تەمموز 16, 2019

لوتکەی گروپی بیست لەژاپۆن و چەند نیگایەک

لوتکەی ئەو ساڵی (گروپی ٢٠) لە ئۆساکای ژاپۆن بەڕێوەدەچێ، وڵاتانی بەشداری گروپی بیست گەورەترین وڵاتانی ئابوری جیهانن و پێکدێن لە نۆزدە وڵات لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا. لە لوتکەی (گروپی ٢٠)دا چەند مەسەلەیەکی جیهانی تاوتوێ دەکرێن و بەتەنها لوتکەکە چاونابڕێتە سەر باری ئابوری و پەیوەندییە بازرگانیەکان.

لەسەر شێوە ئەجێندای لوتکەی ئەو ساڵ لەوێبسایتی (گروپی ٢٠)دا هاتوە، لوتکەی ئەو ساڵ لەڕۆژانی (٢٨ و ٢٩) مانگی حوزەیران لە ئۆساکای ژاپۆن بەڕێوەدەچێ، بێجگە لە کۆبونەوەی لوتکەکە لەنێوان وڵاتانی بەشدار لە لوتکەکەداچەند کۆبونەوەیەکی لاوەکی و جیاجیاش بەڕێوەدەچن.
وڵاتانی بەشداری (گروپی ٢٠) بریتین لە ئەمەریکا، بەریتانیا، ڕووسیا، فەرەنسا، ئەڵمانیا، چین، کەنەدا، ئوستورالیا، ئیتالیا، ژاپۆن، ئەرجەنتین، بەرازیل، هیندستان، ئەندۆنیسیا، مەکسیک، کۆماری کۆریا، کۆماری ئەفەریقیای باشوور، عەرەبستان و، تورکیا و، یەکیەتی ئەوروپا.
لەلوتکەکەدا هەریەکە لە سەرۆک و سەرۆکوەزیرانی وڵاتان، هەروەها سەرکردەکان و نوێنەرانی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان بەشداری تێدادەکەن. وڵاتی ژاپۆن کە میوانداری لوتکەکە دەکات سەرکردایەتی لوتکەکەی لەئەستۆدایە و بەڕێوەی دەبات، هەروەها سەرۆکی گروپەکە دەبێ بۆ ماوەی یەک ساڵ لە مانگی کانونی یەکەمی ساڵی پێش دەستپێکردنی لوتکەکە تاوەکو مانگی تشرینی دووەمی ئەو ساڵەی کە میوانداری لوتکەکەی دەکات. هەروەها سەرکردایەتی کۆبونەوەی وەزیرانی ئابوری وڵاتانی ئەندام و، کۆبونەوەی گروپەکانی دیکەی پەیوەست بە (گروپی ٢٠) دەکات.

بۆچی لوتکەی (گروپی ٢٠) گرنگە:
لوتکەی (گروپی ٢٠) وڵاتانی گەورەترین ئابوری جیهان کۆدەکاتەوە و بەیەکەوە نزیکەی (٨٠%) ی بەرهەمی ئابوری جیهان پێکدێنن و ئەوانە نزیکەی تێکڕایی (٧٥%)ی بازرگانی جیهانیشن، بەسەریەکەوە وڵاتانی لوتکەی (گروپی ٢٠) نزیکەی دوو لەسەر سێی دانیشتوانی جیهان پێکدێنن.
یەکەم جار کە لوتکەکە دامەزرا بەهۆی قەیرانی ئابوری ئاسیاوە بوو لەساڵی (١٩٩٩)دا و سەرەتا وەزیرانی ئابوری و بانکی ناوەندی بیست وڵاتی گەورەترین ئابوری جیهان کۆبونەوە. دەیەیەک دواتر بەهۆی قەیرانی ئابوری جیهانیەوە لوتکەکە لە کۆبونەوەی وەزیرانی ئەو وڵاتانەوە گۆڕانکاری بەسەرداهات بۆ بەشداریکردنی سەرۆکی وڵاتەکانیشیان.

ئەجێندای لوتکەکە چیە:
بەشێوەیەکی سەرەتایی (گروپی ٢٠) چاودەبڕێتە سەر سیاسەتی ئابوری جیهانی و چەند پرسێکی دیار تاوتوێ دەکات و، هەر ساڵە و بەگوێرەی قەیرانەکان گۆڕانی بەسەردادێت.
لەهەرە خاڵە دیارەکانی لوتکەی ئەو ساڵ بەشێوەیەکی سەرەکی سێ بابەت تاوتوێ دەکرێن لەوانە بریتین لە پرسەکانی بازرگانی و، کەشوهەوا و، پەنابەران و ئاوارەکان.
سیاسەتی بازرگانی ئەمەریکا و دانانی پێناسی گومرگی لەسەر کاڵایەکان جۆرێک لەشەڕی بازرگانی نێوان ئەمەریکا و وڵاتانی جیهانی دروستکردوە دیارترینیشیان گرژییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین بوون کە لەمانگی ئایاری ڕابردوەوە کۆبونەوەکانی پەیوەندییە بازرگانیان وەستاون.
بەپێی راپۆرتە نێودەوڵەتیەکان هەردوو وڵات کۆبونەوەکانیان دەستپێدەکەنەوە و بڕیاروایە پێش کۆبونەوەی سەرۆکی هەردوو وڵاتی ئەمەریکا و چین گفتوگۆییەکانیان لەبارەی پەیوەندییە بازرگانیەکانیان دەستپێبکەنەوە.
بەهۆی بەرزبونەوەی گرژییە بازرگانیەکانی هەردوولا لەماوەی ساڵی ڕابردوەوە تاوەکو ئەو ساڵ زیانی گەورەیان بەئابوری و بازرگانی یەکتری گەیاندوە. زۆرێک لە کۆمپانیاکان داوایان لە (دۆناڵد ترەمپ) کردوە شەڕی بازرگانی بوەستێنێ لەبەرئەوەی زیان بەئابوری جیهانی دەگەێنێ.
ڕێکەوتنی گۆڕانی کەشوهەوا کە لەپاریس ئەنجامدرا، یەکێکە لەڕێکەوتنە گرنگە جیهانیەکان کە داوا لەوڵاتانی جیهان دەکات کاربکەن بۆ پاراستنی ژینگە و بەرەو هەوای خاوێن هەنگاوبنێن، پابەندبوونەکانی وڵاتانی جیهان پەیوەندی بەلایەنی پیشەسازی و گازە دەردراوەکانەوە هەیە و دەبێ ڕێگربن لەبەرزبونەوەی پلەی گەرمی چونکە کاریگەری گەورەی جیهانی و کارەسات و لافاو و بێکاری چەندین قەیرانی دیکەی لێدەکەوێتەوە، لەو لوتکەیە ئەو مەسەلەیە پرسێکی دیکەی کۆبونەوەکان دەبێت.
ئەمەریکا لەساڵی (٢٠١٨) ەدا لەڕێکەوتنی کەشوهەوا تاکلایەنە هاتەدەرەێ، لەو لوتکەیەدا مەسەلەی گۆڕانی کەشوهەوا و، هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکە و، کاری پێکەوەیی و پابەندبوون لەپێناو پاراستنی ژینگەدا هەڵسەنگاندنیان بۆ دەکرێ و، هانی ئەمەریکاش دەدرێت بێتەوە نێو ڕێکەوتنەکە و پابەندی بێت.
بابەتی پەنابەران و ئاوارەکانی جیهانیش مەسەلەیەکی دیکەی نێو لوتکەکە دەبێ، لوتکەکە چاودەبڕێتە سەر هۆکارەکانی پشت بە پەنابەربوون و ئاوارەبوونی خەڵکی لەجیهاندا و پێشنیار و چارەسەرەکانیش بۆ ئەو مەبەستە تاوتوێ دەکرێن. لەماوەی ڕابردوودا ڕاپۆرتی کاروباری پەنابەران لە نەتەوە یەکگرتوەکان بڵاویکردەوە کە نزیکەی (٧٠ ملیۆن) کەس لەجیهاندا ئاوارەن و ئەو پرسە بەشێوەیەکی بەرچاو لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا بەرزبۆتەوە و دیاردەیەکی ترسناکی جیهانیە و پێویستی بەچارسەرە.
شیاوی باسکردنە، لوتکەی (گروپی ٢٠) یەکێکە لە لوتکە گرنگەکانی وڵاتانی گەورەترین ئابوری جیهان، ئەو لوتکەیە ناسراوە بە لوتکەی بازاڕی دارایی ئابوری جیهانی.
(گروپی ٢٠) لەماوەی رابردوودا هەوڵی بەردەوامیداوە بۆ بەدەستهێنانی گەشەکردن و بەهێزکردنی ئابوری جیهانی، بەڵام بەهۆی بەسترانەوەی زۆرێک لەکێشە جیهانیەکان بەمەسەلەی سەقامگیری لە بازار و بازرگانی و ئابوری بۆیە لوتکەکە تەنها لەسەر مەسەلەی ئابوری ناوەستێتەوە و پرسەکانی دیکەش لەکێشە و گیروگرفتە دیارەکانی سەردەمباسدەکرێن.
بەشێوەیەکی بەرفراوان لوتکەکە چاودەبڕێتە سەر پرسە جیهانیەکان کە کاریگەرییان لەسەر ئابوری جیهانی هەیە لەوانە گەشەپێدان و، گۆڕانی کەشوهەوا و، وزە و، تەندروستی و، ڕووبەڕووبونەوەی تیرۆریزم و، پرسی پەنابەران و ئاوارەبوون.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler