى بانکى ناوەندیى ئەوروپا، و "ئۆرسولا فۆن دێر لاین" بۆ سەرۆکایەتیى کۆمسیۆنى ئەوروپا.

سەرچاوە:
https://arabic.euronews.com/2019/08/03/the-eu-nominates-cristalina-georgieva-to-head-the-international-monetary-fund

© 2017 Hawler