ئاب 03, 2020

چین بۆ ئەمریکا: تایوان بەرەو سەربەخۆیی بڕوا، شەڕ دەکەین

وەزارەتی بەرگری چین ڕۆژی چوارشەممە، دووی مانگی گەلاوێژ، هۆشداری ئەوەی دا کە ئەگەر پشتگیری تایوان بکرێت بۆ ئەوەی سەربەخۆیی بەدەست بهێنێت، ئەوا چین ئامادەیە بۆ ئەو شەڕەی کە لە ناوچەکە هەڵدەگیرسێت.

پێکەن وێرای ڕەخنەگرتن لە ئەمریکا بە هۆی فرۆشتنی چەک بە تایوان، واشنتۆنی بە لاوازکردنی سەقامگیری جیهان تاوانبار کرد. ئەمە دوای ئەوە دێت کە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، لە ماوەی چەند حەوتووی ڕابردوودا ڕەزامەندی دەربڕی بە فرۆشتنی کۆمەڵێک چەک و چۆڵی سەربازی بە تایوان.
ژمارەیەک تانک و موشەکی زەوی بۆ ئاسمانی ئیستینگێر لەو چەکانەن کە واشنتۆن ڕەزامەندی دەربڕیوە بیانفرۆشێت بە وڵاتی تایوان و بەهای ئەو چەکانەش دوو ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلارە.

چین گەمارۆ دەخاتە سەر کۆمەڵێک کۆمپانیای سەربازی
وەک کاردانەوە بە بڕیاری ئەمریکا، چین ڕایگەیاند گەمارۆ دەخاتە سەر ئەو کۆمپانیایانەی کە بەشداری ئاڵوگۆڕ و فرۆشتنی چەکوچۆڵی سەربازی لەگەڵ تایوان دەکەن.
پێکەن جەختی لەوە کردووەتەوە هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی تایوان بە شێوەیەکی ئاشتیانە ببێتە بەشێک لە وڵاتی چین. ووکیان، وتەبێژی وەزارەتی بەرگڕی چین ڕۆژی چوارشەممە باسی لەوە کرد کە ئەرتەشی چین ئامادەی شەڕکردنە لەگەڵ ئەو کەسانەی بوێری ئەوە دەکەن، هەنگاو بۆ جیاکردنەوەی تایوان لە چین بدەن.
تایوان: چین خۆت لە شەڕ دوور بگرە
دەوڵەتی تایوان بە کاردانەوە بە هەڕەشەکانی چین، داوای لە پێکەن کردووە خۆ ببوێرێ لە بەکارهێنانی تووندوتیژی. بو گووتەی تایوان، ڕەفتاری شەڕخوازانەی چین، ئاشتی ناوچەکە دەخاتە مەترسییەوە.
شایەنی باسە چین، تایوان بە یەکێک لە پارێزگاکانی خۆی دەزانێ و لە بەرامبەردا ئەمریکاش سەرەکیترین وڵاتە لە ئاستی دونیا کە چەک و چۆڵی سەربازی بە تایوان دەفرۆشێت.

 

شۆڕش غەفووری ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler