تشرینی یەکەم 21, 2019

ترسیان هەیە ئاسمانی عەفرین بە رووی فڕۆكەكانی توركیا دابخرێت

ئەگەرچی تاوەكو ئێستا، تەنیا لە رێگەی میدیاكانەوە باس لە رێككەوتنی نێوان یەپەگە و سوپای سووریا دەكرێت بۆ هاتنی سوپای سووریا ناو عەفرین و سنوورەكانی سووریا و توركیا، بەڵام حكوومەتی ئاكپارتی لە دوێنێوە هەڕەشە لە سووریا دەكات.

وەكو ئەوەی باس دەكرێت، یەپەگە لەگەڵ حكوومەتی سووریا رێككەوتوە، تا سووریا بنكەیەكی سەربازی لە عەفرین بكاتەوە، هەروەها سەربازەكانیشی لەسەر سنوور جێگیر بكات، بەڵام ئیدارەی عەفرین هەر لە لای یەپەگە بمێنێتەوە. بەمەش رێگە لە سوپای توركیا بگرێت بۆ هاتنە ناو عەفرین، بە تایبەت ئەگەر سووریا مووشەكی دژە فڕینی فڕۆكەی جەنگی بەكار بخات و ئیتر رێگە نەدات فڕۆكەكانی توركیا عەفرین بۆردومان بكەن.
ئیبراهیم كاڵن وتەبێژی سوپای سەرۆكایەتی كۆماری توركیا، لە پێگەی خۆ لە تویتەر نووسیویەتی "ئەوەی باس لە رێككەوتنی نێوان یەپەگە و حكوومەتی سووریا دەكات، تەنیا پروپاگندەیە و هیچی تر. بەڵام بەو مانایە نییە ئەو 2 هێزە نیازی خراپیان نەبێت، نەخێر خەریكی پیلانێكن، بەڵام هەرچی دەكەن با بیكەن، توركیا نەگاتە ئامانجی خۆی راناوەستێت".
مەولوود چاوشئۆغلوش بە هەمان شێوە دژایەتی حكوومەتی توركیای بۆ رێككەوتنی نێوان یەپەگە و حكوومەتی سووریا دەربڕی.
چاوشئۆغلو دوێنی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە ئوردون گوتی: "ئەگەر هێزی سووریا بۆ لەناوبردنی یەپەگە دێتە عەفرین، ئیمەش لەگەڵیانین، بەڵام ئەگەر بۆ مەبەستێكی ترە، ناتوانن سوپای توركیا رابگرن".
چاودێرانی سیاسی توركیا، ئەو رێككەوتنەی نێوان یەپەگە و سووریا بە مەترسی بۆ سەر ئۆپەراسیۆنی توركیا بۆ سەر عەفرین دەزانن، ئەوان پێیانوایە ئەگەر روسیا چاوپۆشی لە سووریا بكات بۆ ئەو رێككەوتنە، ئەوكات ئاسمانی عەفرین بە رووی فڕۆكە جەنگییەكانی توركیا دادەخرێت و بەمەش ئۆپەراسیۆنی داگیركردنی عەفرین زۆر ئەستەم دەبێت

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler