ئاب 26, 2019

ئـاوارە سوورییەكان لە شــارە گەورەكانی توركیا دەستگیردەكرێن و رەوانەی كەمپ دەكرێنەوە

توركیا هەڵمەتی دەستگیركردی ئاوارە سوورییەكانی لە شارە گەورەكانی توركیا دەست پێ كردوە، دوای دەستگیركردنیشی دەیانێرێتەوە ئەو كەمپەی ناوی خۆیان وەكو ئاوارە لێی تۆمار كردوە، بەڵام ئەو ئاوارە سوورییانە دەڵێن ئێمە لە برسان لە كەمپ رامان كردوە، كەچی ئێستا دەماننێرنەوە ئەو شوێنەی برسی بووینە تێیدا.

لە ئیستەنبۆڵ زیاتر لە یەك ملیۆن ئاوارە سووری سووری هەیە كە ناوی خۆیان لەو شارە وەكو ئاوارە تۆمار نەكردوە، بەڵكو لە كەمپەكانی توركیا هاتوونەتە دەرەوە و بۆ خۆیان كار دەكەن و بژێوی ژیانیان دابین دەكەن. سەرەتاش توركیا چاوپۆشی بەو رەفتارەی ئەو ئاوارانە كرد، بەڵام ئێستا دەستگیریان دەكات و ناچاریان دەكات بگەڕێنەوە بۆ ئەو كەمپەی یەكەم جار ناوی خۆیان وەكو ئاوارە تێیدا تۆمار كردوە.
توركیا هەمیشە نازی بەسەر جیهانەوە دەكرد، كە توانیویانە زیاتر لە ٣ ملیۆن ئاوارەی سووری بە خۆیانەوە بگرن و بەخێویان بكەن. چەندین جار ئەردۆغان لە وتارەكانیدا ئاماژەی داوە كە توركیا پەناگەی هەموو كەسێكی بێلانەیە و تاوەكو ئێستا ٣٠ ملیار دۆلاریان لەو ئاوارە سوورییانە خەرج كردوە، بەڵام دەركەوت ژیانی ئاوارە سوورییەكان كۆیلایەتییە نەك مرۆڤایەتی.
ماوەی ٢ هەفتە دەبێت، توركیا هەڵمەتی دەستگیركردنی ئاوارە سوورییەكانی دەستپێكردوە، واتە ئەو ئاوارەیەی ناوی لە هەر كەمپێك تۆمار كردبێت دەیگێرنەوە ئەو كەمپە.
لەو ٣ ملیۆن ئاوارەیە زۆربەیان لە كەمپەكاندا نەماون و بۆ كاركردن روویان لە شارە گەورەكانی توركیا كردوە، وەكو (ئیستەنبۆڵ، ئەنتاڵیا، ئەنكەرا، ئیزمیر)، دیارە بۆ بژێوی ژیانیان لە كەمپ نەماون و بە دوای ژیاندا گەڕاون.
زۆربەی ئاوارە سوورییەكان كاتێك باس لەو هەڵوێستەی توركیا دەكەن، دەڵێن ئێمە لە خۆشی خۆمان نەهاتووین بۆ ئیستەنبۆڵ، بەڵكو ئێمە لە برسان هاتوین، چونكە لە كەمپدا ژیانێكی ناخۆش و كۆیلایەتیمان هەیە.
یەكێك لە ئاوارە سوورییەكان كە نەیویستوە ناوی ئاشكرا بكرێت دەڵێت ”كە هاتم بۆ ئیستەنبۆڵ بۆ ماوەی ٦ مانگ لەگەڵ ٩ سەر خێزانم نان و ئاومان خواردوە و بۆ ماوەیەكی زۆریش لەسەر شەقامەكاندا نووستوین، ئێستا كەمێك خۆمان رێكخستوە، كەچی دەماننێرنەوە بۆ كەمپ، ئێمە خۆمان لە بەر برسییەتی كەمپ رامان كردوە، ئەگەر بمانگێرنەوە برسی دەمێنینەوە“.
باشە توركیا بە چی ٣٠ ملیار دۆلاری لەو ئاوارانە خەرج كردوە، ئاخر ئەوان بە دەنگی بەرز هاوار دەكەن لە برسان كەمپیان جێ هێشتوە و لە شارە گەورەكانیش وەكو كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن و لە بەیانییەوە تا ئێوارە تەنیا بایی ئەوە پەیدا دەكەن كە بژین، ئیتر نازكردنی ئەو وڵاتە بەسەر جیهاندا كە رێز لە ئاوارە دەگرێت لە كوێیە؟
هەموو وڵاتێك پێشێلی مافی ئاوارە بكات توركیا نابێت ئەو كارە بكات، چونكە لە دوای كودەتایەكەی ١٩٨٠، بە دەیان هەزار تورك ئاوارەی ئەڵمانیا بوون، لەوێ ئەڵمانیا تا ماوەیەكی زۆر وەكو كۆیلە كاری پێ دەكردن و مافی خۆشیان وەكو پێویست وەرنەدەگرت، بەڵام ساڵان هات و چوو، هاووڵاتی ئەڵمانی و توركی لە ئەڵمانیا هیچ جیاوازییەكیان نەما، تەنانەت لە زۆرێك لە وڵاتانی ئەوروپا، پەنابەرە توركەكان هەموو مافێكیان هەیە و هیچ جیاوازییەكیان بەرامبەر ناكرێت، بۆیە شەرمە توركیا لە وڵاتی خۆی پێشێلی مافی پەنابەر بكات.
لە ئیستەنبۆڵ بچیت بۆ هەر شوێنێك دەبینیت ئاوارەیەكی سووری كاری تێدا دەكات، كاتێك قسەی لەگەڵدا دەكەیت، باس لە ئازار و مەینەتییەكانی خۆی دەكات لە ئیستەنبۆڵ، چونكە یاسای كاریان بەسەردا جێبەجێ ناكرێت. تەنانەت چەند رۆژنامەیەكی توركی باس لەوە دەكەن، كە بەشێكی ئەو ئاوارانە بۆ بژێوی ژیانیان دەستیان داوەتە كاری لەشفرۆشی.
توركیا ئەگەر بیەوێت رێز لە پەنابەر بكرێت، پێویستە بژێوی ژیانیان دابین بكات و رێگە نەدات مافی ئاوارە پێشێل بكرێت، ئاخر لە روحا و عەنتاب بە دەیان پیاوی تورك بە دزی حكوومەتەوە كچی ئاوارەی سووریان لە خۆیان مارە كردوە كە بە كچیان دەشێت، هۆكارەكەشی ئەوەیە كە خانەوادەی ئەو كچە ئاوارانە لە كەمپەكاندا بژێوی ژیانیان پێ دابین ناكرێت، بۆیە ناچارن كچەكانیان بفرۆشن.
ئەوەی پێی وابێت توركیا رێز لە ئاوارە دەگرێت بە هەڵەدا چوە، چونكە وەكو كۆیلە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن و، دوای ئەوەی دووچاری قەیرانی داراییش بوونەتەوە، بە بێ گوێدانە هیچ بنەمایەكی مافی تاك و ئاوارەیی، قۆڵبەستیان دەكەن و دەیانگێڕنەوە بۆ ئەو كەمپەی كە زیندانییەكی گەورەیە بۆ ئەو ئاوارە سوورییانە، لە كاتێكدا خۆیان لە زیندانی سووریا رایانكردوە و بە دوای ژیانێكی شەریفانەدا دەگەڕێن.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler