حوزەیران 04, 2020

هەناردەی نەوتی ئێران کەم بووەتەوە

"ئەمێریتا سێن" لێکۆڵەری وزەی سپێکت لە وڵامی ئەم پرسیارە کە ئایا دەتوانین چاوەڕێ ئەوە ببین کە ڕەوتی نزمبوونەوەی هەناردەی نەوتی ئێران تا گەیشتن بە ئاستی سفر درێژەی هەبێت، گوتی: بەڕای من ئێران هەر ئێستاش بە سفر نزیک بووەتەوە.

ئێران ڕەنگە بتوانێ تا 900 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا باری کەشتییەکانی بکا، بەڵام توانیوە تەنیا دوو باری نەوت لە ڕێگای تورکیاوە بۆ سووریا هەناردە بکات و دوو نەوتهەڵگری دیکەی ئێران هێشتا لە نزیکی چین سەرلێشواون و بارەکەیان بەتاڵ نەکردووتەوە.
بەوتەی ئەمێریتا سێن، ئەمەش بەواتای ئەوەیە کە زۆرترین هەناردەی نەوتیان تا 250 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدایە و ڕێژەی هەناردەکان لە مانگی جۆزەردان بەپێ زانیارییەکان کە لە شوێنهەڵگرتنی نەوتهەڵگرەکان پێمان گەیشتووە، تەنانەت کەمتر لە 100 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بووە.
بە بڕوای ئەم لێکۆڵەرە، بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهانیدا هێشتا پیشاندەری نزمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت لە لایەن ئێران و ڤەنزوێلاوە نییە و ئەم بازاڕەش چاوەڕێ دیدار و چاوپێکەوتنی سەرکۆمارانی ئەمریکا و چین و ئەنجامەکەیە. ئەمێریتا سێن لە درێژەی قسەکەیدا گوتیشی کە جێگرەوە کردنی نەوتی ئێران بۆ وڵاتانی گەورەی بەرهەمهێنەری نەوت وەک عەرەبستان و ئیمارات کارێکی هاسان نییە و تا ئەو کاتەی کە بەهای نەوت هەڵکشانێکی بەرچاوی نەبێت بەدووری دەبینم کە لە کۆبوونەوەی دوایی ئۆپێک، ئەندامەکانی ئەم دامەزراوە بڕیار لەسەر ئەوە بدەن کە ڕێژەی بەرهەمهێنانی نەوتیان بەرزبکەنەوە.
بەپێ لێکۆڵینەوەی تاقمێک لە پسپۆڕانی پاپۆڕەوانی و نەوت، ڕێژەی کۆکردنەوە و ئەنبارکردنی نەوت لە لایەن ئێرانەوە لە مانگی جۆزەردانەوە تا ئەو ڕادەیە بەرز بووەتەوە کە نێونجی کۆکردنەوە و ئەنبارکردنی کورتخایەنی نەوتی جیهانی گەیاندووتە بەرزترین ئاستی خۆی لەماوەی ئەم دوو ساڵەی دواییەدا.
ڕۆژی دووشەمە 2٤ی جۆزەردان، پاش زیاتربوونەوەی گەمارۆکانی ئەمریکا، ئاستی هەناردەی نەوتی ئێران نزمبووەتەوە بۆ 300 هەزار بەرمیل لە ڕۆژ و تەنانەت کەمتر لەوەش. پێش دەسپێکردنی گەمارۆ نوێیەکانی دەوڵەتی ترامپ، هەناردەی نەوتی ئێران 2 ملیۆن و 700 هەزار بەرمیل لە ڕۆژدا بوو.

© 2017 Hawler