تشرینی یەکەم 16, 2019

سووریا ده‌توانێت هێرشه‌كانی سه‌ر عه‌فرین ڕابگرێت؟

ڕۆژی سێ شەممە هێرشی تورکیا لەباکوری سووریا بۆ سەر عەفرین پێی نایە مانگی دووەمیەوە، لەو ماوەیەدا وێڕای ئەوەی ئۆپەراسیۆنەکە پێشڕەویی کەمی ئەنجامداوە، هاوکات پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا و هەروەها واشنتن بەرەو خراپی ڕۆیشتون، وە هاوکێشەکان لەناوخۆی سوریادا بەرەو ئاڵۆزی زیاتر و بەئاستەنگتر بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (دەیلی‌مەیل) ئەنقەرە لە (٢٠ی کانونی دووەمی ساڵی ٢٠١٨) ەدا شاڵاوی سەربازی لەژێر ناوی (چڵی زەیتون) بۆ سەر عەفرین لەباکوری سووریا دەستپێکرد، کە بانگەشەی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ سەر یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) بوون.
تورکیا بەبەردەوامی (یەپەگە) وەکو بەشێک لە (پەکەکە) دەخوێنێتەوە و، لەوەتەی دامەزراندنی (پەکەکە) ەوە لەساڵی (١٩٨٤) لەشەڕی دژی (پەکەکە) دایە، هەر بۆیە دروستبونی ناوچەیەکی ئەتۆنۆمی لەباکوری سووریا وەکو چڕبونەوەی هەڕەشەکانی سەر خۆی دەزانێت.
لەماوەی ئەو مانگەی شەڕی عەفریندا ڕاپۆرتەکان لەبارەی ژمارەکانەوە جیاوازن، تورکیا داتایەکی بڵاوکردۆتەوە، یەپەگە داتایەک و هەروەها ڕوانگەی سووریا بۆ مافەکانی مرۆڤیش داتایەکی دیکە، هەموو ئەوانە ئەو ڕاستیە ئاشکرا دەکەن کە هیچ لایەنێک ڕێژەی ڕاستی قوربانیەکانی بڵاونەکردۆتەوە.
بەپێی ڕاونگەی سووریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ، نزیکەی (٢٣٨) چەکداری (چڵە زەیتون) کە هێزەکانی تورکیا و بەشێک لەئۆپۆزسیۆنن کوژراون، وە نزیکەی (١٩٧) شەڕڤانی یەپەگەش کوژراون.
بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتوەکان لەدوای سێ ڕۆژ لەدەستپێکردنی هێرشی تورکیا بۆ عەفرین نزیکەی (پێنج هەزار) کەس ئاوارەبوون، لەو کاتەوە ڕێژەی ئاوارەبون لەگەڵ درێژبونەوەی ئۆپەراسیۆنەکەدا لەئاستی هەڵکشاندا بوە.
ڕۆڵی سووریا لەشەڕی عەفرین:
لەڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) دا هاتوە، لەماوەی شەش ساڵی ڕابردووی شەڕی سووریادا، حکومەتی سووریا هیچ ڕۆڵێکی نەبوە لەعەفرین بەڵکون ئەو ناوچەیە لەژێر کۆنتڕۆڵی یەپەگەدا بوە، لەو ماوەیەدا هێزەکانی نزیک لەحکومەتی سووریا و سوپایەکەی شەڕی ڕاستەخۆیان لەدژی (یەپەگە) دا نەبوە، بەڵام پێکهەڵپژانیان جار جارە هەبوە لەنێوانیاندا.
حکومەتی سووریا لەدژی داواکردنی ناوچەی ئەتۆنۆمیە بۆ ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کوردی لەباکوری سووریادا بۆیە بەبەردەوامی هەڕەشەی گرتنەوەی ئەو ناوچانەی کردوە، ئەگەرچی لەبنەڕەتدا دژی ئەو داوایەی کوردانە بەڵام پێدەچێ لەئاستی هێرشەکانی تورکیادا بۆ داگیرکردنی ناوچەکانی سووریا، هەردووکیان هاوهەڵوێست بن واتە حکومەتی سووریا دەست بەپاڵپشتی کردەنی (یەپەگە) بکات.
ڕاپۆرتەکان لەڕۆژی دووشەممەی ڕابردوودا ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و (یەپەگە) یان بڵاوکردەوە، بەگوێرەی ئەو ڕێکەوتنە دەبێ هێزەکانی حکومەتی سووریا لەسنورەکانی عەفرین پارێزگاری لەو ناوچانەی سووریا بکەن، وە دەبوایە لەماوەیەکی کەمدا هێزەکان بچنە ناو سنورەکانی عەفرینەوە بەڵام تا ڕۆژی سێشەممەیش هیچ ئاماژەیەک بۆ چونی ئەو هێزانە نەبوە.
(بەدران جیا کورد) بەرپرسی باڵای کوردی قسەی دەربارەی ڕێکەوتنەکە بۆ (ڕۆیتەرز) کردبوو، تیایدا ئاماژەی بەوەداوە لەچوارچێوەی ئەو ڕێکەوتنەیەی نێوان (یەپەگە) و حکومەتی سووریادا دروستبوە هێزەکانی سووریا لەسنورەکانی ناوچەی عەفریندا بڵاودەبنەوە، وە ئەو ڕێكەوتنە لەسەرەتادا تەنها سەربازییە و ڕێکەوتنی سیاسی لەقۆناغەکانی داهاتودا دەشی ئەنجامبدرێ. بەڵام بەپێی ڕاپۆرتەکەی (بی‌بی‌سی) لەدوای ئەو ڕاگەیاندنە، (نوری محمەد) گوتەبێژی یەپەگە گوتی، هیچ ڕێکەوتنێک لەنێوانماندا نیە، تەنها داواکارییەک لەلایەن ئێمەوە هەبوە بۆ سوپای سووریا کەبێن پارێزگاری لەسنورەکان بکەن.
ئەگەربێتو ڕێکەوتن هەبێ و سووریا شەڕی ڕاستەخۆ لەگەڵ تورکیادا دەستپێبکات ئەوا بۆ تورکیا دۆخێکی قورس و ئاڵۆز دروستدەبێ چونکە بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان تاوەکو ئێستا تورکیا نەیتوانیوە ئەو ئامانجانەی دیاریکردبون لەماوەی مانگێک لەشەڕی بەردەوامدا بەدەستیان بهێنێت، ئەگەر سووریا پاڵپشتی هێزەکانی یەپەگە بکات و پێکەوە شەڕ بکەن ئەو کاتە ئاستەنگەکان لەبەردەمی پێشڕەوییەکانی ئۆپەراسیۆنی(چڵە زەیتون) دا زیاتر دەبن.
ئامارەکان لەبارەی پێشڕەوییەکانەوە جیاوازن، لەڕاپۆرتی (دەیلی‌مەیل) دا هاتوە، شارەزاییانی سەربازی نزیک لەسوپای تورکیا دەڵێن ئۆپەراسیۆنی (چڵە زەیتون) نزیکەی (٣٠٠ کیلۆمەتر) ی گرتوە بەڵام دۆخی ڕاستەقینەی سەر زەمین لەو ناوچەیەدا جۆرێکی دیکە نیشاندەدا. (جانا جەبوور) پرۆفیسۆری زانستە سیاسیەکان لە زانکۆی پاریس لەبارەی پێشرەوییەکانی تورکیاوە گوتی، تورکیا بەئەستەم بەرەوپێش هەنگاو دەنێ، ئەوە بەهۆی شەڕ و بەرگری سەختی هێزەکانی یەپەگەوەیە. هەروەها گوتیشی پێویستە جیاکاری لەنێوان پروپاگەندەی سیاسی و دۆخی ڕاستەقینەی مەیدانی شەڕەکە بکرێ.
ڕوانگەی سووریای بۆ مافەکانی مرۆڤ لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەداوە کە چەکدارەکانی تورکیا چاویان لەناوچەکانی عەرەبیەوەیە لەباکوری عەفرین، ئەگەر ئەو ناوچانە بگرن ئەوا تورکیا نزیکەی (٥٠) کیلۆمەتر بەسنوری تورکیاوە لەباکوری عەفرین دەخاتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە.
باکوری سووریا و هێزە نێودەوڵەتیەکان:
ناوچەکانی باکور و ڕۆژئاوای باکوری سووریا ئەو ناوچانەن کە هێزە جیاوازەکانی نێودەوڵەتی ڕۆڵی تێدا دەگێڕن. ئەو ناوچانە سنوریان بەتورکیاوەیە، وە ڕەشەکە کاتێ ئاڵۆزتربوو کە ئەمەریکا لەو ناوچانە پاڵپشتی هێزەکانی کوردی وەکو هاوبەشێکی ڕاستەقینە لەشەڕی دژی داعش دەستپێکرد، ئەمەریکا بۆ مانەوەی خۆی لەسووریا پێویستی بەهێزێکی بەناوچەیی و هێزێکی هاوپەیمان هەیە، لەدۆخی ئێستادا هێزەکانی سووریای دیموکرات کە (یەپەگە) ش بەشێکن لەو هێزانە لەلایەن ئەمەریکاوە پاڵپشتی دەکرێن و وەکو هاوپەیمانی ئەمەریکا حیسابیان بۆ دەکرێ.
هەڵبەتە لەوەتەی شەڕی ناوخۆی سووریا لەساڵی (٢٠١١) ەدا دەستی پێکردوە، تورکیا پاڵپشتی بەشێک لەهێزەکانی ئۆپۆزسیۆن دژ بەڕژێمی (ئەسەد) دەکات، وە لەدوای بەردانەوەی فڕۆکەکەی تورکیا لەلایەن سووریاوە لەساڵی (٢٠١٢) ەدا تورکیا زیاتر هەنگاوە سەربازییەکانی بەشێوەی ڕاستەخۆ لەسووریادا دەستپێکرد.
بۆیە لەو ناوچانەی باکوری سووریادا هاوکێشەکان بەهۆی هەبونی هێزە نێودەوڵەتیەکانەوە تادێ ئاڵۆزتردەبن، ئەو هێزانەی نێودەوڵەتی بەهۆی هێزی بریکارەوە لەو ناوچانەدا ڕۆڵ دەگێڕن و پارێزگاری لەبەرژەوەندییەکانیان دەکەن
شیاوی باسکردنە، ڕۆژی دووشەممە ئاژانسی هەواڵی سەنای سەر بەحکومەتی سووریا ڕێکەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و (یەپەگە) ی ڕاگەیاند، وە گوتی چاوەڕیدەکرێ هێزەکانی سەر بە حکومەتی سووریا لەماوەیەکی نزیکدا بچنە ناو عەفرینەوە بۆ شەڕی دژی تورکیا.
لەکاردانەوەی ئەو هەواڵەدا، (ڕەجەب تەیب ئەردۆغان) سەرۆککۆماری تورکیا لەپەیوەندییەکدا بە (ڤلادیمێر پۆتین) ی ڕاگەیاند ئەگەر هێزەکانی ڕژێمی سووریا بچنە ناو عەفرینەوە ئەوا توشی سەرەنجامێکی خراپ دەبن.
چونی سووریا بۆ عەفرین بۆ تورکیا مایەی نیگەرانی و قورسبونی ئۆپەراسیۆنەکە دەبێ، بۆیە بەئەوپەڕی توانایەوە لەڕێگای ڕووسیا و ئێرانەوە هەوڵی ڕێگریکردنی لێ دەکات.
هێشتا دیار نیە چی ڕوودەدات، بەڵام (جانا جەبوور) پرۆفیسیۆری زانستە سیاسیەکانی زانکۆی پاریس بەدووری زانی هێزەکانی سووریا بچنە ناو عەفرینەوە، وە گوتی لەپشتی پەردەوە هێزەکانی تورکیا و هێزەکانی سووریا قسەدەکەن و پەیوەندییان پێکەوە هەیە.

 

و: خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler