شوبات 27, 2021

دەزگاكانی راپرسی لە بەرژەوەندیی ئیمامئۆغلون

میدیاكانی ئەكەپە پروپاگندەیەكی زۆر توندیان دژی ئەكرەم ئیمامئۆغلو كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت) دەست پێ كردوە، كە تۆمەتباری دەكەن بەوەی ئەو بەرەگەز تورك نییە و یۆنانییە و تەنانەت بە سیخوڕیشی ناو دەبەن.

ئەكرەم ئیمامئۆغلو كاندیدی هاوپەیمانی (میللەت) كە لە نێوان جەهەپە و پارتی باش پێك هاتوە، لە ترابزۆن لە دایك بوە، بۆ خۆشی دەڵێت ئەو توركە و لە دایك و باوكێكی تورك هاتوەتە دنیاوە، بەڵام بە گوێرەی ئەو دەنگۆیانەی میدیاكانی نزیك لە ئەكەپە بڵاوی دەكەنەوە، ئەو بە رەگەز یۆنانییە و هەر یۆنانیشە پشتگیری دەكات بۆ ئەوەی سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ بباتەوە.
لە ٣١_٣_٢٠١٩ كاتێك ئیمامئۆغلو توانی بە ١٣ هەزار و ٧٠٠ دەنگ بە پێش بیناڵی یڵدرم بكەوێت و مەزبەتەی سەرۆكی شارەوانی وەرگرت، ئەم هەواڵە لە زۆربەی میدیاكانی جیهان بڵاوكرایەوە و دەنگۆیەكی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، چونكە ١٧ ساڵە سەرۆكی شارەوانی ئەو شارە گەورەیە هەر لای ئەكەپە بوە، ئەمە جگە لەوەی رەجەب تەییب ئەردۆغان لە ١٩٩٤ بۆ ماوەی ٥ ساڵ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ بوە.
میدیاكانی یۆنان زۆر گرنگیان بەو سەركەوتنەی ئیمامئۆغلودا، بۆ نموونە یەكێك لە رۆژنامەكانی یۆنان نووسیبووی (یۆنان هاتەوە باوەشی خۆمان). رۆژنامەیەكی تر نووسیبووی (ئەمڕۆ یۆنان توانی فەتحی ئیستەنبۆڵ بكات).
چەند ئەندام پەرلەمانێكی ئەكەپە، ئاماژەیاندا كە ئەگەر ئیمامئۆغلو یۆنانی نەبێت بۆ یۆنان ئەوەندە گرنگی پێ دەدات؟
بەڵام بەشێكی زۆر لە نووسەران نیگەرانن لەو تۆمەتباركردنەی ئیمامئۆغلو و، دەڵێن تۆمەتێكی زۆر نا بەجێیە، چونكە رەنگە یۆنان بۆ ئیستفزازكردنی توركیا ئەو جۆرە هەواڵانە بڵاو بكاتەوە.
تازەترین راپرسی لەبارەی هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران
تەنیا هەفتەیەك ماوە بۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ، بۆیە دەزگاكانی راپرسی لە توركیا بازاڕیان گەرمە و بەردەوام راپرسییەكانیان دەبێتە مانشێتی رۆژنامەكان. دەزگای راپرسی (ئەدا) كە زۆربەی جار راپرسییەكان و بۆچوونەكانی راست دەردەچن، تازەترین راپرسی ئاشكرا كردوە، كە لە بەرژەوەندی ئەكرەم ئیمامئۆغلوە.
بە گوێرەی ئەنجامی ئەو راپرسییە بێت، كە دەزگای راپرسی (ئەدا) بڵاوی كردوەتەوە. كاندیدی هاوپەیكمانی (میللەت) بە پێش كاندیدی هاوپەیمانی (كۆماری) كەوتوە.
بە گوێرەی ئەنجامی ئەو راپرسییەی ئەمڕ لە میدیاكانی توركیا بڵاوكرایەوە، كە لەگەڵ ٩ هەزار كەس ئەنجامیان داوە لە ئیستەنبۆڵ و پرسیویانە لە هەڵبژاردنی ٢٣ی حوزەیران دەنگ بە كێ دەدەیت؟ ئەنجامەكەی بەم شێوەیە بوە:
بیناڵی یڵدرم ٤٨.٣٠٪ی بە دەست هێناوە و ئەكرەم ئیمامئۆغلوش ٥٠.٦٤٪ی هێناوە.
هەر لەو راپرسییەدا نەجدەت گۆكچنار كاندیدی پارتی سەعادەت ٠.٨٤٪ی هێناوە و كاندیدەكانی تریش ٠.٢٢٪یان بە دەست هێناوە.
 ئەوەش باس بكرێت، دوڕان كاڵكان سەركردەی دیاری پەكەكەش لە ڤیدیۆیەكدا پشتگیری لە ئەكرەم ئیمامئۆغلو كرد، بەڵام ئەوە بەو مانایە نییە ئیمامئۆغلو پەكەكە بێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئەكەپەییەكان دەڵین پێویستە ئیمامئۆغلو بڵێت هیچ پەیوەندییەكم بە پەكەكە و یۆنانەوە نییە، كە تاوەكو ئێستا شتی لەو بابەتەی نەگوتوە.
بریارە لە ٢٣ی حوزەیران هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە ئیستەنبۆڵ دووبارە بكرێتەوە و، پروپاگندەی هەڵبژاردنیش لە نێوان ئیمامئۆغلو و یڵدرم سەخت بوەتەوە.
هەدەپە كار بۆ سەرخستنی ئیمامئۆغلو دەكات
هەدەپە وەكو هەڵبژاردنی ٣١_٣_٢٠١٩ پشتگیری لە ئەكرەم ئیمامئۆغلو دەكات و بۆ خۆی هیچ كاندیدێكی نییە بۆ سەرۆكی شارەوانی ئیستەنبۆڵ.
لەم هەفتەیەدا، زۆربەی سەركردەكانی هەدەپە لە هەر شوێنێكی توركیا بن دەبێت بگەڕێنەوە بۆ ئیستەنبۆڵ پروپاگندەی بۆ ئیمامئۆغلو بكەن.
پەروین بوڵدان هاوسەرۆكی هەدەپە، لە وتارێكدا لە ئیستەنبۆڵ ئاماژەی دا، ئەوان لەم هەفتەیەوە پروپاگندەی هەڵبژاردن بۆ ئیمامئۆغلو دەست پێ دەكەن و، سەردانی ئەو ٢٠٠ هەزار دەنگدارە كوردە دەكەن كە نەچوونەتە سەر سندوقی دەنگدان.
بوڵدان ئاماژەی دا، هەموو هەوڵێك دەدەن تا بڕوا بەو ٢٠٠ هەزار دەنگدارە كوردە بهێنن لە ٢٣ی ئەم مانگەدا بچنە سەر سندوقی دەنگدان و دەنگ بە ئیمامئۆغلو بدەن.
ئەو گوتی: ”دەبێت لە ٢٣ی حوزەیران دووبارە شكست بە ئەكەپە بهێنین“.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler