ئاب 11, 2020

مشتومڕەکانی برێگزیت قوڵتردەبنەوە

لەبەریتانیا سەرۆکوەزیرانی نوێ دەستبەکاربوو و، بەشێکیش لە کابینەکەی دەستنیشانکردوە و هەنگاوەکانی حکومەتی نوێی بەریتانیا وادەکەونەڕێ. ئەوەی کە بەلای بەریتانیایەکان و ئەوروپاییەکانیشەوە لەئێستادا گرنگی پێدەدرێ چارەنوس و ئاڕاستەکانی پرسی برێگزیتە کە بەریتانیا دەیەوێ دەرفەتێکی لەبەردەم ڕێکەوتنێکی نوێدا بەسەردا بکرێتەوە بۆ هەڵگرتنی (باکستۆپ)ی سنووری ئێرلەندا و، ئەوروپاش بەوە ڕازی نیە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) بەلای یەکیەتی ئەوروپاوە ئەو ڕێکەوتنەی ئێستا کە بۆ پرسی برێگزیت هەیە باشترینە و (باکستۆپ)یش کە بۆ چارەسەری ڕێکخستنی سنووری نێوان ئێرلەندا و ئێرلەندای باکوور دیاریکراوە دەستکاری ناکرێ.
(بۆریس جۆنسن) وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا لە ئۆفیسی (ژمارە ١٠) ی داونینگ ستریت لەکۆتایی حەفتەی ڕابردوو دەستبەکاربوو، وە یەکێک لە ئامانجەکانی کە لەگوتارەکاندا زۆری باسی لێوەکراوە بریتیە لە ئەنجامدانی برێگزیت لە (٣١ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٩) ەدا بەبێ هیچ (ئەگەر) و بەبێ هیچ (بەڵام)ێک، واتە بەریتانیا لەو بەروارەدا لەیەکیەتی ئەوروپا دەردەچێ جا ئەگەر بەڕێکەوتن بێت یان بەبێ ڕێکەوتن.
ئەوەی کە لەڕابردوودا شکستی بەڕێکەوتنەکەی (تێریزا مەی) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا هێنا (باکستۆپ) بوو کە هیچ کات پاڵپشتی پەرلەمانی بەدەستنەهێنا، وە لەستراتیژیەتی نوێی حکومەتی بەریتانیادا کردنەوەی چەقبەستوویی ڕێکەوتنەکە بەو (باکستۆپ) ە دەکرێ جا بەگۆڕین یان لابردن بێت، وە تەنها ڕێکەوتنێکی نوێ و باشتر گەرەنتی (بەڵێ) ی پەرلەمانی بەریتانیا مسۆگەردەکات.
بەرپرسانی سیاسی لەبەریتانیا هۆشداری لە دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن دەدەن کە هەموو ئاماژەکان ئەوە دەردەخەن بەریتانیا بەبێ ڕێکەوتن لەیەکیەتی ئەوروپا دەردەچێ، لەو بارەیەوە (لیۆ ڤاردکار) سەرۆکوەزیرانی ئێرلەندا گوتی، دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن دەبێتەهۆی یەکبوونی ئێرلەندا و، لێکهەڵوەشاندنی شانشینی بەریتانیا، هەروەها گوتیشی دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن هەڕەشەیە لەسەر بەریتانیا.
هەڵبەتە بەشێکی زۆری سیاسیەکانی بەریتانیا، وە بەتایبەتی سکۆتلەندا و، ئێرلەندا لەگەڵ ئەوەنین بەریتانیا بەبێ ڕێکەوتن دەربچێت، سکۆتلەندا و ئێرلەندای باکوور ئەو دوو بەشەی بەریتانیان کە دەنگیان بەمانەوە دابوو لەیەکیەتی ئەوروپادا.
سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەگوتەکانیدا ئاماژەی بەلابردنی (باکستۆپ) دابوو، بەڵام ڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوو، (مایکڵ بێرنەر) سەرۆکی شاندی دانوستانکاری یەکیەتی ئەوروپا گوتی لابردنی (باکستۆپ) جێی قەبوڵکردن نیە.
یەکەم لێدوانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا؟
(بۆریس جۆنسن) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لەیەکەم لێدوانیدا لە پەرلەمانی بەریتانیا بەڵێنی ئەوەیدا کە پرسی برێگزیت تا (٣١ی تشرینی یەکەم) تەواودەبێت.
(باکستۆپ) بەشێکی سەرەکی ڕێکەوتنی پرسی (برێگزیت) ە کە وەکو چارەسەرێک بۆ ڕێگرتن لەدانانەوەی سنووری نێوان ئێرلەندا و ئێرلەندای باکوور دانراوە بەڵام (جۆنسن) گوتی، هیچ وڵاتێک کە بەهای سەربەخۆی و ڕێزلەخۆگرتنی هەبێ ڕازی نابێ بەڕێکەوتنێک کە لەسەربەخۆیی ئابووری و سەربەخۆیی دەوڵەتداری دووربخرێتەوە کە (باکستۆپ) یش هەمان شت دەکات.
وە بەلای سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیاوە (باکستۆپ) دەبێت لابدرێت چونکە هۆیەکە بۆ دروستکردنی کێشە و، شتێکی دژە دیموکراتیە.
کاردانەوەی یەکیەتی ئەوروپا:
وێڕای ناڕازیبوونی سەرکردەکانی یەکیەتی ئەوروپا لەسەر سیاسەتی سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا بۆ پرسی برێگزیت بەڵام هێشتا بەفەرمی خستنەڕووی چارەسەرییان بۆ کێشەکانی بەردەم برێگزیت ڕەتنەکردۆتوە.
(مایکڵ بێرنەر) سەرۆکی شاندی دانوستانکاری یەکیەتی ئەوروپا گوتی، سەرەڕای ئەوەی کە لەسەر (باکستۆپ) ناڕازین بەڵام یەکیەتی ئەوروپا ئامادەیە کە بەشێوەیەکی بنیاتنەرانە بەپێی چوارچێوەی دەقی ڕێکەوتنەکە کاربکات، وە ئامادەشە بۆشیکردنەوەی هەر بیرۆکەیەکی بەریتانیا کە بۆ پرسی برێگزیت هەیەتی و بەمەرجێک لەگەڵ ئەو ڕێکەوتنەی ئێستا بێتەوە و گونجاوبێت.
چاودێران لەبەریتانیا دەڵێن، پێشوازیکردن و بەخێرهێنانی (بۆریس جۆنسن) وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا لەلایەن یەکیەتی ئەوروپاوە بۆ کاری پێکەوەیی و بنیاتنەرانەی نێوانیان ئاماژەیەک نیە بۆ ئەوەی هەرچی بەریتانیا داوای بکات لەبارەی پرسی برێگزیتەوە قەبوڵی دەکەن، بەڵکو زۆربەی سەرکردەکانی کاریگەر لەسیاسەتی یەکیەتی ئەوروپا تێڕوانینی خۆیان لەو بارەیەوە خستۆتەڕوو و بەو تۆن و لێدوانانەی (جۆنسن) کە بۆ چارەسەری برێگزیت هەیەتی ڕازی نین.
شیاوی باسکردنە، هەرچیەک لەنێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپادا لەسەر چارەسەر و چارەنوسی پرسی برێگزیت ڕووبدا ئەوا پەیوەندییەکان بەیەکجاری لێکناپچڕێنرێن.
لەدوای برێگزیتیش هەریەکە لە فەرەنسا و ئەڵمان و پۆڵەندا و زۆری دیکەی وڵاتانی نێو یەکیەتی ئەوروپا دەیانەوێ کار و هەماهەنگی لەگەڵ بەریتانیادا بکەن لەبارەی پرسەکانی نێودەوڵەتی لەوانە سزایەکانی سەر رووسیا و، ئێران و پارێزگاریکردن لە مافەکانی مرۆڤ، وە لەسەر ئاستی جیهانیشدا یەکیەتی ئەوروپا بایەخ بەبەریتانیا دەدات وەکو یەکێک لە هاوەڵە باشەکانی.
بەڵام پرسی برێزگیتیش دەبێ یەکلایی بکرێتەوە جا بەڕێکەوتن بێ یان بەبێ ڕێکەوتن بێ، ئەگەرچی دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن بۆ بەریتانیا و بۆ یەکیەتی ئەوروپاش زیانباردەبێت، بەڵام (جۆنسن) پێداگیری لەدەرچوون بەبێ ڕێکەوتن دەکات لەئەگەری ئەوەی کە یەکیەتی ئەوروپا نەێتەپێشەوە، وە سەرەنجامی ئەو کارەش دەخاتە ئەستۆی ئەوان.
لەنێوان دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن، یان دەرچوون بەڕێکەوتنێکی خراپەوە ئەوا بەلای سەرکردەکانی بەریتانیا و، هەروەها یەکیەتی ئەوروپاشەوە دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن باشترینە، وە هەردووکلایان بۆ ئەوە ئامادەن.
(جۆنسن) گوتی ڕێکەوتنی دەرچوونی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا مردوە بەڵام ئاماژەی بەوەشداوە کە چەند شتێک هەن لەو ڕێکەوتنەدا کە دەکرێ خزمەتبکرێن و ئەنجامبدرێن لەوانە گەرەنتی مافەکانی هاوڵاتیانی یەکیەتی ئەوروپا و، هەروەها هاوڵاتیانی بەریتانیا لەڕێکەوتنەکەدا.
دیارە مافەکانی هاوڵاتیان و، هەقی جیابونەوە و، سنوری ئێرلەندا لەنێو ڕێکەوتنەکەی برێگزیتدا ڕێکخراون، بەڵام سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا دەڵێ دەکرێ پارەکە ڕابگیرێ بۆ ئەوەی یەکیەتی ئەوروپا باشتر بێتەپێشەوە بۆ ڕێکەوتنێکی باشتر و، هەروەها دەبێ (باکستۆپ) یش لاببرێت، وە لەجیاتی چارەسەری تەکنیکی بۆ ئەو پرسە دیاریبکرێت. بەڵام یەکیەتی ئەوروپا بەو پێشنیارە زارەکیانەی ئێستا ڕازی نیە، وە چاوەڕێدەکرێ کاتێک کابینەی نوێی سەرۆکوەزیران پۆستەکانی بە کەسانی تازە پڕکرانەوە بەشێوەیەکی فەرمی پەیوەندییەکانی نێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپا بۆ چارەسەری پرسی برێگزیت ئاڕاستەکانیان بەدیاربکەون.

دواترین دەستکاریکردن لەسەر یەک شەممە, 28 تەمموز 2019 06:12
© 2017 Hawler