ئاب 26, 2019

ئه‌مریكا به‌فه‌رمی له‌ ڕێككه‌وتنامه‌ی ئای ئێن ئێفی ناوه‌كی له‌گه‌ڵ روسیا ده‌كشێته‌وه

ه‌پێی هه‌واڵێكی بی بی سی، ئه‌مریكا به‌ شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له‌ ڕێككه‌وتنامه‌ی ئای ئێن ئێفی ناوه‌كی له‌گه‌ڵ روسیا ده‌كشێته‌وه‌، ئه‌و رێككه‌وتنه‌ له‌ساڵی 1987 دا له‌لایه‌ن سه‌رۆكی ئه‌وكاته‌ی ئه‌مریكا رۆناڵد ڕیگان و میخایل گۆرباچێڤی سه‌رۆكی یه‌كگرتووی سۆڤیت واژۆیان له‌سه‌ركردبوو.

به‌گوێره‌ی رێككه‌وتنه‌كه‌ دروستكردنی مووشه‌كی مه‌ودا مامناوه‌ند كه‌ مه‌وداكه‌ی له‌ نێوان 500 بۆ 5.500 كیلۆمه‌تردا بێت قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت.
به‌ڵام سه‌ره‌تای ئه‌مساڵ ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانی ناتۆ روسیایان تۆمه‌تباركرد به‌وه‌ی پێشێلكاری ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی كردووه‌ به‌ دروستكردنی موشه‌كێكی نوێ له‌ جۆری كروز، مۆسكۆش ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ڕه‌تكردبوه‌وه‌.
ئه‌مریكییه‌كان رایانگه‌یاندووه‌، ئه‌وان به‌ڵگه‌یان هه‌یه‌ كه‌ روسیا په‌ره‌ی به‌ چه‌ند موشه‌كێكی جۆری 9 ئێم 729 كردووه‌ كه‌ ناتۆ به‌ مووشه‌كی ئێس ئێس سی ـــ 8 ناوی ده‌بات، دواجار ئه‌و تۆمه‌تانه‌ درایه‌ هاوپه‌یمانه‌كانی واشنتۆن له‌ ناتۆ دواتر هه‌موویان هاوڕابوون له‌سه‌ر ئه‌و تۆمه‌ته‌ی ئه‌مریكا.
هاوكات مایك پۆمپیۆ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مریكا، له‌ لێدوانێكدا گوتی، "روسیا به‌ته‌نها به‌رپرسه‌ بۆ نه‌مانی ڕێككه‌وتنامه‌كه‌"، هه‌روه‌ها گوتیشی به‌ پشتگیری ته‌واوی هاوپه‌یمانه‌كانمان له‌ ناتۆ ئه‌مریكا بڕیاری داوه‌ و روسیا پێشێلكاری له‌ رێككه‌وتنه‌كه‌ كردووه‌ و له‌ئه‌نجامدا پابه‌ندیه‌كانمان ڕاگرتووه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌.
وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا رایگەیاند، حكومەتی واشنتن بە گرنگی دەزانێت سیستەمێكی نوێ بە مەبەستی چاودێریكردنی چەك لە جیهاندا دابنرێت، داوا لە هەریەك لە روسیا و چین-یش دەكات بەشداربن.
پاش راگەیاندنەكەی مایك پۆمپیۆ، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا سەبارەت بە كشانەوەی وڵاتەكەی لە پەیماننامەی ئەتۆمی نێوان ئەمریكا-روسیا، وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتە رایگەیاند "دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتوەكانی ئەمریكا پەیمانیداوە لەبواری سنورداركردنی چەكدا لاپەڕەیەكی نوێ هەڵبداتەوە".
ئاماژە بەوەشكراوە "لە ئێستاوە حكومەتی واشنتن داوا لە هەریەك لە روسیا و چین دەكات سود لەم هەلە وەربگرن و لەپێناو بەدەستهێنانی ئاسایش و سەقامگیری گەلەكانمان و تەواوی جیهان لە پڕۆسەی نوێی سنورداركردنی چەك لەگەڵ ئەمریكادا هەماهەنگی بكەن".
جێی وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا له‌ مانگی شوباتی ڕابردوو هۆشداری دابووه‌ روسیا له‌ ڕێككه‌وتنامه‌كه‌ ده‌كشێته‌وه‌ ئه‌گه‌ر روسیا پابه‌ند نه‌بێت پێیه‌وه‌ی، هه‌روه‌ها دوینی 2ی ئاب وه‌ك دوایین به‌روار بوو بۆ پابه‌ندبوون به‌ رێككه‌وتنه‌كه‌وه‌.
پاش ماوه‌یه‌كی كه‌م له‌ هۆشدارییه‌كانی ئه‌مریكا ڤیلادمیر پوتین پابه‌ندبوونی روسیای راگرت به‌و ئه‌ركانه‌ی كه‌ پێی سپێردرابوو كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌دایه‌.

© 2017 Hawler