تشرینی یەکەم 18, 2019

ئەمریکا خوازیاری کۆبوونەوەیێکی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایشە

تاقمێک لە دیپلۆماتەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان گوتوویانە، ئەمریکا خوازیاری بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەیێکی داخراوی ئەنجوومەنی ئاسایشە تا لێکۆڵینەوە لەسەر دوایین گۆڕانکارییەکان لە پەیوەندی لەگەڵ ئێران بکرێت.

هەواڵدەری ڕۆیتەرز، ڕۆژی هەینی 31ی جۆزەردان لەزمانی چەندین دیپلۆمات کە ناویان نەبراوە نووسیویە، ئەم کۆبوونەوە بۆ ڕۆژی دووشەمە ڕەچاو کراوە. نوێنەرایەتی ئەمریکا لە نامەیێک بۆ ئەندامانی دیکەی ئەنجوومەنی ئاسایش کە دەستی ڕۆیتەرزی گرتووە، گوتوویە "ئێمە ئەنجومەنەکە لە دوایین گۆڕانکارییەکانی پەیوەندیدار لەگەڵ ئێران ئاگادار دەکەینەوە و زانیاری زیاتر لە مەڕ تاقیکارییەکانمان سەبارەت بە هێرشەکانی ئەم دواییەدا بۆ سەر نەوتکێشەکان، دەخەینە بەر دەستیان."
کێشەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لەم یەک مانگەی دواییەدا زیادی کردووە. لەپاش ئەوەی کۆماری ئیسلامی پەهپادێکی ئەمریکای لە سەر سنوورە نێودەوڵەتییەکان تێکشکاند، ڕۆژی هەینی سەرکۆماری ئەمریکا بڕیاری هێرشکردنە سەر سێ شوێنی لە ئێران دا، بەڵام تەنیا دە خۆلەک پێش لە هێرشەکە و بەلەبەرچاوگرتنی خەساری گیانی ئەم هێرشە بۆ سەر ئێرانییەکان، فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی ئەم کارەی دەرکرد.
هەرچەندە ئێرانییەکانیش خۆیان باس لەوە دەکەین کە ئەمریکا پەیامی ئاشتی و وتووێژی بە عەماندا بۆ ناردوون، بەڵام ئەمریکا لەبەرامبەر ئەم بانگەشە گوتی "هیچ جۆرە پەیامێکیمان لەڕێگای عەمانەوە نەناردووە بۆ ئێران".
وتەبێژی وەزارەتی ئەمریکا گوتی: ئەمریکا هیچ پەیامێکی لەڕێگای عەمانەوە نەناردووە بۆ ئێران و ئەم هەواڵە هەڵەیە و بەشێک لە پڕۆپاگەندەی کۆماری ئیسلامییە. هەر دوێنێ هەواڵدەری ڕۆیتەرز لەزمانی بەرپرسانی ئێرانەوە نووسی کە ئەمریکا لەلایەن عەمانەوە نامەیێکی بۆ تاران ناردووە. بەڵام لەدوای یەک کاتژمێر بەرپرسانی ئێران ئەم بانگەشەیان بەدرۆ خستەوە.
مۆرگان ئۆرتگاس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، دوانیوەڕۆی هەینی 31ی جۆزەردان، هاوکات لە گەڵ ڕەتکردنەوەی هەرجۆرە پەیامێک لەڕێگای عومانەوە بۆ ئێران، جەختی کرد کە واشنتۆن چاوەڕێیە تاران وڵامی دیپلۆماسی بە دیپلۆماسی بداتەوە.
لە دوای گێرمەوکێشەکانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و ئێران لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست، دۆخەکە گۆڕاوە.
بەهای نەوت بە هۆی کەوتنەخوارەوەی پەهپادەکە هەڵکشاوە. خاوەنی نەوتهەڵگرەکان، بەهۆی هەڵکشانی کێشەکان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهای گواستنەوەی نەوتیان بۆ ئەم ناچەیە زیاد کردووە. ئەمریکا و وڵاتە عەرەبییەکان باس لەوە دەکەن کە ئێران دژی گەمارۆنەوتییەکانی ئەمریکا، هێرشی کردووەتە سەر نەوتهەڵگر و بنکە نەوتییەکانی وڵاتانی کەنداوی فارس و هەوڵی ئەوە ئەدا تا بەهای نەوت لە بازاڕەکانی جیهاندا هەڵکشێ، بەڵام تا ئێستا بەهای نەوت لە ڕادەیێکی دیاریکراو ڕاگیراوە.
هەر لەگەڵ ئەم کێشانەشدا ئێستا ترافیکی سەربازی لە ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست هەتا دێت زیاتر دەبێت. لە چەند کاتژمێری پێشوو، هاتوچۆی قەڕەباڵغ و بێ وێنەی فڕۆکەسەربازییەکانی ئەمریکا لەسەر کەنداوی فارس دەستی پێ کردووە کە دەکرێت لەمانەدا کورتیان بکەیتەوە:
ـ ️سێ فڕۆکەی تەرابەری سەربازی لەجۆرەکانی C-130
ـ دوو فڕۆکەی تەرابەری C-2 خەریکی هەڵفڕینە بەرەو پاپۆڕی فڕۆکەهەڵگری USS Abraham Lincoln
ـ تانکرێکی گواستنەوەی سووتەمەنی
ـ فڕۆکە پێش هۆشدار/ فەرماندەیی ئاسمانبڕو بیستنی سیگناڵە سەربازییەکان (Boeing E-3 Sentry)
ـ فڕۆکەیێکی سیخوڕی Boeing RC- 135 وC-17ی ئەمارات و C-130ی ئۆسۆرالیا
ـ فڕۆکەی سیخوڕی Boeing-8 Poseidon
ئەمە بە پێچەوانەی فڕینە مەدەنییەکان کە کەمتر بوونەتەوەو زۆرێک لە وڵاتان بە هۆشیارییەوە کار لەسەر فڕینەکانی سەر ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست دەکەن. بۆ نمونە ئیمارات ڕێگای هاتوچۆی فڕۆکەکانی لە هێڵەئاسمانییەکان گۆڕیوە و داوای لە هێڵە ئاسمانییەکانی کردووە تا هاتوچۆی فڕۆکەکانیان لە شوێنە مەترسیدارەکانی ناوچەکە ڕاگرن.
بەپێ ڕاپۆرتی سپوتینک لە زمانی ENA، بەڕێوەبەرایەتی فڕکەوانی مەدەنی ئیمارات داوای لە هەموو کۆمپانیا فڕۆکەوانییەکانی ئەم وڵاتەی کردووە تا لەو ڕێگا ئاسمانیانەی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کە مەترسیان لەسەر فڕۆکە مەدەنییەکان هەیە، هاتوچۆ نەکەن.
ڕۆژنامەی Gulf News چاپی ئیمارات دوێنێ 31ی جۆزەردان لە ڕاپۆرتێکدا ڕایگەیاند کە هەموو هێڵە ئاسمانییەکانی نیشتمانی ئیمارات ڕێگای هەڵفڕینی خۆیانیان لەپاش ئەوەی کە بەرپرسانی ئەمریکا هەڵفڕینی فڕۆکە ئەمریکییەکانیان لە سنوورە ئاسمانییەکانی ئێران قەدەغە کردووە، گۆڕیوە. ئەمەش دوای ئەوە دێت کە ڕۆژی پێنجشەمە 30ی جۆزەردان، پەهپادێکی سیخۆڕی "گلۆباڵ هاوک"ی ئەمریکا لە گەرووی هۆرمۆز و لەنێو ئاوەنێودەوڵەتییەکان، لەلایەن هێزە ئاسمانییەکانی ئێرانەوە خرایە خوارەوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler