تەمموز 18, 2019

ئۆپێک بۆ تاوتوێکردنی ڕێکەوتنی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەمی نەوت لە ژنێف کۆدەبێتەوە

سیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەم لەڕابردوودا کاریگەری هەبوە لەسەر بەرزکردنەوەی نرخی نەوت کە وڵاتانی ئۆپێک و ڕووسیا پەیڕەوی دەکەن، لەو حەفتەیەدا جارێکی دیکە نوێنەرانی ئۆپێک و ڕووسیا کۆدەبنەوە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی بەرهەم و بازاڕ و چاوەڕێدەکرێت درێژە بەسیاسەتی کەمکردنەوەی بەرهەم بدەن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) لەڕۆژانی (١ و ٢ی تەمموز) لە ژنێف وەزیرانی نەوتی ئۆپێک و ڕووسیا بۆ تاوتوێکردنی دۆخی ئێستای بازاڕ و بەرهەم کۆدەبنەوە، ئەو ڕێکەوتنەی پێشوتر کە لەمانگی کانونی دووەمی ڕابردوودا هەبوو ئێستا کۆتایی هاتوە کە لەو ماوەیەدا ڕۆژانە نزیکەی (ملیۆنێک و دوو سەد هەزار بەرمیل) بەرهەمی نەوتیان کەمترکردبۆوە.
لەو بارەیەوە (سامر غەزبان) وەزیری نەوتی عێراقی گوتی، درێژە بەو بەرنامەیە دەدرێت بەلانیکەم بەو ئاستەی ئێستا چونکە زۆر چالاک نەبوە، وە تەنها چالاک بوە لە ئاستێکی دیاریکراودا بۆ کەمکردنەوەی ئەو نەوتە زۆرەی لەبازاردا هەبوە بەڵام ئێستا بیرۆکە یان داوا هەیە بۆ زیاترکردنی ئاستی کەمکردنەوەی بەرهەم.
هەروەها گوتیشی، ئەو پرسەیە لە ژنێف تاوتوێ دەکرێ، لەبارەی جێگرەوەکان بۆ ئەو ڕێکەوتنەی ئێستا و چۆنیەتی کەمکردنەوەی بڕە نەوتی زیاتر هیچی دیکەی ئاشکرا نەکرد بۆ ڕۆژنامەوانان.
نەوت لەبازاڕدا بەشێوەیەکی بەرچاو کەمیکردوە چونکە بێجگە لەوەی کە ئۆپێک و ڕووسیا بەهەماهەنگی پەیڕەوی سیاسەتی کەمکردنەوەی هەناردەی نەوت دەکەن، هاوکات ئەمەریکاش سزای خستۆتە سەر کەرتی نەوتی ئێران و ڤەنزویلا ئەوەش کاریگەری بەهەمان شێوە و بگرە زیاتریش هەبوە.
داتایەکان نیشانیدەدەن کە سزایەکانی ئەمەریکا بۆ سەر ئێران و ڤەنزویلا ئاستی بەرهەمی هەناردەی نەوتی زیاتر کرمکردوە لەڕێکەوتنی ئۆپێک و ڕووسیا بۆ کەمکردنەوەی بەرهەم، کەواتە سیاسەتی (دۆناڵد ترەمپ) لەدژی ئەو دوو وڵاتە گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت کاریگەری زیاتری هەبوە لەسەر ئاستی کەمکردنەوەی بەرهەم لە سیاسەتی (ئۆپێک) و ڕووسیا.
ئۆپێک و ڕووسیا و وڵاتانی دیکەی دەرەوەی ڕێکخراوەکە پێشتر ڕازیبون کە ڕۆژانە بڕی ملیۆنێک و دوو سەد هەزار بەرمیل لە بەرهەم ببڕن، لەو بڕە نەوتە نزیکەی (٨٠٠) هەزار بەرمیل نەوتی بەر ئۆپێک کەوتبوو کە لەنێوان یازدە وڵاتی ڕێکخراوەکەدا دابەشکرابوو.
داتایەکانی (ڕۆیتەرز) دەریانخستوە کە کەمکردنەوەی ڕاستەقینەی بەرهەمی هەناردەکراوی نەوت بەڕێژەی (٢،٥ ملیۆن) بەرمیل بوە لەهەر ڕۆژێکدا، چونکە عەرەبستان زیاتر لەوەی لەڕێکەوتنەکە بۆی دانراوە بەشە نەوتی خۆی کەمکردوە و، هەروەها بەهۆی سزایەکانی ئەمەریکاش لەسەر دوو ئەندامی ڕێکخراوی ئۆپێک کە ئێران و ڤەنزویلان زیاتر لەوەی کە ئۆپێک و ڕووسیا لەسەری ڕێکەوتوون بەرهەمی هەناردەی نەوت کەمتربۆتەوە لەبازاڕەکانی جیهاندا.
(ترەمپ) داوای لە ئۆپێک کردوە بەرهەم زیادبکەنەوە لەپێناو دابەزاندنی نرخی نەوتدا، نرخی نەوت لەمانگی نیسانی ڕابردوودا گەیشتە نزیکەی (٧٥ دۆلار) بۆ هەر بەرمیلێک بەڵام لەو کاتەوە دابەزیوەتەوە بۆ (٦٦ دۆلار)، هەندێک لەوڵاتانی ڕیکخراوی ئۆپێک هۆکاری داشکانەوەی نرخی نەوت دەگێڕنەوە بۆ سیاسەتەکانی (دۆناڵد ترەمپ).
لەکۆبونەوەی ئەو جارەی (ئۆپێک) و ڕووسیا چەند سیناریۆیەک تاوتوێدەکرێن کە بریتین لە:
درێژەدان بەو ڕێکەوتنەی ئێستا، واتە پابەندبوون بەڕێکەوتنی کەمکردنەوەی بەرهەم کە لەمانگی کانونی یەکەمی ساڵی (٢٠١٨) گرێدراوە، کە بریتیە کەمکردنەوەی بەرهەم بەبڕی یەک ملیۆن و دووسەد هەزار بەرمیل لەڕۆژێکدا، چاوەڕێدەکرێ ئەو سیناریۆیە زۆرترین پاڵپشتی هەبێ.
شێوازێکی دیکەی ڕێکەوتن، چەند بیرۆکەیەک هەیە بۆ زیادکردنەوەی بەرهەم، هەڵبەتە ئەمەریکاش داوا لە ئۆپێک دەکات بەڵام ئەوە زۆر پشتیوانی لێناکرێ چونکە ئۆپێک و ڕووسیاش نایانەوێ نرخی نەوت دابشکێتەوە.
سیناریۆیەکی دیکە بریتیە لە کەمترکردنی بڕی بەرهەم لەوەی کە ئێستا هەیە، شارەزایانی بواری نەوت و نزیک لە ئۆپێک ئەو سیناریۆیەش بەدوور دەزانن چونکە وڵاتانی ئۆپێک و ڕووسیاش نایانەوێ بەشە بەرهەمیان لەوە کەمتربێ. وە ڕیکنەکەوتن لەسەر هیچ کام لەو سیناریۆیانە، ئەوەیش دەشێ ڕووبدات بەڵام بەپێی ئاماژەکانی بەرپرسانی ئۆپێک ئەو سیناریۆیەش زۆر ئەگەری لێناکرێ.
شیاوی باسکردنە، سیاسەتی کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەم کاریگەری هەبوە لەسەر بازاڕەکانی نەوت لەجیهاندا و پاڵپشتی بوە بۆ بەرزکردنەوەی نرخی نەوت، کۆبونەوەی ئەو جارەی ئۆپێک و ڕووسیاش لە ژنێف بۆ هەمان مەبەستە و چاوەڕێدەکرێ ڕێککەوتن بکرێ لەسەر درێژکردنەوەی پابەندبوون بە کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەم.
سزایەکانی ئەمەریکا لەسەر ئێران و ڤەنزویلا کاریگەری گەورەی هەبوە لەسەر کەمکردنەوەی بەرهەمی نەوت لەبازاڕدا، ڤەنزویلا سەردەمانێک کە لە سێ وڵاتە گەورە بەرهەمهێنەرەکەی نەوت بوو چەند ساڵێکە بەهۆی داڕوخانی ئابورییەوە پاشەکشەی کردوە، وە ئەو ساڵ ئەمەریکاش سزای خستە سەر کۆمپانیای نەوتی کەرتی گشتی ئەو وڵاتە و قەیرانەکەی قوڵترکردۆتەوە.
وە ئەمەریکا لەمانگی تشرینی دووەمی ساڵی (٢٠١٨) ەدا سزای خستەوە سەر کەرتی نەوتی ئێران و لەمانگی ئایاری ئەو ساڵیشەوە کڕیارەکانی نەوتی ئێرانی ئاگادارکردن کە چیدیکە نەوت لەئێران نەکڕن،بەوەش هەناردەی نەوتی ئێران بەهۆی سزایەکانی ئەمەریکاوە بەڕێژەیەکی بەرچاو دابەزیوە کە لەسێ حەفتەی یەکەمی مانگی حوزەیراندا نزیکەی (٣٠٠ هەزار) بەرمیل بوە لەڕۆژێکدا ئەوە لەکاتێکدایە کە تەنها دوو مانگی پێشتر واتە پێش ئەوەی ئەمەریکا ڕێگای فرۆشتنی نەوتی ئێران بگرێ ڕۆژانە نزیکەی (٢،٥ ملیۆن) بەرمیل نەوتی هەناردە کردوە.
ململانێیەکانی کەنداو کە لەنێوان ئەمەریکا و ئێراندا هەیە و، هەروەها سیاسەتی ئۆپێک و ڕووسیا بۆ کەمکردنەوەی ئاستی بەرهەم و، سزایەکانی ئەمەریکاش لەسەر ئێران و ڤەنزویلا، هەموویان پێکەوە پاڵنەری گەرمکردنی بازاڕی نەوتن و لەبەرژوەندی بەرزکردنەوەی نرخی نەوتدان.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler