ئاب 11, 2020

هەشت ڕۆژە ئاگرێکی بەرفراوان لە دارستان و دار بەڕوو و وەنەکانی (قەزوان) بولی لە ناحیەی چواری سەر بە پارێزگای ئیلامی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەر بووە و هەرچەندە خەڵک خەریکی کوژاندنەوەین، بەڵام تا ئێستا کۆنتڕۆڵ نەکراوە.

بە هۆی ئەم ئاگرکەوتنەوەیە، زیاتر لە دەیان هەزار هێکتار زەوی و دارستان سووتاوە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی کە سەدان گیانلەبەریش گیانیان لەدەست داوە.
بە پێی لێکدانەوە سەرەتاییەکان، زیاتر لە ١٥ هەزار داربەڕوو و ٥ هەزار دار وەن (بنێشت) و ١٠٠٠ دار کەیکف و ١٠٠٠ دار گۆیژ تا ئێستا لە نێو ئاگرەکە سووتاون. ئەم دارستانانە بە زێدی مارێکی دەگمەن بە ناوی ماری کلک جاڵجاڵۆکەیی دەناسرێت و لە دونیادا وێنەی زۆر کەمە، بە هۆی ئاگرەکەوە چەندین مار سووتاون و زۆر کەس لاشەکانی بینیون.
لەگەڵ هەموو ئەمانەیش، دەیان هێکتار پاوان کە بۆ مەڕ و ماڵاتی خەڵکی ناوچەکە بەسوود بوونە و خۆراکی ئاژەڵەکانیان لەوە پاوانەوە بوو، سووتاون و بە پێی قسەی ئاژەڵدارەکان کارەساتێکی گەورە بەڕێوەیە بەرامبەر نەمانی ئاڵف و خۆراکی ئاژەڵەکانیان و بەمەش دەرفەت و هەلی کاری لەم بوارە کەمتر دەبێتەوە.
لە هەشت ڕۆژی ڕابردوودا، ڕێکخراوی سەرچاوە سرووشتییەکان چەندین جار دەنگۆی کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکەیان بڵاو کردووەتەوە، کەچی ئاگرەکە هەر بەردەوام بووە و خەڵکەکەش بڵاوکردنەوەی دەنگۆی کوژاندنەوەی ئاگرەکەیان بۆ خراپی بەڕێوەبردن گەڕاندووەتەوە. هەر لەبەر ئەمەشە خەڵکەکە ناڕەزایەتییەکی زۆریان دەربڕیوە.
شڕۆڤەکارێکی سیاسی لە ڕۆژهەڵات پێی وایە، کوردستان بەرەو وێرانبوون دەچێت و بە هۆی نەبوونی کارگەو هەلی کار تا دێت هەژاری لەو بەشەی کوردستان زیاتر پەرە دەستێنێت و هەروەها زەوی و دارستان و پاوانەکانی زیاتر پشتگوێ دەخرێن و نامێنێن کە ئەمەش دووبارە کوشتنی دەرفەتی کارە لە ڕۆژهەڵات.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوە سرووشتییەکانی پارێزگای کەهگیلویە و بویر ئەحمەدی وڵاتی ئێران بە میدیاکانی گوتبوو "لە ماوەی ئەم چوار مانگەدا ٢٨٠ هێکتار (هەر هێکتارەی ١٠٠٠٠ مەتری چوارگۆشە) دارستانی ئەم پارێزگایە سووتاوە.

نەمانی زاگرۆس و دروستبوونی کارەسات!
دارستانەکانی زاگرۆس لە ئێران هێندە بەرینن کە ١١ پارێزگا دەگرێتەوە و نزیکەی ٦ ملیۆن هێکتار لەخۆ دەگرن کە لە دە ساڵی ڕابردوودا تا ئێستا ملیۆنێک هێکتاری لەنێو چووە و وشک بووە و سووتاوە. بە پێی لێکدانەوەکانی خودی دەسەڵات، دارستانەکانی زاگرۆس ٤٠%ی دارستانەکانی ئێران پێک دەهێنن کە ٧٠%ی دارەکانی دار بەڕوون و دارەکانی دیکەیشی داری کەیکەم و وەن و گۆیژ و هەنجیر و هەرمێ کێویلە و بادامن کە لە ٥٠٠٠ ساڵ پێش پڕ بوون، بەڵام ئێستا شاش و کەم بوونەتەوە.
مەترسییەکی دیکەی لەنێوچوونی دارستانەکانی زاگرۆس، کەمبوونی ئاوی شیرینە، چونکە لە پانتایی دارستانەکانی زاگرۆس، ٤٠%ی ئاوی شیرینی ئێران دەستەبەر دەکرێت و وەک ژینگەپارێزان گوتوویانە بە کەمبوونەوە و نەمان و سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس سەرچاوەکانی ئاویش وشک و کەم دەبنەوە.

تا ئێستا زاگرۆس چەندی لێ سووتاوە؟!
کەهگیلویە و بویرئەحمەد: ئەم پارێزگایە ٨٧٣ هەزار و ٦٠٠ هێکتار دارستانی زاگرۆسی لەخۆیدا جێ کردووەتەوە کە تا ئێستا دەیان هێکتاری سووتاوە و ئەو دار بەڕووەی کە لەم دارستانە هەیە و بەنێوبانگترین داربەڕووی دونیایە، وردە وردە بەرەولەنێوچوونە. سێ ساڵ بەر لە ئێستاش بە هۆی ئەوەی کە ٧٥ جار ئاگر دروست بوو، ٩٥٠ هێکتار لە دارستانەکان بوونە خۆڵەمێش.
کرماشان: ئەم پارێزگایە ملیۆنێک و ٧١٩ هەزار هێکتار دارستانەکانی زاگرۆس لەخۆیدا جێ کردوەتەوە. لە ماوەی ئەم چوار مانگەی ڕابردوودا، ١١ جار ئاگر لە دارستانەکان بەر بووە و زیاتر لە ٣٠ هێکتاری سووتاوە.
خوزستان: لە ماوەی چوار مانگدا ١٠٠ جار ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکانی ئەم پارێزگایە ڕووی داوە کە کەم وێنە بووە و نزیکەی ١١٠٠ هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس لەم پارێزگایە سووتاوە.
ئیلام: ٦٤٢ هزار هێکتار لە دارستانەکانی زاگرۆس دەکەوێتە ئەم پارێزگایەوە و ٩٠%ی دارەکانی دار بەڕوو و دارە وەنن (قەزوان) کە بەم ئاگرە هەشت ڕۆژەییە زۆرێکی سووتاوی!
مەریوان: دوو ساڵ بەر لە ئێستا ١١٠ جار ئاگر لە دارستان و بەرزاییەکانی ئەو شارە بەربوو و ٧٠٠ هێکتار دارستان و زەوی بووە خۆڵەمێش و پارەکەش ٣٦٤ هێکتار لە دارستانەکانی شارەکە سووتان و لە ٢٥ی ڕەزبەری ٢٠١٨ـەش بوو کە شەریف باجوەر چالاکی مەدەنی و ژینگەپارێزی کورد و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی سەوزی چیا لەگەڵ هاوڕێیەکی بە ناوی ئومێد کۆنەپۆشی کە ئەندامی هەمان ئەنجوومەن بوو لە کاتی ئاگرکەوتنەوەکە گیانیان لەدەست دا.
بە پێی ئامارەکان، زۆرینەی ڕەهای هۆکارەی سووتانەکانی دارستانەکانی زاگرۆس بە دەستی ئەنقەست و لە لایەن مرۆڤەوە ئەنجام دراوە.

سووتانی دارستانەکان و خەساری ئابووری:
سوتانی دارستانەکانی زاگرۆس بووەتە هۆی ئەوەی کە خەسارێکی گەورەی ئابووری سەرەتا بەر خەڵک و ناوچەکە بکەوێت و دواجاریش بەر دەسەڵات بکەوێت، هەڵبەت دەسەڵات زۆر گوێی لەم خەسارە ئابوورییە نییە.
بە پێی قسەی بەڕێوەبەری یەکەی پاراستنی ڕێکخراوی دارستانەکان و بەرزاییەکانی ئێران کە بۆ هەواڵدەرییەک قسەی کردووە، سووتانی هەر هێکتارێکی دارستانەکان، ٥٦ ملیۆن تمەن زەرەر و لە سووتانی هەر هێکتارێکی پاوانەکان نزیکە ١٧ ملیۆن زەرەر دروست دەبێت.
کەوایە بە پێی ئەو ژمارانەی سەرەوە، خەساری سووتانی دارستانەکانی زاگرۆس لە کەهگیلویە و بویر ئەحمەد لەم چوار مانگەدا یەکسانە بە ١٠ ملیار و ٢٢٠ ملیۆن تمەن. سووتانی دارستانەکانی کرماشانیش یەکسانە بە ملیارێک و ٦٨٠ ملیۆن تمەن.

 

 شۆڕش غەفووری - هه‌‌ولێر

© 2017 Hawler