ئاب 03, 2020

لە عێراقەوە بۆ یەمەن، دڕۆنەکان زەنگی مەترسیداریان لەسەر ئێران بۆ ئەمەریکا بەرزکردۆتەوە

زیادبوونی بەکارهێنانەکانی دڕۆنەکان لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەلایەن ئێران و هاوپەیمانەکانی بۆ مەبەستی چاودێریکردن و هێرشکردن زەنگی مەترسیان لەواشنتۆن بەرزکردۆتەوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) بەکارهێنانی دڕۆنەکان لەو ماوەیەدا زیادیکردوە، وە ئەمەریکاش لەو باوەڕەدایە کە ئێران و میلیشیایەکانی پەیوەستی ئێران جموجۆڵەکانی چاودێریکردنیان لەسەر سەربازە ئەمەریکاییەکان و، بنکەکانیان لەناوچەکەدا لەڕێگای بەکارهێنانی دڕۆنەکانەوە زیادکردوە.
ئەو ڕەوشە لەکاتێکدایە کە گرژییەکانی ئەمەریکا و ئێران توندن، وە ئێران لەزۆر شوێن لەوانە لە یەمەن و، سووریا و، گەرووی هورمز و، عێراق پشت بەبەکارهێنانی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەبەستێ بۆ چالاکیەکانی چاودێریکردن و، هەندێک جار هێرشکردنیش.
ئەو دڕۆنانە تەنها کاری چاوێریکردنیان پێ ئەنجامنادرێ، بەڵکو لەدەرەوەی چاودێریکردنیشەوە چالاکی سەربازی ئەنجامدەدەن، بەپێی ڕاپۆرتەکە دڕۆنەکانی ئێران دەتوانن تەقینەوە هەڵگرن و، لەشێوەی بۆمب فڕێیدەن.
لەماوەی ئەو مانگانەدا حوسیەکانی یەمەن کە لەژێر پاڵپشتی ئێراندان شاڵاوەکانی لەو جۆرانەیان زیادکردوە، لەڕێگای بەکارهێنانی دڕۆنەوە بۆمبیان هەڵداوەتە فڕۆکەخانەکان و دامەزراوە نەوتیەکانی عەرەبستان.
ئەمەریکا لەساڵی (٢٠١٨)دا لەسەر بەرنامەی موشەکە بالیستیکیەکان و سیاسەتی هەرێمی ئێران لە ڕێکەوتنی ئەتۆمی کشایەوە و سزایەکانی بەسەختی لەسەر ئێران چەسپاندنەوە، بەتایبەتی سزایەکانی سەر کەرتی نەوتی ئێران فشارێکی گەورەی ئابوری کردۆتەسەر ئێران و ئێران هەوڵی وەڵامدانەوە دەدات لەڕێگای تەگەرە دروستکردن بۆ گواستنەوەی کەشتیە نەوتیەکان.
چەند بەرپرسێک و، شیکەرەوەی ئەو بوارە دەڵێن ئەو سیاسەتەی ئێران و هاوپەیمانەکانی لەناوچەکەدا بەبەکارهێنانی دڕۆنەکان و زیادکردنی ئەو شێوە چالاکیانە ئامانجیان پاڵپێوەنان و بەرگریکردنە لەدژی فشارەکانی ئەمەریکا و، نەیارەکانی لەناوچەکەدا وەکو عەرەبستان و ئیسرائیل.

دڕۆنەکانی میلیشیاکان لەعێراق:
لەبارەی چاودێریکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق لەڕێگای میلیشیاکانی نزیک لەئێرانەوە، بەرپرسێکی ئەمەریکا کە بەنهێنی قسەی بۆ ڕاپۆرتەکە کردوە دەڵێ، چالاکیەکانی بەکارهێنانی دڕۆنەکانمان لەنزیک بنکە و کەلوپەکانی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق بینیوە، بەدڵنیایەوە ئەو دڕۆنانەی کە بینراون زیاتر لەوانەن کە بازرگانین، ئەو جۆرە چالاکیانە بەئاشکرایی لەعێراق ڕێگاپێنەدراون.
هەروەها بەرپرسێکی دیکەی ئەمەریکایی لەو بارەیەوە بەڕاپۆرتەکەی گوتوە، زیادبوونی چالاکیەکانی چاودێریکردن جێی نیگەرانیە، بەتایبەتی لەکاتێکدا کە بەشێک لەو میلیشیانەی پەیوەستیان هەیە بەئێرانەوە مێژووی ڕووبەڕووبونەوەی ئەمەریکاییەکانیان هەبوە لەڕابردوودا.
هەر لەسەر ئەو بابەتە بەرپرسێکی ئاسایشی عێراقی کە زانیاری لەسەر جوڵەی میلیشیاکان هەیە قسەی بۆ ڕاپۆرتەکە کردوە ودەڵێ، گروپە سەرەکیەکانی میلیشیایەکان توانای هەڵدان و بەکارهێنانی دڕۆنەکانیان هەیە، بەڵام ئاخۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەکەنە ئامانج جارێ ئەوە ڕووینەداوە. هەروەها گوتیشی، پێشتر کاتیوشا و هاوەنیان لەشاڵاوی زۆر سنورداردا لەدژی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەعێراق بەکارهێناوە وەکو پەیامێک نەک هەوڵدان بۆ شەڕ و ئاڵۆزییەکان.
بەپێی راپۆرتەکە، ئەمەریکا بەناڕاستەوخۆ ئێرانی ئاگادارکردۆتەوە کە هەر شاڵاوێکی دژی هێزەکانی ئەمەریکا لەلایەن هێزە بریکارەکانی ئێران لەعێراق ئەنجامبدرێ ئەوا لەلایەن واشنتۆنەوە بەشاڵاوی ڕاستەوخۆی ئێران تەماشادەکرێ و زەنگی هەڵایسانی شەڕ دەبێت.
شیاوی باسکردنە، ئێران هەوڵەکانی چاودێریکردنی لەناوچەکەدا بەرزکردۆتەوە و ئەوەش بەلای ئەمەریکا و، عەرەبستان و هێزەکانی دیکەی کەنداو جێی تێڕامان و، زەنگێکی ئاگادارکردنەوەیە.
کاریگەرییەکانی ئێران لەسەر وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەڕێگای بەکارهێنانی میلیشیایەکان کە لەناوچەکەدا بەربڵاون زیاتر نیگەرانی بۆ بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا دروستکردوە بەتایبەتی کە بەشێک لەو هێزانە مێژووی شاڵاوکردنە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایان پێشتر هەبوە.
ئێران لەڕێگای شارەزاییەکانیەوە مەشق و ڕاهێنانی بەهێزەکانی گروپە میلیشیاکان لەناوچەکەدا بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی دڕۆنەکان کردوە، ئەوەش لەلایەن چەند بەرپرسێکی پێشوی ئاسایشی عێراقی پشتڕاستکراوەتەوە.
بەرپرسانی عەرەبستانیش دەڵێن، سوپای پاسداران و، حیزبوڵلا ڕێنماییان داوەتە حوسیەکان لەسەر چۆنیەتی بەکارهێنانی دڕۆنەکان و، لەڕێگای ڤیدیۆوە شارەزایی تەکنیکیان بۆ ناردون.
نەتەوە یەکگرتوەکانیش ئاماژەی بەوەداوە کە حوسیەکان ئێستا دڕۆنیان لەبەردەستدایە کە توانای بەردانەوەی بۆمبی گەورەی هەیە کە پێشتر نەیانبوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە لەمانگی ئایاری ڕابردوودا حوسیەکان لەڕێگای دڕۆنەوە لەدوو وێستگەی نەوتیان لە عەرەبستان داوە.
لەعێراقیش بەرپرسێکی کەتائیب حیزبوڵلا کە ناوەکەی نەگوتوە دەڵێ، لەوەتەی ساڵی (٢٠١٤) ەوە ئێران مەشق و چالاکیەکانی بەکارهێنانی دڕۆنەکانی بە میلیشیاکان کردوە، کە ئەو کاتە بەزۆری لەدژی داعش بەکارهێنراون.
هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە، میلیشیایەکان هەندێک جار ئەو دڕۆنانەیان بۆ چاودێریکردنی هێزەکانی ئەمەریکا لەعێراق لەکاتی ململانێیەکانی سووریادا بەکارهێناوە بۆ پاڵپشتیکردنی (بەشار ئەسەد).
دوو بەرپرسی دیکەی عێراقی کە لەچالاکیەکانی میلیشیایەکان ئاگادارن، بەهۆشدارییەوە ئاماژەیان بەوەداوە ئێستا گروپی میلیشیایەکان لە عێراق شارەزایی تەواویان هەیە لە ئیشپێکردن و، چاککردنەوەی دڕۆنەکان و چۆنیەتی بەکارهێنانیان بۆ ئەنجامدانی شاڵاوەکان.
بەرزکردنەوەی هەوڵەکانی چاودێریکردن لەڕێگای دڕۆنەکانەوە لەلایەن ئێرانەوە لەکاتێکدایە کە گرژییەکان لەکەنداو پێبەپێ بەرزتربونەتەوە. بەرپرسێکی ئەمەریکایی دەڵێ ئێران ئێستا ڕۆژانە بەبەردەوامی دوو بۆ سێ دڕۆن لەسەر ئاوی کەنداو بەکاردێنێ، ئەوەش بەرزکردنەوەی هەوڵەکانی ئێرانە لە چاودێریکردنی گەورووی هورمز، کە شوێنی تێپەڕینی یەک لەسەر پێنجی نەوتی هەموو جیهانە.
هەڵبەتە لەماوەی دوو مانگی ڕابردوودا ئەمەریکا و عەرەبستان و، چەند وڵاتێکی دیکەی کەنداو ئێرانیان تاوانبارکرد کە شاڵاوی لەدژی شەش کەشتی نەوتی بارهەڵگر لەنزیک گەرووی هورمز ئەنجامداوە. هەروەها لەو چەند ڕۆژەی رابردووشدا گرژییەکان لەنێوان بەریتانیا و ئێرانیش زیادیکردوە، پێشتر بەریتانیا دەستی بەسەر کەشتیەکی نەوتی ئێراندا گرتبوو، لەبەرانبەردا ڕۆژی هەینیش ئێران کەشتیەکی بەریتانیای لە گەرووی هورمز لاداوە و دەستی بەسەردا گرتوە. لەسەر ئەو ڕەوشە تازەیە ئەمەریکا و بەریتانیا لەهەماهەنگیدان بۆ هەڵسەنگاندن و بڕیاری پێویست بۆ ڕووبەرووبونەوەی شاڵاوەکانی ئێران لەئاوی کەنداودا.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler