ئاب 11, 2020

سەرۆکوەزیرانى نوێى بەریتانیا، 1964، تەمەن 44 ساڵ، لە بنەماڵەیەکى تورکیى چەرکەسى سەر بەعوسمانییەکان، پەنجاوپێنجەمین کوڕەزاى خێزانێکى سیاسى نێو ئیمپراتۆریاى عوسمانى، پێدەنێتە نێو کۆشکى سەرۆکایەتى بەریتانیا، ئەگەرچى ئەم مێژووە هیچ کاریگەرییەکى لەسەر ئەم ژیانە نوێیەى ئەو نییە.

بۆ ماوەیەکى درێژ، پەیوەندیى بەریتانیا و عوسمانییەکان کێشە و شڵەژان و دڕدۆنگیى زۆرى تێدا بوو، ئێستایش نەوەى کۆچبەرەکان پردى نوێ بۆ بەیەکداچوونى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا دروست دەکەن. جونسۆنى سەرۆکوەزیرانى نوێى بەریتانیا، بە ڕەگەز تورکە و بە نەتەوە چەرکەسە، بەڵام کوڕى خاکوئاوى بەریتانیایە و لەسەر بەهاکانى ئەوێ پێگەیشتووە. ئەم دوولایەنییە باسوخواسى گەرمى ئەمڕۆیە.
ئەو لە نیویۆرک لەدایکبوو، دواتربۆ بەریتانیا کۆچ دەکەن، لەوێ مێژوو و ئەدەبیاتى کلاسیک دەخوێنێت و لە ئەدەبى ئینگلیزیدا قووڵ دەبێتەوە، ئەمەیش ئینتیمایەکى زۆرى نەتەوەیى بۆ بەریتانیا لەناخیدا بۆ پێکدێنێت.
جۆنسۆن لە ساڵى 1984دا پۆستێکى گرنگى سەندیکایى وەردەگرێت کە سەرۆکایەتى یەکێتیى قوتابیانى بەریتانیایە، پاشان دەچێتە بوارى میدیاوە و دەبێتە پەیامنێر و نووسەر، لەوێوە بۆ نوێنەرایەتیى لە ئەنجومەنى گشتیى بەریتانى هەڵدەکشێت، ئینجا بۆ وەزیرى دەرەکى و دواجار بۆ سەرۆکوەزیران. ئەو زۆر پێداگرە لەسەر دەرچوونى بەریتانیا لە یەکێتیى ئەوروپا، لە کاتێکدا تورکیا بە هەمان ڕادە پێداگرە لەسەر چوونى بۆ نێو یەکێتیى ئەوروپا.
بابەگەورەى جۆنسۆن، عەلى کەمال بەگ، کە لە کۆتایى تەمەنى ئیمپراتۆریاى عوسمانیدا دەربەدەر دەبێت،ڕۆژنامەنووس و سیاسى بوو،جۆنسنیش بەهەمان شێوە. جۆنسن دەیزانى عەلى کەمالى بابە گەورەى لە بیستەکانى ساڵى ڕابدوودا لە گێژاوێکدا کوژراوە، بەڵام هیچى دەربارەى ژیانى نەدەزانى، بۆیە کەڵکەڵەى گەشتێکى درێژى بۆ دروست دەبێت و سەفەر بۆ تورکیا دەکات تاوەکو حەقیقەتى بابە گەورەى کەشف بکات. ئەمە دەییخاتە نێو ئەرشییفى تایبەتى خێزانەکەوە، سەرى دەکات بە کتێبخانەکانى تورکیا و بەڵگەنامەکانى عوسمانیدا، ئەندامانى خێزانەکە دەناسێت و دەگاتەوە سەر ڕیشە ئیسلامییەکەى باپیرەى.
عەلى کەمال بەگ، لەنێو پایتەخت و شارە گەورەکانى ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوادا لە هاتووچۆندا بووە، پاریس-جنێف-قاهیرە-ئەستەمبوڵ-لەندەن. دژ بە حزبى ئیستیقلالى تورکى (1919-1923) بووە و بەم هۆیەوە لە ئەوروپا لە مەنفادا ژیاوە. ناوە ڕاستەقینەکەى عەلى ڕەزا بووە، شاعیر و نووسەر بووە و جاروبار قەسیدە و وتارەکانى بەناوى عەلى کەمال بڵاوکردۆتەوە. لە دواتردا دوو سێ ناوى دیکەى خوازراوى بۆ زیاد دەبیت و ئەمەیش دەبێتە مایەى گۆڕانى ناو و ئاببن و هەڵوێستەکانى خانەوادەکەیش. عەلى کەمال لە ساڵى 1919دا بۆ ماوەى سێ مانگ وەزیرى ناوخۆى حکومەتەکەى محەمەد فەرید پاشا بووە، ئەمەیش لە قورسترین پۆستە کارگێڕى و ئەمنییەکانى ئەو سەردەمەى جیهان بووە بەهۆى شڵەژاویى ئیمپراتۆریاى عوسمانییەوە، بۆیە عەلى کەمال هیچ هەستێکى گاڵتەجاڕانەى نەبووە، بە پێچەوانەى جۆنسنەوە کە گاڵتەجاڕ و فشقیاتچییە. عەلى کەمال لە یەکێک لە سەفەرەکانیدا بۆ ئەوروپا "وینفرید بران"ى ئینگلیزى بە ئەیڵ سویسرى دەبینێت و لە ساڵى 1903دا هاوسەرگیریى لەگەڵ پێکدێنێت، لەمانیشەوە نەوەى دووەم و سێیەمى خێزانە کۆچبەرەکە دادەکەون.
عەلى کەمال لە ئەستەمبوڵ لەلایەن پیاوانى نزیکى دەسەڵاتەوە دەڕفێندرێت و دەگوزرێتەوە بۆ دادگاى ئیستیقلالى ئەنفەرە، بە تۆمەتى خیانەت و هاوکاریى ئینگلیز دژ بە دەسەڵاتى نوێى کەمال ئەتاتورک، لەلایەن سەرۆکى سوپاى تورکیاوە ئیعدام دەکرێت و بە درەختێکەوە دەبەسترێتەوە.
عوسمان کوڕەکەى عەلى کەمال و وێنفرید، دواى کوژرانى دڕندانەى عەلى کەمال لەگەڵ دایکى دەمێنێتەوە و ناوى یەکەمى دەگۆڕێت بۆ ویلفرید، ناوى داپیرەى دایکیشى "جۆنسۆن" هەڵدەبژێردرێت تاوەکو ببێتە "نازناوى خێزانى"ـى عوسمان. ئێستایش بۆریس جۆنسن هەڵگرى هەمان نازناوى خێزانییە.
جۆنسۆن وەختێ وەک پەنابەرێکى دێرین دەگاتە ترۆپکى دەسەڵاتى بەریتانیا، هاوکات دروشمى بەریتانیا هى نەوەکانى خۆیەتى بەرز دەکاتەوە. ئەمەیش دوودڵى و دڵەڕاوکێ بۆ کۆچبەران و پەنابەران دروست دەکات.

سەرچاوە:
https://www.aljazeera.net/news/politics/2019/7/27/

 

هاوار محه‌مد

© 2017 Hawler