ئاب 26, 2019

ئایا لە شەڕی یەمەن هیچ بەدەستهاتووە؟

لەماوەی ڕابردوودا بەشێک لەهێزەکان لەشەڕی یەمەن کشانەوە بەڵام شەڕ لەیەمەن تاوەکو ئێستا بەردەوامی هەیە و ئاشتی دروستنەبوە. شەڕی یەمەن بەیەکێک لەقەیراناویترین شەڕەکانی ئەو ماوەیەی ڕابردوو دەناسرێت کە کێشە و قەیرانی گەورەی مرۆیی بەدوای خۆیدا هێناوە و، وە لایەنەکانی شەڕ دەڵێن تاوەکو ئێستا سەرکەوتن بەدەستەوە نەهاتوە، وە ئاشتیش ئاسان نابێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) شەڕی یەمەن لە پێنجەمین ساڵیدایە و بە خراپترین قەیرانی مرۆیی سەردەم دادەنرێت، کە لەو ماوەیەدا خەڵکێکی زۆری تێدا بۆتە قوربانی لەنێوان زیاتر (١٠) هەزار بۆ زیاتر (٧٠) هەزار کەس لە یەمەن کوژراون.
بەپێی داتایەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان بۆ کاروباری مرۆیی، زیاتر لە (٣٠) بەرەی شەڕکردن لەیەمەن هەیە، کە زیاتر لە (٣،٣) ملیۆن کەس ئاوارەبوون، ئێستا (٨٠%) ی دانیشتوانی یەمەن پێویستیان بەیارمەتی مرۆیی و پارێزگاریلێکردن هەیە، کە (١٠) ملیۆن یەمەنی لەو کاتەی ئێستادا بەبەردەوامی پشت بەخۆراکی تیمە فریاگوزارییەکان دەبەستن.
یەمەن بۆ خۆی یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکانی جیهانی عەرەبی، وە ئەو قەیرانەی شەڕ و ئاڵۆزییەکانیش هێندەی دیکە قورسایی خستۆتەسەر باری ژیان و ئابوری ئەو وڵاتە و بەرەو کارەساتی گەورەی ئابوری بردوە.
ڕەوشی شەڕ لەیەمەن لەوساڵدا سنورەکانی ئەو وڵاتەشی تێپەڕاندوە و چۆتە دەرەوەی ئەو وڵاتە، حوسیەکان دڕۆن و موشەکیان لەبەردەستدایە و بەرەو عەرەبستان دەیاننێرن، وە چاودێری کەشتیە نەوتیەکانی دەریای سوور دەکەن و، زۆرجار مەترسین بۆ سەر گواستنەوەی نەوت لەو ناوچەیەدا، وە ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە دەتوانن لە (ڕیاز) ی پایتەختی عەرەبستان ئامانج دیاریکەن و بیپێکن.
تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی شەرعی یەمەن، حکومەتی یەمەنە کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە ناسراوە و ئیمارات و عەرەبستانیش پاڵپشتی لێدەکەن، ئەو شەڕەی یەمەن هەمیشە لەبەرئەوەی بوە کە نەهێڵن ئەو حوکمە بڕوخێت و بەئەوانەی شەڕی لەدژی دەکەن جێی بگرێتەوە کە کەمینەن لەیەمەن و حوسیەکانن وە پەیوەستن بەئێرانەوە، بۆیە هاوپەیمانەکانی یەمەن لەو ڕێگریکردنە سەرکەوتووبوون بەڵام بەقوربانیدانی خەڵکی یەمەن و باجەکەی ئەوان داویانە.
شەڕەکەی یەمەن لەگەڵ دەستپێکردنی کەمپەینی هەوایی عەرەبستان لە ئازاری (٢٠١٥) ەدا هەڵنەهایساوە، بەڵکو شەش مانگی پێش ئەوە دەستیپێکرد کاتێک حوسیەکان سەنعای پایتەختیان گرت و حکومەتی شەرعی یەمەنیان لەوێ دەرکرد.
دوای ئەوە زۆری نەبرد حوسیەکان بەشێکی زۆری یەمەنیان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە، بۆ عەرەبستانیش کە ئێران نەیارێکی هەرێمیە و پاڵپشتی گەورەی حوسیەکانیشە نەدەکرا هەروا تەماشای ئەو شەڕە بکات و دەستەوەستانبێت کاتێک بەرەی باشوری لەمەترسیدایە.
لەسەرەتاوە، بەرپرسانی بەرگری عەرەبستان لەو باوەڕەدابوون وە متمانەی زۆریان هەبوو کە بەچەند مانگێک ئەو شەڕە کۆتایی پێدێنن و سەرکەوتن تۆماردەکەن، یان لانیکەم حوسیەکان ناچاردەکەن ئاشتی هەڵبژێرن بەڵام لەکاتی کەمپەینەکانەوە ئەوە چوار ساڵ زیاترە و هێشتا کەمپینی هێرشە هەواییەکانیان درێژەیان هەیە، ئەگەرچی کەم تا زۆر قسە و گفتوگۆی ئاشتی لەنێوان لایەنە شەڕکەرەکانی یەمەندا هەبوە بەڵام هێشتا لەیەمەن ئاشتی بەرپانەبوە.
کەواتە دەکرێ بگوترێ شەڕ هیچی بەدەستنەهێناوە؟ ئەوە بەدڵنیایەوە بڕوای بەشێک لە جیهانە لەبارەی شەڕی یەمەنەوە.
ئیماڕاتی عەرەبی وەختێک نزیکەی (٧ هەزار) سەربازی لەناو یەمەندا هەبوو، بەڵام ئێستا کەمیکردونەوە بۆ چەند سەد سەربازێک و زۆرینەی هێزەکەی کێشاوەتەوە، عەرەبستان و هاوپەیمانەکانی یەمەنی بەجێهێشتون بەشەڕی حوسیەکان کە تاوەکو ئێستا ناو پایتەخت و دەروبەری و بەشی باکوریان بەسەختی دەستەبەسەرداگرتوە.
ئیماراتی عەرەبی وایدەبینی بەشداریکردنی لەو شەڕەدا یارمەتیداوە چەند دەستکەوتێک بەدەستبهێنێت، بۆ نمونە ڕێگای گرتوە لە حوسیەکان کە هەموو وڵات بگرن، وە نەیانهێشتوە گەرووی بابولمەندەب بکەوێتە ژێر کۆنتڕۆڵی ئێرانەوە کە شوێنێکی ستراتیژیە لەو ناوچەیەدا و هاتوچۆی لەسەرە، هەروەها لەو ماوەیەدا زۆربەی یەمەنیان ڕزگارکردۆتەوە و نەیانهێشتوە قاعیدەش لە نیمچە دورگەی عەرەبی گەشەبکات.
بەڵام بۆ عەرەبستان دۆخەکە جیاوازترە، ئەوان بە ملیارەها ڕیاڵیان خستۆتە خزمەتی ئەو شەڕەوە و، کەچی ئێستا شارۆچکەکان و فڕۆکەخانەکانی خۆیان لەبەر هەڕەشەی موشەک و دڕۆنەکانی حوسیەکاندان.
(مایکڵ ستیڤنس) شارەزای کەنداو لە پەیمانگای خزمەتگوزارییەکانی شانشینی یەکگرتوو (سینک تانک) لە لەندەن دەڵێ، ئەو شەڕە بۆ عەرەبستانیش وەکو یەمەن زیانباربوە. شەڕەکە سودێکی کەمی بۆ عەرەبستان تێدابوە و بەشێوەیەکی ستراتیژی لەوەتەی (٢٠١٥) ەوە پێگەی لاواز کردوە.
وە لەبەرانبەردا بۆ ئیمارات قازانجی زیاتربوە، ئەوان توانیویانە چەند ئامانجێکی تاکتیکی و سیاسی بەدەستبهێنن و پێگەی خۆیان لەنێو هێزە هەرێمایەتیەکانی ناوچەکەدا بەهێزتربکەن.
لەکاتی ئێستادا گفتوگۆیەکانی ئاشتی بۆ یەمەن کە کۆتایی ساڵی پار لە ستۆکهۆڵمی سوید ئەنجامدران و هیوایەکی زۆریان لەسەر هەڵچنرابوو دەستکەوتیان نەبوە، نەئاشتی درێژخایەنیان بەدوای خۆیداهێنا و، وە نەئاگربەستی درێژخایەنیشیان پێ دروستبوو.  بەشێکی دیکەی شارەزایان دەڵێن هەرچی بەدەستهاتوە یان لەدەستچوە لەیەمەن، ئەوە کێشە و قەیران و کارەساتەکانی یەمەنن کەبەردەوامن و درێژەیان هەیە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler