ئاب 11, 2020

ئایا سیستەمی بەرگریی موشەکیی ڕووسیا بۆ تورکیا، پەیوەندیی لەگەڵ ئەمەریکا تێکدەدات؟

ڕۆژی هەینی (١٢ی تەمموزی ٢٠١٩) یەکەم کاروانی کەلوپەلەکانی سیستەمی بەرگری پێشکەوتووی (ئێس ٤٠٠)ی ڕووسیایی گەیشتە ئەنقەرە، بەگوتەی بەرپرسانی باڵای تورکیا تەواوی سیستەمەکە مانگی نیسانی (٢٠٢٠) دەگاتە تورکیا و دەکەوێتە ئیشپێکردن.

کڕینی سیستەمی بەرگری پێشکەوتووی هەوایی لەڕووسیا لەلایەن تورکیاوە کە وڵاتێکی ئەندامی ناتۆیە و هاوپەیمانی ستراتیژی ئەمەریکاشە کاردانەوەی جیاجیای لێ پەیدادەبێ و، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەدەن کە دەستپێکی کاردانەوەکانی ئەمەریکا ڕاگرتنی پرۆگرامی فرۆشتنی فڕۆکەی (ئێف ٣٥) بە تورکیا دەبێت.
بەگوێرەی راپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) کێشەی سەر کڕینی سیستەمی بەگری پێشکەوتوی (ئێس ٤٠٠) کە ئەمەریکا دەڵێ لەگەڵ سیستەمی سەربازی ناتۆدا ناگونجێ و هەڕەشە لەسەر ڕاگرتنی فڕۆکەی شەڕکەری (ئێف ٣٥) دروستدەکات یەکێکە لەو پرسە ئاڵۆزانەی کە پەیوەندی نێوان ئەمەریکا و تورکیا بۆ ئاقارێکی خراپ بردوە.
ڕۆژی هەینی تورکیا یەکەم کاروانی کەولوپەلەکانی ئەو سیستەمەی لە ڕووسیاوە بەدەست گەیشت، ئەمەریکا کە هەر لەسەرەتاوە ناڕازی بوو لەسەر ئەو مامەڵەیە لەوانەیە کاردانەوەکانی بریتی بێ لە مامەڵەکردن لەگەڵ تورکیا بەپێی یاسایڕووبەڕووبونەوە لەڕێگای دانانی سزاوە.
لەژێر ئەو یاسایەدا ئەو وڵاتانە دەکرێنە ئامانج کە کەلوپەلی سەربازی لەڕووسیا دەکڕن، لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا دەتوانێ لە مەودای (١٢) سزادا (پێنج) سزا بەسەر تورکیادا بچەسپێنێ بۆ نمونە لە ڕاگرتنی ڤیزا و، ڕێگریکردن لە تورکیا بۆ دەستگەیشتن بە هەناردە و هاوردەی بانکی ئەمەریکا و، وە ئەگەر توندتریش هەنگاوبنێ دەتوانێ حەواڵەی سیستەمی دارایی لەگەڵ ئەمەریکا ڕابگرێ و، ڕێ بە موڵەتی هەناردەکردنیش نەدات.
سەرەڕای ئەوەی کە (رەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆککۆماری تورکیا تاڕادەییەک دڵنیایی هەبوو لەدوای کۆبونەوەکەی مانگی ڕابردووی لەگەڵ (دۆناڵد ترەمپ) کە بەهۆی کڕینی سیستەمە موشەکیەکەی ڕووسیاوە توشی سزادان نابن، بەڵام ئەمەریکا پلانی هەیە تورکیا لە پڕۆگرامی بەرهەمهێنانی (لۆکهید مارتین) ی فڕۆکەی شەڕکەری (ئێف ٣٥) دەربهێنێت کە لە دروستکردنی ئەو فڕۆکەیەدا کۆمپانیا تورکیەکان یارمەتیدەرن و وەبەرهێنانیا هەیە کە بەپێی چەند ڕاپۆرتێکی میدیای نزیکەی زیاتر لە (٩٠٠) پارچەی فڕۆکەکە لەلایەن ئەوانەوە دروستکراون، هەروەها تورکیا پلانی کڕینی (١٠٠) فڕۆکەی جۆری (ئێف ٣٥) یشی هەیە.
خراپبونی پەیوەندی نێوان تورکیا و ئەمەریکا بۆ چەند ساڵی ڕابردوو دەگەڕێتەوە، لەدوای کودەتایەکەی تەمموزی (٢٠١٦) تورکیا داوای رادەستکردنەوەی (فەتحوڵا گولەن) لە ئەمەریکا دەکات بۆ دادگاییکردن بەتۆمەتی کەسی دیاری پشت کودەتایەکە بەڵام ئەمەریکا تائێستاش داوایەکەی تورکیا ڕەتدەکاتەوە.
تورکیا نیگەرانە لەپاڵپشتی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی(یەپەگە)ی سووریا کە ڕۆڵێکی دیاریان هەبوە لە تێکشکاندنی داعش لە سووریا، ئەنقەرە (یەپەگە) بەگروپێکی تیرۆریست و درێژکراوەی (پەکەکە) دەزانێ و پێیوایە هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر ئاسایشی تورکیا. ئەمەریکا هەماهەنگی هەیە لەنێوان تورکیا و (یەپەگە) دا بۆ دروستکردنی ناوچەیەکی ئارام لەسنوری باشووری تورکیا، ئەنقەرە دەیەوێ هێزەکانی یەپەگە لەو ناوچانەی سنوری بکشێنەوە بۆ دڵنیایی ئارامی ناوچەکە بەڵام واشنتنیش گەرەنتی لەتورکیا دەوێ کە ئازاری ئەو هێزانە نادات. ئەو پاڵپشتیانەی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی یەپەگە بۆ تورکیا جێی نیگەرانیە و هۆکارێکی دیکەی سەرەکی تێكچونی پەیوەندییەکانیەتی لەگەڵ ئەمەریکا.
ئەمەریکا لەکاتی هەڵدانەوەی سزا ئابورییەکانی سەر ئێران، نزیکەی هەشت وڵات بۆ ماوەیەکی کاتی ڕێگەپێدراوبوون نەوت لەئێران بکڕن و تورکیاش یەکێک بوو لەو وڵاتانە، بەڵام دوای ئەو شەش مانگە ئەمەریکا موڵەتی بۆ درێژنەکردنەوە. تورکیا ئەگەرچی پابەندی تەواوەتی نەکڕینی نەوت و گازی ئێران بوو بەڵام زیانێکی گەورەی لەو سزایانە پێگەیشتوە، چونکە ئەو وڵاتە تاڕادەییەکی زۆر پشتی بەستوە بە هاوردەکردنی پێویستیەکانی وزە لە ئێرانەوە و، چاوەڕێیدەکرد لە ئەمەریکای هاوپەیمانی دەرفەتێک بۆ تورکیا لەو بوارەدا بهێڵێتەوە.
چەندین فاکتەری دیکەی ناوچەیش هەن کە تورکیا و ئەمەریکا لەسەری ناکۆکن، لەوانە سیاسەتی ئەمەریکا لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی لەپاڵپشتی گەورەی بۆ ئیسرائیل بۆ تورکیا جێی دڵخۆشی نیە و تورکیای بەلای ڕووسیادا بردوە.
شیاوی باسکردنە، کڕین و بەدەستگەیشتنی کاروانی کەلوپەلەکانی سیستەمی بەرگری موشەکی (ئێس ٤٠٠) ی ڕووسیایی بۆ تورکیا تەنها لەکاردانەوەی قسە و گوتە دەچێتەدەرێ و کاریگەری زیاتری دەبێت.
هەڵوێستی ئەمەریکا دیار و ڕوونە، نایەوێ تورکیا سیستەمی موشەکی لەڕووسیا بکڕێ و، ئەگەر تورکیا سیستەمی موشەکی ڕووسیای هەبێت ئەوا ئەو (١٠٠) فڕۆکە شەڕکەرەی (ئێف ٣٥) کە کاریگەرترین فڕۆکەی شەڕکەری ئەمەریکایین و بڕیارە بیانکڕی، دەستی ناکەون. لەدەستپێکدا ئەمەریکا ڕاهێنانی فڕۆکەوانەکانی تورکیای ڕاگرتوە، ئێستا ئەگەرچی تورکیا چەند فڕۆکەیەکی بەدەستگەیشتوە بەڵام پنتاگۆن بەڕوونی ئەوەی ڕاگەیاندوە کە لەهەبوونی (ئێس ٤٠٠)ی ڕووسیدا، تورکیا ناتوانێ (ئێف (٣٥) ی ئەمەریکایی هەبێت و پرۆگرامەکە بەتەواوەتی ڕادەگیرێت.
سیستەمی بەرگری موشەکی (ئێس ٤٠٠) سیستەمێکی پێشکەوتووی بەرگری هەوایە کە چاودێری ڕاداری دوور مەودای ئامانجەکان دەکات. ئامانجی شاراوە بەزوویی هەست پێدەکات و زانیاری دەداتە سیستەمەکانی دواتر تاوەکو فەرمان بدەن ئامانجەکە لەڕێگای موشەکەوە بپێکن، وە دیسان بەسیستەمی ڕاداری دیکە ڕێنمایی موشەکەکان دەکرێت بۆ پێکانی ئامانجەکە بەدروستی.
ئەو سیستەمە تەنها چەکێک نیە بەتەنیا بەڵکو پاکێجکە کە سیستەمی موشەکی جۆراوجۆری لەخۆگرتوە و، لەتوانایداهەیە لەبەرزی زۆرەوە فڕۆکە و موشەک بدۆزێتەوە و ڕووبەروویان ببێتەوە.
تورکیا وێڕای ئەوەی ئەندامی ناتۆیە و ڕێگاپێدراونیە چەکی پێشکەوتوو لەدەرەوەی ڕێنماییەکانی ناتۆ بکڕێ بەڵام بیانووی ئەوەی هەیە کە وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا جێگرەوەی باشتریان لەڕووسیا نەخستۆتەڕوو، هەروەها تورکیا وەکو پێویستیەکی بەرگری ئەو سیستەمەی لەڕووسیا کڕیوە.
ئەمەریکا و ناتۆ ترسیان لەوە هەیە کە تەکنیککارانی ڕووسیایی کاتێ لە تورکیا ڕاهێنان و بەکارهێنانی (ئێس ٤٠٠) دەستپێدەکەن، لەوانەیە لەو ڕێگایەوە داتایەکانیان لەسەر (ئێف ٣٥) دەستکەوێ ئەگەر فڕۆکە (ئێف ٣٥) ەکانی تورکیا لەو کاتانەدا چالاکی بنوێنن، بۆیە بەوریایەوە تەماشای ئەو دۆخەدەکەن و بایەخی پێدەدەن.
تورکیا لێرەبەدواوە سیستەمە بەرگرییە موشەکیەکەی بەتەواوەتی بەدەستدەگات، ئەگەرچی لەوە دەڕوانێ ئەمەریکا بەتێگەیشتن و دۆزینەوەی چارەسەرێکی گونجاو بۆ ئەو پرسە مامەڵەی لەگەڵدا بکات، بەڵام شارەزاییان لەو باوەڕەدان ئەمەریکاش دژە هەنگاو لەبەرانبەر تورکیادا هەڵدەگرێ و، لەداهاتوودا هەنگاوەکانی لە ئاماژە و گوتەوە دەبنە کردار.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler