ئاب 11, 2020

توركیا بۆ ئەمساڵ پێشوازی لە ٦٠ ملیۆن گەشتیار دەكات

سەرەڕای قەیرانی دارایی كە بەشێكی زۆری وڵاتان دووچاری بوونەتەوە، بەڵام سێكتەری گەشتیاری بەردەوام لە گەشەسەندندایە، بە تایبەت بۆ وڵاتی توركیا كە ساڵانە نزیكەی ٥٠ ملیۆن گەشتاری بیانی رووی تێ دەكات. بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئیستەنبۆڵ سێیەم شار بوە لە تەواوی ئەوروپادا كە زۆرترین گەشتیاری بیانی رووی تێ كردوە.

رۆژنامەی (سۆزجو)_ی توركی، لە راپۆرتێكدا لەبارەی سێكتەری گەشتیاری لە توركیا چەند زانیارییەكی ئاشكرا كردوە. ئەو رۆژنامەیە باس لە شاری ئیستەنبۆڵ دەكات كە جوانی شارەكە وای كردوە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان گەشتیار رووی تێ بكات.
رۆژنامەكە بە پشت بەستن بە چەند سەرچاوەیەكی دامەزراوە گەشتیارییەكانی توركیا و ئەوروپا، بڵاوی كردوەتەوە لە تەواوی جیهاندا و بۆ ساڵی ٢٠١٨ ئیستەنبۆڵ نۆیەم شار بوە لە جیهاندا كە زۆرترین گەشتیار رووی تێ كردوە، بەڵام لە ئەوروپا سێیەم شار بوە كە زۆرترین گەشتیار رووی تێ كردوە.
هەر لە هەواڵەكەدا هاتوە، بۆ ئەمساڵ و ٢٠١٨ زۆرترین گەشتیار وڵاتی روسیا بوە كە سەردانی توركیایان كردوە، بەڵام گەشتیاری ئەڵمانی زۆرترین پارەی لە توركیا خەرج كردوە كە هەر گەشتیارێك نزێكەی ٧٤٠ دۆلاری خەرج كردوە.
هەر بە گوێرەی زانیارییەكانی رۆژنامەی ناوبراو، ئەنتاڵیاش یەكێكە لەو شارانەی كە گەشتیارێكی زۆر رووی تێ دەكەن و بۆ ئەمساڵ و ٢٠١٨ ئەنتاڵیا توانیویەتی لە ریزبەندی چوارەم شاری ئەوروپا بێت كە زۆرترین گەشتیار رووی تێ كردوە.
وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیا وەكو ئەوەی لە پێگەی خۆیان لە تویتەر بڵاویان كردوەتەوە پلانیان داناوە بۆ ئەمساڵ بتوانن پێشوازی لە ٦٠ ملیۆن گەشتیار بكەن، لە ٦ مانگی یەكەمی ئەمساڵیشدا پلانەكە وەكو خۆی جێبەجێ كراوە و تاوەكو ئێستا زیاتر لە ٣٠ ملیۆن گەشتیار رووی لە توركیا كردوە.
زۆرترین گەشتیار لە توركیا رووی لە ئیستەنبۆڵ كردوە، بە گوێرەی زانیارییەكانیش لە ٢٠١٨ ژمارەی گەشتیارانی ئیستەتبۆڵ ٣٠ ملیۆنی تێپەڕاندوە و ئیستەنبۆڵ ٦٠٪ی تەواوی رێژەی گەشتیاری توركیای پێك هێناوە.
هەروەها گەشتیارانی روسی زۆرترین شوێن لە توركیا كە گەشتیان بۆی كردبێت، شاری ئەنتاڵیایە و بە پلەی دووەم بۆ روسەكان شاری ئیستەنبۆڵ دێت.
شارۆچكەی كەمەر كە سەر بە ئەنتاڵیایە، تەواوی گەشتیارەكانیان روسین و زۆربەی گروپە گەشتیارەكانیش دەلیلەكانیان روسین و توركی تێدا نییە، واتە گەشتیاری روسی بە تەواوی ئەو شارۆچكەیەی بۆ خۆی مۆنۆپۆل كردوە.
بە هۆی ئەوەی كەمەر زۆربەی گەشتیارەكانی روسین، بۆیە هاووڵاتیان تورك لەو شارۆچكەیە زمانی روسی بە تەواوی فێربوون، بۆیە هیچ لایەكیان هیچ كێشەیەكیان بۆ تێگەیشتن نییە.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە لایەن وەزارەتی گەشتوگوزاری توركیاوە بڵاوكراوەتەوە، شاری وانی باكووری كوردستانیش ژمارەی پێوانەیی تۆمار كردوە لە هاتنی گەشتیار.
بۆ ئەمساڵ زۆرترین ژمارەی گەشتیار لە ئێرانەوە سەردانی وانیان كردوە و بە پلەی دووەمیش گەشتیاری عەرەب دێت كە سەردانی باكووریان كردوە.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler