تشرینی یەکەم 18, 2019

ململانێیەکانی ئەمەریکا و ئێران لەنێوان چارەسەری دیبلۆماتی و شەڕدا

ئێران فڕۆکەیەکی چاودێری ئەمەریکای لەڕۆژی پێنجشەممەی ڕابردوودا خستە خوارەوە، ئەمەریکاش پلانی وەڵامدانەوەی سەربازی بۆ سەر چەند پێگەیەکی ئێران هەبوو بەڵام لەکۆتایی ساتەکانی جێبەجێکردنیدا بەبڕیاری سەرۆکی ئەمەریکا و لەبەر خاتری پاراستنی گیانی (١٥٠) کەس هێرشەکە ڕاگیرا.

ئەمەریکا وەڵامی سەربازی ئێرانی ڕاگرت، بەڵام هەر لەڕۆژی پێنجشەممەدا هێرشی ئەلکتڕۆنی بۆ سەر ڕۆکێت و سیستەمی موشەکی ئێران ئەنجامداوە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) چەند ڕاپۆرتێکی نێودەوڵەتی بڵاویانکردۆتەوە کە ئەمەریکا هێرشی (سایبەر) ئینتەرنێتی بۆ سەر سیستەمی چەکی ئێران ئەنجامداوە و بەو هۆیە بۆ ماوەیەک پەکیان کەوتوە.
(واشنتن‌پۆست) لەڕاپۆرتێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە هێرشە ئەلکترۆنیەکە سیستەمی کۆمپیوتەری پەکخستوە ئەو سیستەمەی کە کۆنتڕۆڵی هاویشتنی ڕۆکێت و موشەکەکانی ئێران دەکەن.
هەروەها (نیۆرک‌تایمز) یش لەسەر ئەو بابەتە لەڕاپۆرتێکدا دەڵێ ئەو هێرشەی ئەمەریکا لەبەرانبەر تۆڵەکردنەوە بوە لەبەردانەوەی فڕۆکەکەی و هەروەها هێرشی سەر ئەو تانکەرە کەشتیە نەوتیانەش کە ئەمەریکا و وڵاتانی عەرەبیش ئێرانیان لەسەر تاوانبارکرد.
هێشتا لەبارەی زیانەکانی هێرشە ئەلکتڕۆنیەکە لەلایەن سەرچاوەی بێلانەوە بۆ سەر سیستەمە ئێرانیەکان پشتڕاستنەکراوەتەوە و زانیاری لەسەر باسنەکراوە، بەڵام بۆ ماوەیەک پەکیان کەوتوە.
ئەمەریکا بەنیازە سزای ئابوری نوێ بخاتە سەر ئێران بۆ بەئامانجگرتنی بەرنامە ئەتۆمیەکەشی ئەگەر بێتو ئێران دەست لەتوندتیژییەکانی هەڵنەگرێ. لەو بارەیەوە (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا سزایەکانی بە (مەزن) ناوبردوە و دەڵێ، ئەو سزایانە پێویستین بۆ ئەوەی ڕێگرین لەئێران چەکی ئەتۆمی بەدەستبهێنێت و فشارە ئابورییەکان بەردەوامیان دەبێ تا ئەو کاتەی ئێران شێوە هەڵسوکەوتی خۆی دەگۆڕێت.

شاڵاوی ئەلکتڕۆنی ئەمەریکا:
بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە ئەو شاڵاوە ئەلکترۆنیە چەند حەفتەیەک دەبێت ئەمەریکا پلانی بۆ داڕشتوە، سەرچاوەکان دەڵێن ئەو هێرشە ئەلکتڕۆنیە پێشتر پێشنیارکراوە بۆ وەڵامدانەوەی شاڵاوی تەقینەوەکان بۆ سەر کەشتیە بارهەڵگرە نەوتیەکان کە لەمانگی ئایار و حوزەیراندا لەئاوەکانی کەنداودا ئەنجامدراون.
هێرشە ئەلکتڕۆنیەکەی ئەمەریکا سیستەمەکانی کۆمپیوتەری چەکەکانی سوپای پاسدارانی کردۆتە ئامانج کەوا فڕۆکە چاودێرییەکەی ئەمەریکایان خستۆتەخوارێ.
هەریەکە لە (واشنتن‌پۆست) و (ئەسۆشیەتد‌پرێش) گوتیان، هێرشە ئەلکتڕۆنیەکە سیستەمەکانی ئێرانی پەکخستوە، وە (نیۆرک‌تایمز) یش دەڵێ، ئەو هێرشە ئەلکتڕۆنیە سیستەمەکانی چەکی ئێرانی بۆ ماوەیەک (ئۆفلاین) کردوە.
بەڵام ئێرانیش پێشتر هەنگاوەکانی بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئەلکتڕۆنی لەدژی ئەمەریکا بەرزکردۆتەوە، لەو بارەیەوە وەزارەتی کاروباری ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریکا هۆشداریدا کە ئێران هەنگاوەکانی بەرزکردۆتەوە بۆ ئەنجامدانی شاڵاوی ئەلکترۆنی لەئەمەریکا.
(کریستۆفەر‌ کرێبس) بەڕێوەبەری ئاسایشی ئەلکتڕۆنی و دامەزراوەی ئاژانسی ئاسایش گوتی، (میلیشیای سایبەرئەکتیڤیتی) لەلایەن ئێران و وەکیلەکانیەوە ئاڕاستەی دامەزراوەی ئەمەریکاییەکان کراون، وە بۆ ئەو مەبەستە تاکتیکیان بەکارهێناوە بۆ ئەوەی دەست بەسەر تۆڕەکاندا بگرن، هەروەها (واشنتن‌پۆست) یش لەو بارەیەوە گوتی، ئێران هەوڵیداوە سیستەمە کەشتیەکانی ئەمەریکا هاک بکات.

 دۆناڵد ترەمپ دەڵێ چی:
بەپێی ڕاپۆرتێکی (ڕۆیتەرز) ڕۆژی شەممە سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا گوتی، سزای نوێ هەڵدەداتە سەر ئێران بەڵام دەیەوێ ڕێکەوتنی دیبلۆماتیش لەگەڵ ئێران ئەنجامدا.
ئەو پێشهاتە نوێیە هەنگاوێکی باش دەبێ بەتایبەتی لەکاتی ئێستادا بۆ دامرکاندنەوەی گرژییەکانی چەند ڕۆژی ڕابردوو لەدوای خستنە خوارەوەی فڕۆکەکەی ئەمەریکا لەلایەن ئێرانەوە.
(ترەمپ) گوتیشی، بژاردەی لێدانی سەربازی هەمیشە لەسەر مێزە بەڵام دەرفەتی کردۆتەوە بۆ گەیشتنە ڕێکەوتنی خێرا لەگەڵ ئێراندا، ڕێکەوتن لەگەڵ ئێراندا کاریگەریان دەبێ بۆ خستنی فشارە ئابورییەکان کەوا ئابوری ئێرانیان کردۆتە ئامانج. (ترەمپ) گوتیشی ئێمە ئەو هەنگاوانە بەوە بانگدەکەین، دەبا ئێران مەزن بکەینەوە.
(ترەمپ) ئەو لێدوانانەی لە واشنتن دا پێش ئەوەی بەرەو (دەیڤد کامپ) بکەوێتەڕێ، دواتر لە (دەیڤد کامپ) لەتویتێکدا نوسیویەتی، ڕۆژی دووشەممە سزای دیکەی مەزن لەسەر ئێران دادەنێین، وە چاوەڕێی ئەو ڕۆژانەش دەکەم کە سزاییەکان لەسەر ئێران لاچن و جارێکی دیکە ببێتەوە وڵاتێکی دەوڵەمەند و بەرهەمدار.

سزا ئابورییەکان چەکێکی بەهێزە:
شارەزاییان دەڵێن چەسپاندنەوە سزا ئابورییەکانی سەر ئێران و بەتایبەتی سزاییەکانی سەر کەرتی وزە و، دارایی و، کەشتیوانی کاریگەری گەورەیان لەسەر ئێران هەبوە بۆ وشککردنی وەبەرهێنانی دەرەکی و، هەروەها لێدانێکی بەهێزیش بوون لەسەر کەرتی نەوتی ئێران.
سزایەکان ڕێگربوون کۆمپانیایەکان بازرگانیە بیانیەکان لەگەڵ ئێراندا بازرگانی بکەن، ئەوەش وایکردوە کەموکورتی لەسەر پێدوایستیەکانی ڕۆژانەی لەناو ئێراندا دروستببێ بەتایبەتی ئەو کەلوپەلانەی لەدەرەوەڕا هاوردەدەکرێن.
هەروەها سزایەکان بەهۆی داڕوخانی بەهانی لیرەی ئێرانیەوە کاریگەریان هەبوە لەسەر نرخی بەرهەمە ناوخۆییەکانی، بۆ نمونە نرخی هێلکە و گۆشت جەند بەرهەمێکی دیکەی ناوخۆیی بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکردۆتەوە.
ئەمەریکا لەڕێگای سزا ئابورییەکانەوە توانای ئابوری ئێرانی لاوازکردوە و، دەیەوێت لەدرێژەدان بەو ڕێگایە ئێران ملکەچی ڕێکەوتنێکی نوێ بکات کە تۆکمەتربێ لەوەی پێشوتر و ڕێگربێ لەگەیشتن بەچەکی ئەتۆمی و، هەروەها چالاکیەکانیشی لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا سنورداربکا و هەڕەشە سەربازییەکانی لەسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا لەناوچەکەدا نەهێڵێت.
شیاوی باسکردنە، ململانێیەکانی ئەمەریکا و ئێران لەهەردوو ئاڕاستەکەدا درێژەیان هەیە، بەپێی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئەمەریکا سەرەتا ئامانجیانە لەڕێگای دیبلۆماتی و ڕێکەوتنەوە لەگەڵ ئێراندا چارەسەری گیروگرفتەکان بکەن، مەبەستیان ڕێکەوتنە بۆ ئەوەی ئێرانە چەکی ئەتۆمی بەدەستنەهێنێ، بەڵام ئەگەر ڕێگای دیبلۆماتی پێشوازی لێنەکرا و سەرکەوتوو نەبوو ئەوا بژاردەی سەربازی لەسەر مێز ئامادەکراوە.
فشارە نێودەوڵەتیەکانیش لەسەر ئەمەریکا و ئێران زیادیانکردوە تاوەکو گرژییەکان دابمرکێننەوە، لەو بارەیەوە وڵاتانی زلهێزیش داوای چارەی سیاسی و دیبلۆماتیان لەهەردوولا کردوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler