ئاب 11, 2020

جارێكی دیكه‌ فڕۆكه ‌سیخوڕییه‌كانی ئه‌مریكا چوونه‌‌ نێو ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی فه‌نزویلا

به‌پێی هه‌واڵێكی سپوتنیكی روسی،، ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا جارێكی دیكه‌ فڕۆكه‌ی سیخوڕیان چووه‌ نێو ناوچه‌ كۆنتڕۆڵكراوه‌كانی فه‌نزویلا.

فه‌رمانده‌یه‌كی سوپای فه‌نزویلا له‌ تویتێكدا بڵاوی كردۆته‌وه‌ و رایده‌گه‌یه‌نێت: ئه‌مریكا ڕێككه‌وتنامه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و ئاسایشی فڕین ئه‌تك ده‌كات و هه‌روه‌ها نوسیویه‌تی ئه‌مریكا به‌رده‌وامه‌ و به‌ ئاشكرا سه‌روه‌ری وڵاتمان پێشێڵ ده‌كات.
ئه‌مه‌ یه‌كه‌م جار نییه‌ ئاسمانی وڵاتی فه‌نزویلا له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا ببه‌زێنرێت، هه‌فته‌ی پێشوو وه‌زاره‌تی به‌رگری فه‌نزوێلا رایگه‌یاند: به‌زاندنی ئاسمانی وڵاتمان له‌لایه‌ن فڕۆكه‌كانی ئه‌مریكا وه‌ك هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی جدی ته‌ماشا ده‌كه‌ین.
جێی ئاماژه‌یه‌ له‌ 15 كانوونی دووه‌می 2019، بارودۆخی وڵاتی فه‌نزوێلا به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو تێكچوو و به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وت ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه‌ ئه‌و وڵاته‌ له‌ قه‌یرانی داراییدایه‌ و ئۆپۆزیسیۆنیش دۆخی خراپی دارایی خسته‌ ئه‌ستۆی مادۆرۆ و هاووڵاتیان له‌ شاری كاراكاسی پایته‌خت و زۆربه‌ی شاره‌كانی دیكه‌ی ڤه‌نزوێلا خۆپیشاندانیان كردووه‌ و دوای یه‌ك رۆژ له‌ خۆپیشاندانه‌كه‌ خۆان گوایدۆ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی ڤه‌نزوێلا خۆی به‌ سه‌رۆكی وڵات ناساند.
له‌ رۆژانی 3 و 4ی شوباتی 2019، وڵاتانی فه‌ره‌نسا و سوید و به‌ریتانیا و ئه‌لمانیا و ئیسپانیا رایانگه‌یاند كه‌ خۆان گوایدۆ وه‌ك سه‌رۆكی فه‌رمی وڵاتی ڤه‌نزوێلا هه‌ژمار ده‌كه‌ن.

© 2017 Hawler