ئاب 11, 2020

ئابووریی توركیا لەژێر رەحمەتی ئەمریكادایە

لە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی و سەرۆكایەتی ٢٤ی حوزەیران لە ٢٠١٨، ئابووری توركیا لە بری ئەوەی بەرەو باشی بڕوات، بە پێچەوانەوە بەرەو خراپی رۆیشتوە. بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بە هیچ شێوەیەك بەرز نەبوەتەوە، لە كاتێكدا ئەكەپە بەڵێنی بە خەڵك دابوو كە ئابووری توركیا بەرەو باشی دەبەن.

ماڵپەڕی ( CNN)_ی توركی لەبارەی ئابووری توركیا راپۆرتێكی بڵاوكردوەتەوە و، لەوێدا ئاماژەی داوە كە دوای ئەوەی توركیا مووشەكی بەرگری S400ی لە روسیا وەرگرت، ئیدی ئاماژەكانی ئابووری توركیا روو لە خراپی دەكات و پێ دەچێت بارودۆخ بەرەو خراپی بچێت.
لە راپۆرتەكەدا هاتوە، ئەگەر ئەمریكا سزای ئابووریش بەسەر توركیادا نەسەپێنێت، بارودۆخ بەرەو باشی ناچێت، چونكە توركیا لە ناوخۆدا كێشەی هەیە و لە ناوخۆدا كێشەی سیاسی هەیە كە ئەویش كاریگەری لەسەر ئابووری توركیا كردوە.
لە لایەكی ترەوە، ئەو قەرزانەی بەسەر توركیادا كەڵەكەبوونە بە رادەیەك زۆرە ناتوانێت بیانداتەوە، ئەمەش وا دەكات سووی زۆری بێتە سەر و بەهای لیرەی توركیش دابەزێت.
زۆربەی ئەو شارەوانییانەی لە دەستی ئەكەپە بوە و پاشان كەوتوەتە دەست پارتی ئۆپۆزسیۆن، قەرزێكی زۆری لە دوای خۆیدا بەجێهێشتوە، كە سەرۆكی شارەوانی تازە ناتوانێت ئەو قەرزانە بداتەوە.
رۆژنامەی (سۆڵ)_ی توركی ئاشكرای دەكات، تەنیا لە ئیستەنبۆڵ ئەكەپە ٣٠ ملیار لیرەی توركی قەرزی بەجێ هێشتوە، هەروەها لە ئەنكەراش زیاتر لە ١٠ ملیار لیرەی بەجێهێشتوە، ئەمە جگە لەوەی لە ئەنتاڵیا و مێرسین و ئامەد و مێردین و قارس بە هەمان شێوە بە ملیارات لیرەی توركی وەكو قەرز بەجێهێشتوە.
رۆژنامەی ناوبراو پێی وایە، ئەگەر لەمساڵدا نەتوانرێت ئەو قەرزانە سووك بكرێت، شارەوانی ناتوانێت وەكو پێویست كار بكات و هەلی كار بدۆزێتەوە و پرۆژەی وەبەرهێنان ئەنجام بدات، كە ئەوانەش نەبوو، كەواتە ئابووری توركیا بەرەو خراپی دەچێت.
لە لایەكی ترەوە رەجەب تەییب ئەردۆغان هەموو هەوڵی خۆی بەكار هێناوە، تا بتوانێت چەند راوێژكارێكی ئابووری گەورە بهێنێتە ریزی پارتەكەی تا بتوانن رێگە لەو قەیرانە ئابوورییە بگرن.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەشی لە زۆرێك لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراوەتەوە، ئەردۆغان لەو گۆڕانكارییانەی بە نیازە ئەنجامی بدات، تیشك دەخاتە سەر لایەنی ئابووری، چونكە دەزانێت یەكێك لەو هۆكارانەی وای كرد لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكان شكست بهێنێت، خراپی لایەنی ئابووری وڵات بوو.

بڕیارەكەی پەنتاگۆن بەهای لیرەی توركی دابەزاند
دواجار پەنتاگۆن بڕیاری دا فڕۆكەی جەنگی F35 رادەستی توركیا نەكات، بە هۆی ئەوەی توركیا بەبێ گوێدانە ناتۆ سیستەمی بەرگری S400ی لە روسیا كڕیوە. ئەم بڕیارەی پەنتاگۆنیش كاریگەری لەسەر بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دروست كرد.
، نموونە راگرتنی دروستكردنی فڕۆكەی جەنگی F35 بەهاوبەشی لەگەڵ توركیا، هەروەها مەشق پێكردنی سەربازانی توركیا و زۆر هەنگاوی سەربازی تر.
بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار بە شێوەیەكی كەم دابەزینی تۆمار كرد. ١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بە ٥٧٠ لیرە و جاروباریش ٢ لیرە كەم و زیاد دەكات، ئەمەش لە كاتێكدا بوو لە ٢ رۆژی رابردوو بە ٥٦٠ لیرە ئاڵوگۆڕی پێوە كراوە.
پەنتاگۆن هەموو ئەو فڕۆكەوانەش رەوانەی توركیا دەكاتەوە، كە لە ئەمریكان بۆ فێربوونی چۆنییەتی بەكارهێنانی ئەو فڕۆكەیە، بۆیە ئەمە دەبێتە خاڵێكی بەهێزی ناكۆكی نێوان توركیا و ئەمریكا و توركیاش خۆی ئامادە دەكات تا بتوانێت وەكو جێگیرەوەی F35، چەند فڕۆكەیەكی تەكنەلۆژیا بەرز لە روسیا بكڕێت. ئەمەش بە گوێرەی هەواڵێكی مالپەڕی (سپوتنیك)_ی روسی.
لە لای خۆشییەوە ماڵپەری (بلوومبێرگ) بەشی توركی ئاماژەی داوە، ئەگەر ناكۆكی نێوان توركیا و ئەمریكا پەرەبسێنێت، رەوشی ئابووری توركیا بەرەو خراپی دەچێت و بەهای لیرەی توركی بە رێژەیەكی بەرچاو بەرامبەر بە دۆلار دادەبەزێت.

© 2017 Hawler