شوبات 27, 2021

ئێران، ئەمەریکا و کەنداو بەرەو کوێ؟

قەیرانی کەنداو بۆ ئاستێکی زیاتر بەرزبۆتەوە و، ئەمەریکا بەڵگەی هەواڵگری لە بەردەستدایە کە نیشانیدەدات ئێران بەرپرسی شاڵاوی سەر کەشتیە بارهەڵگرەکانی نەوتە لە کەنداوی عومان ئەو ڕوووداوە ناسەقامگیری و ئەگەری گرژییەکانی زیاترکردوە.

هێشتا ماوە بۆ ئەوەی بەڕوونی چۆنیەتی ڕووداوەکە ئاشکرابکرێ، بەڵام تا ئەو جێگایەی ئیدارەی (دۆناڵد ترەمپ) مەبەستیەتی، ئەو بەڵگانەی لەبەردەستدا ڕوون و دیارن بۆ وەڵامدانەوەی ئێران.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) شاڵاوی سەر کەشتیەکانی ئەو دواییەی کەنداوی عومان پرسیارێک دوروژێنێت ئەویش ئەوەیە کەدوای ئەو ڕووداونە چی دێتەپێش، چۆن ئەمەریکا وەڵامدانەوەی دەبێ؟ وە ئایا مەترسی ململانێیەکانی دەریایی و هەوایی نێوان واشنتن و تاران چی دەبن؟
ئەو ڤیدیۆیانەی لەلایەن پنتاگۆنەوە بڵاوکراونەوە، بەلەمێکی بچوک دەڵێن ئێرانی بوە (واتە لەو شێوە بەلەمانە بوە کە سوپای پاسداران بەکاریان دەهێنن) هەوڵدەدات مینێکی نەتەقیوە لەیەکێک لە کەشتیە بارهەڵگرەکان بکاتەوە، ئەو بەڵگە ڤیدیۆیە مەبەست لێی ئەوەیە کە ئێران هەوڵی سڕینەوەی شاڵاوەکەی دەدات.
ئێران هەر دەست هەبوونێکی لەو شاڵاوانەی سەر کەشتیەکانی ڕەتکردۆتەوە، بەڵام ئەمەریکا هەردوو شاڵاوە تیرۆریستیەکان ئەوەی چوار حەفتە لەمەوپێش و، ئەوەی تازەشی خستونەتە پاڵ ئێران و، وە داوای کۆدەنگی نێودەوڵەتی دەکات بۆ ڕووبەڕووبونەوە لەدژی ئێران، دوورنیە ئەو شەڕە قسەیەی نێوان ئەمەریکا و ئێران ئاستی مەترسیەکان بەرزبکاتەوە بۆ دۆخێکی مەترسیدار و جەنگی ڕاستەقینە.
هەر لەسەر ئەو بابەتە (مایک پۆمپیۆ) وەزیری دەرەوەی ئەمەریکاش گوتی، بەپێی هەڵسەنگاندنەکانمان کە لەسەر بنچینەی هەواڵگری دەستمانکەوتوون، ئەو چەکەی بەکارهاتوە، وە ئەو ئاستە شارەزاییەی پێویستە بۆ ئەنجامدانی ئەو چالاکیە،وە شاڵاوە تازە هاوشێوەکان کە لەلایەن ئێرانەوە بۆ سەر کەشتیەکان ئەنجامدراون، وە ڕاستیش ئەوەیە کە هیچ گروپێکی بریکار چالاکی لەو ناوچەیەدا نیە کە سەرچاوە و پێداویستی گونجاوی بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە لەو ئاستە بەرزەی کارەساتدا هەبێ.
ئێران لەسەر زاری چەند بەرپرسێکەوە ئەو تۆمەتانەی ئەمەریکای ڕەتکردۆتەوە و، دەڵێ هەندێک کەس هەوڵدەدەن لەو ڕێگایەوە پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی تێکبدەن.
عەرەبستان داوای کۆدەنگی بۆ بەگژداچونەوەی ئێران دەکات:
عەرەبستان داوای لەجیهان کرد کە وەڵامی بەپەلە و توند بۆ ئەو شاڵاوانەی سەر کەشتیە بارهەڵگرە نەوتیەکانیان هەبێ.
(محمد بن سەلمان) شازادەی جێنیشین گوتی، ئێمە شەڕمان لەناوچەکەدا ناوێت، بەڵام بەبێ دوودڵی مامەڵە لەسەر هەر هەڕەشەییەک دەکەین بۆ سەر خەڵکی ئێمە، بۆ سەر سەروەریمان، بۆ سەر سەلامەتی هەرێمایەتی و بەرژوەندییەکانمان. هەروەها گوتیشی، ڕژێمی ئێران ڕێزی سەردانی سەرۆکوەزیرانی ژاپۆنی بۆ تاران نەگرتوە. (دیارە سەرۆکوەزیرانی ژاپۆن ئەو کاتە لە تاران بوو بۆ هەوڵی نابژیوانی ئێران و ئەمەریکا و لەو کاتەشدا لە شاڵاوەکە کەشتیەکی ئەوانیش پێکرابوو).
(خالید ئەلفالح) وەزیری وزەی عەرەبستان داوای وەڵامێکی توندی کردوە و، هۆشداریداوە کە ئەو جۆرە شاڵاوانە کاریگەرییان دەبێ لەسەر سەقامگیری پەیداکردنی نەوت و، بازاری نەوت.
هەر بۆ ئەو مەبەستە ڕۆژی شەممەی رابردوو، سەرۆکی دەستەی گەورەترین گواستنەوەی نێودەوڵەتی گوتی، هەندێک لە کۆمپانیا گەورەکان نایانەوێ کەشتیەکانیان لەهاتوچۆکردن بەناو گەرووی هورمز و کەنداوی عوماندا تێپەڕن لەبەر ئەو شاڵاوە تازانەی کە لەو ناوچەیەدا بۆ سەر کەشتیە بارهەڵگرەکان ڕوویداوە.
(جاکۆب لارسین) سەرۆکی ئاسایشی دەریاوانی لە بیمکۆ ڕایگەیاند، لەوانەیە لەوەودوا ئیسکۆرتی سەربازی بۆ پێشڕەوی تانکەکان ڕێکبخرێن ئەگەر بێتو ئەو بارودۆخە هەروا بەخراپی بمێنێتەوە.
هەریەکە لە عەرەبستان و ئەمەریکا لەهەوڵی کۆکردنەوەی نێودەوڵەتیدان بۆ ڕووبەروونەوەی ئەوانەی بەو کارە هەڵساون، کە بەئاشکرایی دەڵێن ئێرانە.
(پۆمپیۆ) بەڕوونی ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو شاڵاوانە هەڕەشەی ئاشکران بۆ سەر ئاشتی و ئاسایشی نێودەوڵەتی و، دەبنەهۆی هەڕەشە بۆ سەر هاتوچۆی دەریاوانی ئازاد، وە کەمپەینی بەرزکردنەوەی گرژییەکانن کە ئەوەش مایەی قبوڵکردن نیە.
لەو پەیامەی ئەمەریکادا ئەوە دەخوێنرێتەوە، ئایا ئەمەریکا ئامادەی ئەنجامدانی چ کارێکە لەسەر ئەو بارودۆخە؟ لەوانەی یەکێک لەمەبەستەکانی ئەمەریکا ڕاکێشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بێ بۆ سەرکۆنەکردنی ئەو شاڵاوە بەیەکگرتوویی و، لەگەڵ هەوڵدان بۆ زیاتر دابڕینی ئێران لەدەرەوە لەڕێگای قورسکردنی سزا ئابورییەکانی.
ئەەمریکا بەئەندازەی پێویست سزا ئابورییەکانی لەسەر ئێران چەسپاندونەوە، ئەگەری زۆر نیە کە لەئێستادا پەنا بۆ سزای دیکەی ئابوری ببات، ئەدی بەنیازی وەڵامدانەوەی سەربازی دەبێ؟ ئایا بیروڕای وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمەریکا بەتایبەتی ئەوانەی کەنداو لەو نێوەندەدا چێ دەبێ؟ بەرەنجامەکانی لێدانی سەربازی چێ دەبن؟ هەموو ئەو پرسیارانە پێویستیان بەهەڵسەنگاندنی وورد دەبێت.
کاتی مەترسیدار:
بەپێی ڕاپۆرتەکە زۆر مەترسیدار دەبێ ئەگەر هەوڵبدرێ شاڵاوی سەربازی بکرێتە سەر ئێران، چونکە شەڕەکە ئاڵۆز و بەربڵاو دەبێ، وە سەقامگیری ناوچەکە بەهۆی بریکارەکانی ئێرانیشەوە تێکدەچێ و شاڵاوەکان بۆسەر کەشتیەکان و، ئامانجەکانی دیکەش بەردەکەون و، نرخی نەوت و، بیمەش لەجیهاندا بەرزدەبێتەوە.
ئەوەی کە تائێستاش لەهەردوولا بەدیدەکرێ، هیچ کامیان بەلای شەڕدا نین، بژاردەی شەڕ وێنەیەکی مەترسیدارە.
ئەو بارودۆخە هەستیارە و مەترسی هەیە لەوەی هەر لایەنێک خراپ خوێندنەوە بۆ ئەو دۆخە بکات لەوانەیە دەرفەت بداتە بەرانبەرەکەیکاردانەوەی سەربازی هەبێ، وە مەترسیدارترین حاڵەتیش ئەوەیە کە شەڕ بەڕووداو ڕووبدات نەک بە پلان و بەرنامەڕێژی.
شیاوی گوتنە، شاڵاوی سەر کەشتیە بارهەڵگرە نەوتیەکان بارگرژی نێوان ئەمەریکا و ئێرانی بەرەو دۆخێکی مەترسیدار بردوە، هەر هەنگاوێکی هەڵە بێ هەڵسەنگاندن لەو کاتەدا ناوچەکە بەرەو شەڕێکی نەخوازراو دەبات کە بەرلێگرتنی ئاسان نابێ.
ئەوەی کە جێگای ئومێدە ئەوەیە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی وێڕای سەرکۆنەکردنی شاڵاوی سەر کەشتیە بارهەڵگرەکانی کەنداو بەڵام هۆشداریدەدەن لە مەترسی ئەو دۆخە و پشتگیری شەڕ نین، هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لەوانە فەرەنسا و ئەڵمان پێشتریش هۆشداری بەپەلەیان لەسەر ڕووداوەکانی کەنداو هەبوو.
بەریتانیا وێڕای هاوپەیمان و دۆستی نزیکی ئەمەریکایە بەڵام دەڵێن بۆ خۆیان خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ ئەو دۆخە دەبێ، لەو بارەیەوە (جێرمی هەنت) وەزیری دەرەوەی بەریتانیا گوتی، ئێمە هەڵسەنگاندی خۆمان ئەنجامدەدەین، وە بۆ ئەوەش ڕێگای خۆمان هەیە.
بەشێک لە بیرمەندان و کەسانی باڵای سیاسی ئەمەریکا لەو باوەڕەدان کە (دۆناڵد ترەمپ) سیاسەتی دەرەوەی بەکێشە و قەیراناوییە و توشی گیروگرفتیان دەکات، کاتێک یەکەمجار هاتە کۆشکی سپی هەندێک لە سیاسەتوانەکانی کۆمارییەکانیش ڕەتیانکردەوە کە کار لە ئیدارەکەیدا بکەن و سووربون لەوەی کە ئەو ئیدارەیە پەیوەندیی و سیاسەتی کاروباری دەرەوەی سەر بەگیروگرفت دەبێ.
گڕ و کاریگەرییەکانی قەیرانی کەنداوە تەنها مەترسی بۆ سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست نابێ بەڵکو ئاشتی و ئاسایش و سەقامگیری جیهانیش دەکەوێتە بەر مەترسیەوە.

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler