ئاب 03, 2020

بۆ سزادانی توركیا، ترامپ سیناتۆرەكانی پارتی كۆماری داوەتی كۆشكی سپی دەكات

رۆژنامەی (واشنتۆن پۆست)_ی ئەمریكی بڵاوی كردوەتەوە، دۆناڵد ترامپ بۆ چۆنییەتی سزادانی توركیا لەبارەی كڕینی مووشەكی بەرگری S400، سیناتۆرەكانی سەر بە پارتی كۆماری داوەتی كۆشكی سپی دەكات. بە گوێرەی هەواڵەكە دانیشتنی ترامپ و سیناتۆرەكان لە رۆژی سێشەممە ئەنجام دەدرێت.

رۆژنامەی ناوبراو دەقی ئەو نامەیەی بڵاوكردوەتەوە كە ترامپ سیناتۆرەكانی تێیدا داوەت كردوە، كە لە نامەكەدا نووسراوە، بابەتی سەرەكی گفتوگۆیەكانیان تایبەت دەبێت بە چۆنییەتی سزادانی توركیا، بە هۆی ئەوەی بەبێ گوێدانە ناتۆ مووشەكی بەرگری S400ی لە روسیا كڕیوە.
دوای ئەوەی توركیا ٨ كاروانی مووشەكی بەرگری S400ی لە روسیا وەرگرت، دۆناڵد ترامپ ٢ لێدوانی جیاوازی دا. لە یەكەمیاندا گوتی لە ئێستادا هیچ نیازێكمان نییە سزای توركیا بدەین، پاشان گوتی دەبین چۆنن سزای توركیا دەدەین.
چەند سیناتۆرێكی ئەمریكی سەر بە پارتی كۆماری و دیموكرات، پڕۆژە یاسایەكیان بۆ چۆنییەتی سزادانی توركیا ئامادە كردوە، پێ دەچێت ئەو پرۆژە یاسایە رۆژی سێشەممە رادەستی ترامپ بكرێت.
لە پڕۆژە یاسایەكەدا هاتوە، كڕینی مووشەكی بەرگری S400 لە روسیا لە لایەن توركیاوە، ئاساییشی نەتەوەی ئەمریكا دەخاتە مەترسییەوە، بۆیە داوا دەكەن توركیا بە توندترین شێوە سزا بدرێت.
هەر لە پڕۆژە یاسایەكەدا هاتوە، كە پێویستە چاوێك بە ئەندامبوونی توركیا بخشێنرێتەوە وەكو ئەندامی هەمیشەیی ناتۆ.
هەروەها باس لەوەش كراوە كە روسیا دەستوەردان لە چەندین هەڵبژاردنی وڵاتان دەكات، بۆ نموونە لە فەنزوێلا پشتگیری مودریدی كرد و مەترسیشە بۆ سەر دیموكراتی لە جیهاندا، بۆیە نابێت ئەوەشی لێ قبوڵ بكرێت، كە ئەو مووشەكە بەرگرییەی فرۆشتوەتە توركیا.
رۆژی سێشەممە ترامپ دوا بڕیار لەبارەی سزادان و نەدانی توركیا دەدات، بە تایبەت دوای ئەوەی هەڵوێستی سیناتۆرەكانی سەر بە پارتەكەی وەردەگرێت.

© 2017 Hawler