ئاب 11, 2020

باپیرە گەورە تورکەکەی بۆریس جۆنسۆن؛ رووەوهــــــەندەران

ئەگەر بۆریسجۆنسۆن لە(عەلی‌کەماڵ بەگ)ـی باپیرە گەورەیەوە کنێت(Gene)ـێکی چاکی بۆ مابێتەوە، دوو کنێتی بۆ ماوەتەوە؛ دەستی نووسین و سەلیقەی سیاسەت؛ عەلی‌کەماڵ بەگ، بە رۆژنامەوانی ناوبانگی پەیدا کرد و، وەکو ئەم بۆریسەی نەوەی خۆی، بە قەڵەم، دەرگای سەرکەوتنی خستە سەر پشت. عەلی‌کەماڵ بەگ سیاسەتمەدارێکی لیبراڵ بوو، هەوڵی دەدا وڵاتەکەی بداتە دەم رۆژاواوە و لە رۆژهەڵاتی داببڕێنێت؛ بۆریس جۆنسۆنیش بەنیازە وڵاتەکەی پشت لەو ئەورووپایەی رۆژهەڵاتی خۆیان کات و، روو بخاتە ئەو ئەمەریکایەی دەکەوێتە رۆژاوایانەوە.

بۆریسجۆن سۆن لەوانەیە بە باپیرە گەورەیەوە فیز بکات و خۆی پێ هەڵبکێشت بەڵام ناشێ حەز بکا چارەنووسەکەی ئەوی بەسەردابێت؛ لە تورکیا عەلی‌کەماڵ بەگیان پێ خۆفرۆش نیشتمانکوژە و، ئەوەیان پێ کرد وا بەو چەشنە کەسانەی دەکەن؛ هەنجن‌هەنجن کرا.
ئەگەر بهاتباو عەلی‌کەماڵبەگ و دارودەستەکەی لە دەسەڵاتدا بمابانەوە و دەستی خەنیم و نەیارەکانی خۆیان لە دەسەڵات دابڕیبایەتەوە، تورکیا دەچووە بن سێبەری بەریتانیاوە و، لەم تورکیایەی ئێستاش بچووکتر و لاوازتر دەبوو.
عەلی‌ کەماڵ بەگ کوڕی سەرۆکی یەکیەتیی مۆمفرۆشەکان ئەستەمووڵ بوو؛ بە خۆی ناوی عەلیڕەزا بوو بەڵام ئەوەندەی نامیق کەماڵی شاعیری نیشتمانپەروەری خۆش دەویست ناوی خۆی لێ نابوو عەلی‌کەماڵ؛ ئەوەندە دەستی خستە سیاسەتەوە، هەتا شاربەدەریان کرد و دووریان خستەوە؛ لەو ساڵانەی لە شاری پاریسدا دەیخوێند، چووە ناو کۆمەڵی 'لاوی تورک'ـەوە؛ خۆیان گوتەنی: ژۆن تورک. کۆمەڵی لاوی تورک، کۆمەڵە گەنجێکی زۆرینە دەوڵەمەند و مامناوەندیش بوون کە بۆ گۆڕینی سیستەمە لاسار (دیکتاتۆر) و ملهوڕەکەی عوسمانی خەباتیان دەکرد. خێڵی ئەتاتورکیش هەر لەو کۆمەڵەوە سەریان هەڵدا.
ئەو کاتەی زانییان عەلی‌کەماڵبەگ بە دزیەوە نامە بۆ سوڵتان عەبدولحەمیدی عوسمانی دەنێرێت، لە کۆمەڵی تورکی لاو، وەدەریان نا؛ پاش ماوەیەک کەتنێکی دیکەیشی لێ بەدیار کەوت؛بابەتی لە رۆژنامە و گۆڤاری فەرەنسا وەردەگێڕایەوە و، دەیکردە هی خۆی و بە ناوی خۆیەوە دەینارد بۆ رۆژنامەی ئیقدام لە ئەستەمووڵ!
کە حکوومەتە سوڵتانەتیەکەی عوسمانی بوو بە حکوومەتێکی مەرجۆڵ و، دەسەڵاتی سوڵتان مەرجدار کرا و کەم کرایەوە، عەلی‌کەماڵ گەڕایەوە بۆ عوسمانی و خۆی لە سوڵتان عەبدولحەمید نزیک خستەوە و بوو بە جێمتمانەی سوڵتان.
کرایە سەرنووسەری رۆژنامەی ئیقدام و، لە 'زانکۆی دارفنوون'ـیشدا کرایە وانەبێژ؛ لە رۆژنامەی ئیقدامەوە سێرەی لە دەگرت و بە گژیاندادەچوو؛ ئەو کەسانەی (کۆمەڵەی یەکیەتی و پێشکەوتن)ـیان بەڕێەوە دەبرد، وەختی خۆی لە کۆمەڵەی تورکی لاو لە پاریس، لەگەڵ عەلی‌کەماڵدا پێکەوە خەباتیان دەکرد.
لە گۆڕەپانی سیاسەتی ئەو ئانوساتەدا رەوتە سیاسیەکەی عەلی‌کەماڵ لە هەمووان بەهێزتر بوو؛ لە ئەنجومەنی نوێنەرانیشدا زۆرینەی کورسیەکانی بە دەستەوە بوو. لە زانکۆی دارفنوونیشدا بیرۆکە و رێبازی لیبرالیزمی بڵاو دەکردەوە و، قوتابیانی هان دەدا چاو لە فەرهەنگی رۆژاوا بکەن.
عەلی‌کەماڵبەگ لەدژایەتیکردنی کۆمەڵەی یەکیەتی و پێشکەوتندا ناوبانگی دەرکردبوو؛ هەربۆیە کە خەڵک لە سوڵتان عەبدولحەمید راپەڕین و، لە دەسەڵاتیان خست؛ کۆمەڵەی یەکیەتی و پێشکەوتن دەسەڵاتی گرتە دەست و، عەلی‌کەماڵ دیسان ئاوارەی هەندەران بوو؛ دوای ٣ ساڵ، دەسەڵاتی کۆمەڵەی یەکیەتی و پێشکەوتن، هەندێک لاواز بووەوە، عەلی‌کەماڵ گەڕایەوە وڵات و دەستی کردەوە کار و بەزمەکەی جارانی و، تەنانەت رۆژنامەیەکیشی دامەزراند و ناوی لێ نا پەیام؛ کە یەکەم شەڕی جیهانی هەڵگیرسا، کۆمەڵەی یەکیەتی و پیشکەوتن کە پشتی بە سەرگەورە سەربازیەکانی وەکو ئەتاتۆرک قایمبوو، دیسان هیزی گرتەوە و، باری نائاسایی و دۆخی ئاوارتە لە وڵات راگەیاند؛ عەلی‌کەماڵبەگیش ناچار وازی لە سیاسەت هێنا و رۆژنامەکەیشی داخست و دەستی کردە کاسبی و بازرگانی.
هەرکە شەڕی جیهانی بڕایەوە و، وڵاتانی بەرەی هاوپەیمان تورکیایان داگیر کرد، عەلی‌کەماڵ هەلی بە دەرفەت گرت و دیسان هاتەوە گۆڕەپانی سیاسەت و، خۆی لە فەرید پاشای زاوای محەمەد پاشای پێنجەم، سوڵتانی ئەو کاتەی وڵات نزیک کردەوە؛ فەرید پاشا بوو بە سەرشالیار (سەرۆکوەزیران) و وەزارەتی پەروەردەیشی دایە دەست عەلی‌کەماڵبەگەوە و پاش ماوەیەکیش کردی بە وەزیری ناوخۆ.
ئەوەی لە کەوشەنی بندەستی عوسمانی مابوو، دوو حکوومەتی لێ دامەزرابوو؛ حکوومەتێک لە شاری ئەستەمووڵدا و یەکێکیش لە ئانکارا (ئەنقەرە)؛ کۆمەڵگای نێودەوڵەتی حکوومەتەکەی ئەستەمووڵیان بە دەوڵەتی رەوای عوسمانی دەزانی و هەر سەر بە خۆیشیان بوو؛ حکوومەتەکەی ئانکارایش، ئەتاتورک و ئەوان دایانمەزراندبوو کە بە هێزی نیشتمانی ناوبانگیان دەرکردبوو؛ هیزی نیشتمانی شەڕی لەگەڵ سوپای بەریتانیا و فەرەنسا و ئیتالیا و ئوسترالیا و یۆنان و جاشەکانی ناوخۆیشدا دەکرد هەتا لە عوسمانی وەدەریان بنێن؛ لەو سەردەمەدا زۆربەی دانیشتووەکانی کەناراوی دەریای ئیجە و دەریای رەش و دەریای ناوەراستیش، یۆنانی بوون و ئەتاتۆرک شەڕی ئەوانیشی دەکرد.
 فەرید پاشا و عەلی‌کەماڵبەگ و ئەوان، لە رقی هێزی نیشتمانیدا کۆمەڵەیەکیان دامەزراندبوو بە ناوی بەریتانیاخۆشەویستەکان؛ خۆیان گوتەنی: ئینگلیس موحبلەری جەمعیەتی؛ لە پێناو پاراستنی سیستەمی پاشایەتیە مەرجۆڵەکەدا تێدەکۆشان؛ تەنانەت ئامادەبوون بچنە بن عابای بەریتانیاوە و بەو مەرجانەش رازی بوون کە وڵاتانی هاوپەیمان بۆ دابەشکردنی عوسمانی لە ناو خۆیاندا بەستبوویان؛ ئەو تورکیایەی بەریتانیا و فەرەنسا بەنیاز بوون دایمەزرێنن زۆر لەم تورکیایەی ئێستایش بچووکتر بوو.
هێزی نیشتمانی، چوار ساڵی رەبەق شەڕی کرد و، هێزەکانی هاوپەیمانانی لەو کەوشەنەی ئێستای تورکیا وەدەر نا؛ لە ئاخروئۆخری شەڕەکەدا حکوومەتەکەی ئەستەمووڵیش بڕستی لێ بڕابوو؛ سیاسەتمەدارەکانی ئەو دەوڵەتە یەک یەک و دوو دوو هەڵدەهاتن.
پۆلیسی دزەشارکێی دەوڵەتەکەی ئانکارا (ئەو پۆلیسەی وا نەناس و بە دزیەوە ئیشی خۆیان دەکرد)، چەند راسپێردراوێکیان ناردە ئەستەمووڵ و چوون عەلی‌کەماڵ بەگیان لە سەرتاشخانەکەی ئوتێل تۆکاتەلیان لە شەقامی سەربەخۆییدا رفاند و بۆ دادگاییکردن بەرەو ئانکارایان دەبرد؛ کە گەیشتنە شاراو (بەندەر)ی ئەزمیر، لەوێ نوورەدین پاشا ناسراو بە سەقوللی (بە کوردیەکەی مامە ریشە)، فەرماندەی هێزەکانی ئەوێ، عەلی‌کەماڵبەگی لێیان سەند و دایە دەست ئەفسەرە گەنجەکانی خۆیەوە بە چەکوچ و بەرد، هەلاهەیان کرد و پیس کوشتیان؛ ئەوەی لە کەلەشیشی مابوو، لە وێستگەی شەمەندەفەردا هەڵیانواسی هەتا کە ئسمەت ئینۆنۆ لە شاری لۆزان دێتەوە بە چاوی خۆی بیبینێت؛ ئسمەت ئینۆنۆ بە نوێنەرایەتیی دەوڵەتی ئانکاراوە چووبوو بۆ کۆنگرەی ئاشتی لە شاری لۆزان؛ ئینۆنۆ پاش ئەتاتۆرک بوو بە سەرکۆماری تورکیا. کۆنفرانسی لۆزان دوای کۆنفرانسەکەی سیڤەر رێک خرابوو؛ بە گوێرەی پەیمانننامەکەی سیڤەر بڕیار بوو کوردیش ببێتە خاوەنی جارەنووسی خۆی و سەربەخۆ لە خاکەکەی خۆیدا بژیێت بەڵام کۆنفرانسەکەی لۆزان ئەو دەسکەوتەی کوردی بەتاڵ کردەوە.
عەلی‌کەماڵبەگ دوو ژنی هێنا؛ یەکەمیان وینفرید بران بوو؛ لە ویننفرید کوڕێک و کچێکی هەبوو؛ عوسمان و سەلما؛ ئەو دوو منداڵە چاویان بە باوکی خۆیان نەکەوت؛ ئاخر هێشتا ساوا بوون کە دایکەکەیان ئەمری خوای کرد و عەلی‌کەماڵی باوکیشیان بەجێیان هێشت و گەڕایەوە بۆ ئەستەمووڵ.
لەپاش مەرگی ئەتاتۆرک، سەلما خان روخسەتی پێ درا بچێتە تورکیا و ناسنامەی تورکیای پێ درا؛ بەڵام عوسمان، ناوی خۆی گۆڕی و کردی بە ویلفرێد و، پاشناوی داپیرە ئینگلیزیەکەیشی بۆ خۆی هەڵبژارد؛ واتە جۆنسۆن؛ عوسمان بوو بە کابرایەکی خەڵکی بەریتانیا و ئایرین وڤیلیامزی مارە کرد؛ ئایرین لە باوکەوە خەڵکی بەریتانیایە و لە دایکەوە دەگاتەوە شازادەکانی ئەڵمانیا؛ عوسمان و ئارین کوڕێکیان لێ پەیدا بوو ناویان لێ نا: ستەنلی؛ ستەنلی دوایی بوو بە پەرلەمانتاری پەرلەمانی بەریتانیا و، ئەم بۆریس جۆنسۆنەی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیای لێ پەیدا بوو.
عەلی‌کەماڵبەگ دوای مەرگی یەکەم هاوسەرەکەی،دیسان ژنی هێنایەوە و، ئەمجارەیان سەبیحه خانی کچی زەکی پاشای مارە کرد؛ زەکی پاشا لە دەوڵەتی عوسمانیدا وەزیر بوو. عەلی‌کەماڵبەگ لە سەبیحە خان، دوو کوڕی هەبوو؛ زەکی و سەلیم؛ زەکی، پاشناوی کۆنەرئاڵپی بۆ خۆی هەڵبژارد و بوو بە دیپلۆمات؛ سەلیمەکەیشیان بوو بە سیاسەتمەدار و باڵیۆزی تورکیا لە سوید و پاشان کۆریای باکوور؛ سەلیم هێشتا ماوە و خانەنیشە.

 

د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler