شوبات 26, 2021

مێژووی چل ساڵ ئاژاوه‌، لە کەنداوی فارس و دەریــــای عوماندا

نزیکەی چوار دەهەیە کەنداوەکەی فارس ئۆقرەی بە خۆوە نەبینیوە و جاروبار دەبێتە مەیدانی پێکداهەڵپژانی ئێران و ئەمەریکا؛ ئێران و هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکە؛ هەندێ جاریش لێیان بووەتە شەڕ و کوشتوبڕ.

ئێران لەو چل ساڵەدا هەوڵی داوە سامە سەربازیەکەی ئەمەریکا بشکێنێت و، دەستە زاڵەکەی ئەو ناوچەیەی لێ ببڕێتەوە؛ ئەمەریکایش بە هێزە پێشکەوتووە سەربازیەکەیەوە گورزی خراپی لە کۆمارە ئیسلامیەکەی ئێران وەشاندووە؛ سەرباز و پاسدار و تەنانەت خەڵکی شارستانی لێ کوشتوونە و، نەوتەڵان و سەکۆ و بنکەوبارەگای نەوتی لێ کاول کردووە.
کەنداوی فارس و دەربەندەکەی هورمز و دەریای عومان رێگایەکی هەرە گرینگە بۆ هەناردەکردنی نەوت بەرەو دنیا؛ هەربۆیە هەر شەڕ و پێکدادانێک هەڵگیرسابێ، هیچ لایەنێک دەستی لە گەمیەی نەوتکێش نەپاراستووە؛ بە تایبەت لە شەڕەکەی ئێران و ئێراقدا شەڕەنەوت بوو بە کێشەی هەرە گەورە بۆ دنیا؛ وا سی ساڵ پاش بڕانەوەی شەڕەکەی ئێران و ئێراق، دیسان چەن کەشتیەکی نەوتکێش کەوتنە بەر پەلامار و گڕیان تێ بەر درا.

شەڕەنەوت
شەڕەکەی ئێران و ئێراق زیاتر هەر لە وشکانیدا بوو، بەڵام جاروباریش پەلاماری نەوتکێش و کەشتیوباریان دەدا.
ئێراق هەوڵی دەدا هەرچۆنێک بووبێ پەکی نەوت هەناردەکردنەکەی ئێران بخات؛ ئێرانیش بە مووشەکە ئاوریشمەکەی دەسکاری چین و، بە کەشتلۆکەی پەلاماراوی و، بە نانەوەی میناوی (مینی ناو دەریا)، پەکی کەشتیوباری وڵاتە عەرەبە هاوپەیمانەکانی ئێراقی دەخست.
ئەو شەڕەدەریایە شەڕەکەی ئێران و ئێراقی کردە شەڕێکی چەندلایەنەی نێودەوڵەتی؛ ساڵی ١٩٨٤ـی زایینی ئاسمانەهێزی عەرەبستان (سعوودیا)، پشتیوان بە ئەمەریکا، دوو فڕۆکەی ئێف‌٤ـی ئێرانی بە ئاسمانی کەنداوی فارسەوە خستە خوارەوە؛ ئەکبەر هاشمی‌رەفسەنجانی بۆ سبەینێکەی وای بیرەوەرنووس کرد: "ئەو بەزمە، رەنگە ببێتە هۆی هەڵگیرسانی شەڕی ئێمە و عەرەبستان."
کەنداو، ئاژاوەی لێ نەبڕا و ساڵی ١٩٨٦، هێزی ئێران کەشتیوبارێکی ئەمەریکای راگیر کرد و، پشکنییان بزانن نەکا چەکوچۆڵی بۆ ئێراق پێ بێت.
کە شەڕەکەی ئێران و ئێراق درێژەی کێشا، مەیدانەشەڕی سەر دەریایش خراپ ئاڵۆزکا؛ یەکەم ساڵی شەڕ، ٥ پەلاماراوی قەوما؛ دووەم ساڵ بوو بە ٢٢؛ ساڵی شەشەم بوو بە ١١١ و ساڵی حەفتەم بوو بە ١٧٩ پەلامار.
کێشەکە ئەوە بووئێران و ئێراق هەر بە خۆیانەوە رانەدەوەستان وپەلاماری کەشتیوباری وڵاتانی دیکەشیان دەدا.
٢٧ـی گوڵانی ١٩٨٧ـی زایینی بوو کە ئێراق بە هەڵە کەشتیلۆکێکی ئەمەریکای پێکا و ٣٧ سواری لێ کوشتن.
رۆناڵد رێگان، سەرکۆماری ئەوکاتەی ئەمەریکا رایگەیاند ئاسایشی کەنداویان زۆر پێ گرینگە و ئاژاوەی لێ دەبڕن؛ ئەوە بوو لە ئاخروئۆخری شەڕەکەی ئێران و ئێراقدا، ئەمەریکا بۆ پاراستنی نەوتکێشەکانی کوێت، دەریاهێزی رەوانەی کەنداو کرد و، لەگەڵ ئێراندا لێیان بوو بە نیوەشەڕێکی رانەگەیێنراو؛ هەندێک دەڵێن لە دووەم شەڕی جیهانی بەم لاوە ئەمەریکا دەریاشەڕی گەورەی وەکو ئەو ساڵەی کەنداوی نەکردووە.

ڤینیپۆڵایین و هەلی ناوازە
٣١ـی پووشپەڕی ١٩٨٧ـی زایینی، ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنی ڤینی پۆڵایین (ئیرادەی پۆڵایین)ـی راگەیاند؛ مەبەستەکەیشی پاراستنی ئەو نەوتکێشانەی کوێت بوو وا بە ئاڵای ئەمەریکاوە هاتوچۆیان دەکرد؛ نەوتکێشی برێجتۆن لە سای کۆ گەمیەشەڕێکی ئەمریکاوە بە دەربەندی هورمزدا تێدەپەڕی، لەپڕ میناویەکی ئێران‌چاندی پێدا تەقیەوە؛ لەبەر ئەوەی هیچ کەشتیەکی میندۆز و مینکوژیان لەگەڵدا نەبوو، گەمیەشەڕەکانیش لە ترسی میناویدا خۆیان دابووە پاڵ نەوتکێشەکەی کوێت؛ ڤینی پۆڵایین هەروا دەبێ! ئەو بەزمە بوو بە ئابڕووچوونێک بۆ دەوڵەتەکەی رێگان.
میرحسێن مووسەوی، سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەیئێران، گوتی: "سیاسەت و هێزی ئەمەریکا، تازە ئەو پەڵە رەشەی لێ نابێتەوە!"
دەریاسالار "ویلیام کراو" سەرۆکئەرکانی ئەوکاتەی ئەمەریکا لەو بابەتەدا وای گوتبوو: "دیارە تاران سیاسەتی 'چ دەبێ با ببێ'ـی گرتووەتە بەر و بڕیاری داوە بەربەرەکانێی ئەمەریکا بکات."
سەرەڕای ئەو قەومانە، ئۆپەراسیۆنی ڤینی پۆڵایین ساڵێک زیاتریشی خایاند و، ئەمەەریکا لەو بۆنەوە چەند گەمیەشەڕێکی دیکە و دەیان کۆپتەری پەلامار و چاودێری و بارگوێز و پشتیوانیشی رەوانەی کەنداو کرد.
سەرەڕای ئۆپەراسیۆنەکەی ئەرتەشی ئەمەریکا واتە ئۆپەراسیۆنی ڤینی پۆڵایین، سەرئەرکانی ئۆپەراسیۆنی تایبەتیش، ئۆپەراسیۆنێکی خستە رێ و ناوی لێ نا: هەلی ناوازە؛ ئەویش هەر بۆ پاراستنی گەمیەی نەوتکێش بوو.

راگیرکردن و داڕزاندنی گەمیەی ئێران‌ئەجر
ئاخر رۆژی مانگی خەرمانانی ١٩٨٧ـی زایینی، وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا رایگەیاند کەشتیوبارێکی ئێرانی راگرتووە و هەر ٢٦ سوارە ساغەکەیشی لێ بەدیل گرتووە؛ لەبەر ئەوەی خەریکی نانەوەی میناوی بوونە؛ هێزەکانی ئێران سەرەتا کەشتیەکەیان نەدابووە دەستەوە بەڵام کە هێزەکانی ئەمەریکا لە کۆپتەرەوە سێ مەلەوانیان لێ کوشتبوون، ئەوانی دی ناچار بەچۆکدا هاتبوون.
ئەلیئەکبەر وەلایەتی، دەروەزیری ئەوکاتەی ئێران، لە دووتوێی ئەو نامەیەی بۆ سکرتێری ئەوئانەی نەتەوە یەکگرتووەکانی ناردبوو، گوتبووی: "نانەوەی میناوی، تۆمەتێکە و بۆ ئێرانیان هەڵبەستووە."
 هاشمی‌رەفسەنجانی ئەو بەزمەی ئاوها بیرەوەرنووس کردبوویەوە: "کەشتیوبارێکمان چەند میناوێکی پێ دەبێ و بەگومانم بەرەو بۆشار (بوشهر) بەڕێوە بووە، کە ئەمەریکا بە دوو کۆپتەر پەلاماری داوە و، لەکەڵکی خستووە."
ئاغای رەفسەنجانی دەیشڵێ پرسی بە حەسەن رۆحانی و سیرووس ناسری کردووە و، پێکەوە وایان بڕیار داوە نانەوەی میناوی بەدرۆ بخەنەوە، باسی ئەو بارە میناویەش نەکەن وا لە کەشتیوبارەکەی ئێراندا بووە.
ئەمەریکادوای چەند رۆژێک دیلە ئێرانیەکانی بەر دا بەڵام کەشتیوبارەکەی ئێرانی نەدایەوە و بنئاوی خست.

پەلاماردرانی قەیاغەکانی سووپای پاسداران لە دوورگەی فارسیدا
١٦ـی مانگی رەزبەری ١٩٨٧ـی زایینی لەو لای جەزیرەی فارسیەوە، لە سنووراوەکەی نێوان ئێران و عەرەبستان، کۆپتەرەکانی ئەمەریکا هێرشیان کردە سەر کۆمەڵە قەیاغێکی سپای پاسدران و، قەیاغێکیان بنئاو خست و دوو دەنکیشیان داڕزاند؛ شەش پاسداریشیان گرت بەڵام دوانیان لێ کوژرا؛ نادر مەهدەوەیەکەیان فەرماندەی ئەو کۆمەڵە قەیاغە بووە و، خۆی گوتەنی بە دەستی خۆی ئەو میناویەی نابوویەوە وا بە نەوتکێشەکەی برێجتۆنی کوێتدا تەقیوەتەوە.
ئێراندەڵێ نادر مەهدەوەی لەو چەن سەعاتەی دیلی دەستی ئەمەریکا بووە، ئەشکەنجە کراوە و گیانی دەرچووە؛ بە قسەی ئێران، ئەمەریکا کۆپتەرێکی لێ بەر دراوەتەوە بەڵام ئەمەریکا دەڵێ شتی وا نەبووە.
بە گوێرەی بیرەوەرەکەی هاشمی‌رەفسەنجانی، ئێران دوای ئەو قەومانە، ئیتر هەگەر (ئیحتیات)ـی کردووە.
ئاغای رەفسەنجانی وای نووسیوەتەوە: "بۆ ئەوەی چۆن لە ئەمەریکا بێینە دەنگ و چ بکەین و چ نەکەین، سەرانی هەرسێ دەسەڵاتەکەی وڵات، شەو هاتنە ماڵی ئێمە؛ ئیمام (خمەینی)ـیش بە کاک ئەحمەدی کوڕیدا پەیخاوی کردبوو هەگەر (ئیحتیات) بکەین و سەری بێئاو نەتاشین؛ هەندێک دەیانگوت با بنکەوبارەگا سەربازیەکەی ئەمەریکا لە بەحرێن بکوتین یاخود هەرهیچ نەبێ مووشەک بگرینە گەمیەشەڕەکانی ئەمەریکا، بەڵام ئەوەمان لێ گل نەدانەوە و پێمان پەسند نەبوو؛ وامان بڕیار دا لە دوورەوە خۆمان لەو نەوتکێشانە بەدیار بخەین وا ئەمەریکا پشتپارێزیان دەکا؛ یان هەندێ کاری لەو بابەتە و لەوە زیاتر نەچین، نەکا ئەمەریکامان لێ هار ببێت."

 

د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler