شوبات 27, 2021

پێشبڕکێی کاندیدەکانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا و بەرنامەی جیاوازیان بۆ پرسی برێگزیت

پرسی برێگزیت، جیابونەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا هۆکاری فشارکردنە سەر (تێریزا مەی) بوو بۆ ئەوەی دەست لە پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا بەردا. ئێستا ئەو کاندیدانەی کە بەنیازی گرتنەدەستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیان دەبێ بەرنامەی جیاواز و دیدگای نوێ و ڕوون بۆ چارەسەری برێگزیت بخەنەڕوو هەتاوەکو بتوانن وڵاتەکە لەو قەیرانە دەرکەن و سەرکەوتن بەدەستبهێنن.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) یەکێک لە گەورەترین پرسەکانی بەردەم کاندیدەکانی هیواخواز بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیران ئەوەیە چیان پێیە بۆ چارەسەری برێگزیت، هەمان ئەو پرسەی کە (مەی) ڕووبەڕووی وازهێنان لەسەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کردەوە.
لەئێستادا شەش کەس ماونەوە لەو (١٠) کاندیدەی کە خۆیان دەستنیشانکردبوو بۆ ئەوەی ببنە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی بەریتانیا، ئەو شەش کاندیدە بەرنامەی جیاوازیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی برێگزیت.
بەریتانیا دەبێت لە (٣١) ی ئابی (٢٠١٩)ەدا یەکیەتی ئەوروپا بەڕێکەوتن یان بەبێ ڕێکەوتن بەجێ بهێڵی، تەنها لەکاتێکدا نەبێ کە هەردوولایەن ڕازیبن لەسەر درێژکردنەوەی بۆ وادەییەکی دیکە تاوەکو دەگەنە چارەسەرێک.
یەکیەتی ئەوروپا پێشتر ڕایگەیاندوە کە دانوستاندنەوە لەسەر پرسی برێگزیت ناکات، سورە لەسەر ئەو ڕێکەوتنەی کە پێشوتر لەگەڵ حکومەتی بەریتانیای کردوە بەڕێکەوتنی کۆتایی بەڵام هەرچی کاندیدەکانی بەریتانیان بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران دەڵێن هەوڵی دانوستاندنەوە بۆ ڕێکەوتنێکی باشتر دەکەن.
یەکێک لەو کاندیدانەی کە زۆرترین دەنگی پەرلەمانتارەکانی پارتی پارێزگارانی بەدەستهێنا بۆ سەرۆکوەزیرانی نوێی بەریتانیا (بۆریس جۆنسن) بوو، ئەو پێشتر وەزیری دەرەوەی بەریتانیا بوو و، وە لەساڵانی پێشوتریشدا سەرۆکی شارەوانی لەندەن بووە، وە لەکەمپەینی برێگزیتدا کەسایەتیەکی کاریگەری بەرەی چوونەدەرەوە بوو.

بۆریس جۆنسن و پلانی بۆ چارەسەری برێگزیت:
وەزیری پێشوی دەرەوەی بەریتانیا دەیەوێت لەپاکێجی چارەسەرکردنی برێگزیتدا باکستۆپی سنوری ئێرلەندا لاببات و، وە سوریشە کە دەبێ بەریتانیا لەوادەی دیاریکراوی خۆیدا کە (٣١) ی ئابە لەیەکیەتی ئەوروپا بکشێتەوە جا ئەگەر بەڕێکەوتن بێ، یان بەبێ چارەسەر و ڕێکنەکەوتن.
(بۆریس جۆنسن) لەو باوەڕەدایە کە ڕێگای باش بۆ ئەوەی ڕێکەوتنێکی باشی لێ پەیداببێ ئەوەیە بەریتانیا خۆی بۆ دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن ئامادەبکات، وە هەروەها گوتیشی کە دەرچوون بەبێ ڕێکەوتن دەبێتەهۆی دروستبوونی هەندێک باری خراپ.
ئەو گوتی، چارەسەر بۆ ئەو چەقبەستویەی ڕێکەوتنی بەریتانیا و یەکیەتی ئەروپا ئەوەیە کە باکستۆپی سنوری ئێرلەندا لاببرێت و ڕێکخستنێکی دیکەی لەجیاتی بۆ پەیدابکرێت تاوەکو ڕێگربێ لەدروستکردنەوەی بازگەی سنوری.
هەروەها گوتیشی، ئەو بڕە پارەیەی کە هەقی جیابونەوەیە (٣٩) ملیار پاوەندەکە ڕادەگرێت کە دەبێ بەریتانیا بیداتە یەکیەتی ئەوروپا، ئەو پارەیە ڕادەگرێت تا ئەو کاتەی دەگەنە ڕێڕوونیەکی باشتر لەو ڕێگایەی لەبەردەمیاندایە.
بەڵام لە پلانی (جۆنسن) بۆ چارەسەری برێگزیت و کاندیدەکانی دیکەش ڕێگری شاراوە هەیە لە جێبەجێکردنی ستراتیژیەتەکەیان، لەمانگی کانونی دووەمی ئەو ساڵدا سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا گوتی، باکستۆپی سنوری ئێرلەندا بەشێکە لەڕێکەوتنی برێگزیت و، وە ڕێکەوتنی کشانەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا کراوەنیە بۆ ئەوەی جارێکی دیکە دانوستاندنەوەی لەسەر بکرێت.
لەبارەی پارە نەدانەکەوە، بەپێی ڕاپۆرتەکە بڕە پارەی هەقی جیابونەوەی بەریتانیا پەیوەستکراوە بە ڕێکەوتنی کشانەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا، واتە ئەوروپا سورە لەسەری و بەریتانیا ناچاردەکات پێش ڕێکەوتن لەسەر هەر شێوازە مامەڵەیەک دەبێ ڕازیبێت ئەو بڕە پارەیە بدات، وە رەتکردنەوەی لەوانەیە کاریگەری هەبێ لەسەر ئاستی پەیوەندییەکان و هەروەها ڕووبەڕووکردنەوەی دادگاش.

بەرنامەی مایكڵ گۆف بۆ پرسی برێگزیت:
مایكڵ گۆف وەزیری بازرگانی بەریتانیا کاندیدێکی دیکەیە بۆ گەیشتنە پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، ئەو کە کەسایەتیەکی کاریگەری بەرەی جیابونەوە بوو لە کەمپەینی (٢٠١٦) ەدا بۆ ئێستای پرسی برێگزیت بیر لەدواخستنی وادەی دیاریکراوی دەرچوون دەکاتەوە تاوەکو ڕێکەوتنێکی باشتر ئەنجامبدرێ.
لەبەرنامەیدایە بچێتەوە برۆکسێل بۆ دەستکاریکردنی باکستۆپ سنوری ئێرلەندا لەڕێکەوتنەکەدا، لەو باوەڕەدایە لەدوای برێگزیت هەریەکە لە ئێرلەندای باکوور و کۆماری ئێرلەندا شێوە گومرگی جیاجیان دەبێ کەوادەکات لەسەر سنور پشکنین بۆ ماددە و کەلوپەلەکان بکرێ. بۆ ئەوەی ڕێگری لەو حاڵەتە بکرێ باکستۆپ وادەکات بەریتانیا لەناو سیستەمی یەکیەتی باج و گومرگی لەگەڵ ئەوروپا بمێنێتەوە هەتاوەکو ئەو کاتەی هەردوولایان ڕێکەوتنی بازرگانی دەکەن کە ڕێگربێ لەدانانەوەی سنوری. بەڵام ئەوەش بێ کێشە نابێ چونکە ناهێڵی بەریتانیا مامەڵەی بازرگانی خۆی ئەنجامبدا.
(مایکڵ گۆڤ) پلانی هەیە کە کاربکات بۆ بازرگانی ئازاد و، گەرەنتی مافەکانی هاوڵاتیانی ئەوروپایی و بەریتانیا دەدا و، هەروەها لەگەڵ ئەنجامدانەوەی ڕیفراندۆمدا نیە و، وە ئەگەر بێتە سەرئەوەی لەنێوان ڕێکنەکەوتن و، هەڵوەشاندنەوەی برێگزیت یەکێک هەڵبژێرێ ئەو لەگەڵ دەرچوون بەبێ ڕێکەوتندایە.
لەبەرنامەی ئەویشدا بەهەمان شێوە لەبارەی باکستۆپ و دواخستنی برێگزیتەوە کێشەی بۆ دروستدەبێ و، چونکە یەکیەتی ئەوروپا پێشتر ئەوەی دووبارەکردۆتەوە کە کراوە نیە بۆ دانوستاندنەوەی کشانەوەی بەریتانیا لەیەکیەتی ئەوروپا.

بەرنامەی جێرمی هەنت بۆ پرسی برێگزیت:
جێرمی هەنت وەزیری دەرەوەی بەریتانیا کاندیدێکی دیکەی دیاری پارتی پارێزگارانە بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیران، ئەویش دەڵی تەنها ڕێگا بۆ بەجێهێشتنی ئەوروپا بریتیە لەدەرچوون بەبێ ڕێکەوتن بەڵام ئەوە تەنها ڕێگایەکی ناچاریە و ئەو لەگەڵیدانیە.
هەروەها گوتیشی کاردەکات بۆ ڕێکەوتنێکی باشتر و پێیوایە لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا دەتوانرێ ڕێکەوتنێکی دیکە لەگەڵ یەکیەتی ئەوروپا بکرێ.
وەکو کاندیدەکانی دیکە ئەویش لەگەڵ گۆڕینی باکستۆپی سنوری ئێرلەندایە کە خاڵێکی ئاڵۆزاوی ڕێکەوتنی پێشووی برێگزیتە، (هەنت) گوتی قسەی لەگەڵ سەرکردەکانی ئەوروپا کردوە کە باکستۆپ بەو شێوەیەی ئێستا لەپەرلەمانی بەریتانیا تێناپەڕێ، کە لەوانەیە پێشتر ئەوان وا تێنەگەیشتبن.
شیاوی باسکردنە، هەریەکە لە (ساجد جاڤید) وەزیری ناوخۆی بەریتانیا و، (دۆمینیک ڕاب) وەزیری پێشوی بازرگانی بەریتانیا و، (ڕۆری ستیوارت) وەزیری گەشەپێدانی نێودەوڵەتیش کاندیدن بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا و هەریەکە لەوانەش بەرنامەی جیای خۆیان هەیە بۆ چارەسەرکردنی پرسی برێگزیت.
لەدیارترین خاڵەکانی هاوشێوەی کاندیدەکان گۆڕانکاریکردنە لەسەر باکستۆپ کە وەکو چارەسەر بۆ نەهێشتنی دانانەوەی سنوری لەڕێکەوتنی پێشوی نێوان بەریتانیا و یەکیەتی ئەوروپادا دانراوە بەڵام پەرلەمانی بەریتانیا پاڵپشتی ناکات، هەریەکە لە کاندیدەکان دیدگای نوێیان هەیە بۆ لابردنی باکستۆپ بەڵام لەئێستادا دیارنیە کە یەکیەتی ئەوروپا دەرفەتی ئەو گۆڕانکارییانە دەدات یان نا.
لەنێو کاندیدەکاندا (بۆریس جۆنسن) زۆرترین پاڵپشتی پەرلەمانتارەکانی پارتی پارێزگارانی هەیە، ئەگەر بتوانێ لەستراتیژیەتی خۆیدا کار لەگەڵ پارتی (لەیبەر) یشدا بکات بۆ دۆزینەوەی چارەیەکی هاوبەشی نیشتمانی بۆ پرسی برێگزیت ئەوا سەرکەوتنی گەورە بەدەستدەهێنێ.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler