ئاب 22, 2019

حکوومەتی سکۆتلەندا دەیەوێ ڕیفراندۆمێکی دیکەی سەربەخۆیی ئەنجامبدا

لە ئەیلولی ساڵی (٢٠١٤) ەدا سکۆتلەندییەکان بەڕێژەییەکی بەرچاو ڕیفراندۆمیان بۆ سەربەخۆیی لەشانشینی بەریتانیا ئەنجامدا، بەڵام دەنگی مانەوە بەڕێژەی (٥٥%) سەرکەوت بەسەر دەنگی جیابونەوە کە نزیکەی (٤٥%) ی بەدەستهێنا، نەیانتوانێ جیاببنەوە.

لەو ساوە حکومەتی سکۆتلەندا بۆ دەرفەتێکی دیکەی چاوەڕێیە تاوەکو جارێکی دیکە ڕێکەوێ ڕیفراندۆم بۆ دووبارەکردنەوەی سەربەخۆیی ئەنجامبدەن، ئەوان ویستی سەربەخۆییان هێشتا هەر گەرمە و بەتایبەتی دوای ئەوەی لەڕیفراندۆمی جیابونەوەی بەریتانیاش لەناو یەکیەتی ئەوروپا جیا لەبەشەکانی دیکەی بەریتانیا سکۆتلەندا پاڵپشتی گەورەیمانەوەبوون، بۆیە ویستی ئەوان جگە لەجیابونەوە لەبەریتانیا بەڵکو مانەوەشە لەناو یەکیەتی ئەوروپادا.
بەپێی ڕاپۆرتێکی (گاردیان) حکومەتی سکۆتلەندا پرۆژە یاسایەکی نوێی بڵاوکردەوە کە تیایدا داوادەکرێ دەرفەت بە خەڵکی سکۆتلەندا بدرێ هەتا پێش ساڵی (٢٠٢١) ڕیفراندۆمی دووەم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدەن.
(نیکۆلا ستێرجن) گوتی، دەنگدانێکی دیکە پێش ساڵی (٢٠٢١) دەرفەتێک دەداتە سکۆتلەندا بۆ ئەوەی بژاردەی گەلێکی سەربەخۆی ئەوروپایی هەڵبژێرێت نەوەکو ئەو بژاردەیەی کە بەهۆی دواڕۆژی برێگزیتەوە بەسەریاندا دەسەپێ.
دیارە سکۆتلەندییەکان بەڕێژەیەکی بەرچاو لە ڕیفراندۆمی حوزەیرانی ساڵی (٢٠١٦)ی بەریتانیا بۆ جیابونەوە لەیەکیەتی ئەوروپا پشتگیری گەورەی مانەوە بوون، بەپێی داتاییەکان لەکۆی نزیکەی (٣٢) شارەوانی ناوچەکانی سکۆتلەندا بەڕێژەی (٦٨%) لەگەڵ مانەوەی بەریتانیا لەناو یەکیەتی ئەوروپادا بوون و، تەنها (٣٨%) یان دەنگیان بەجیابونەوەداوە.
دوای ئەوەی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا کە پارتی دەسەڵاتدارە لەهەڵبژاردنەکانی ئەو دواییەی یەکیەتی ئەوروپاشدا بەرزترین ڕێژەیان بەدەستهێنا و توانیان سێ ئەندام پەرلەمان جێگیربکەن، ئەو سەرکەوتنە بەلای پارتەکەوە کە حکومەتی سکۆتلەندای لەدەستدایە ئاماژەیەکی ڕوونی دیکەیە کە ویستی سکۆتلەندییەکان مانەوەیە لەناو یەکیەتی ئەوروپادا.
لەو بارەیەوە (مایکڵ ڕوسێل) وەزیری کاروباری دەستوری حکومەتی سکۆتلەندا ئاماژەی بەئەنجامەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی یەکیەتی ئەوروپادا و گوتی، سکۆتلەندا بەدەنگێکی بەرز و ئاشکرا گوتی ئەوان نەتەوەیەکی ئەوروپایین.
وە لەبارەی مەرجەکانی ئەنجامدانەوەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی گوتی، لە مانیفیستۆی ساڵی (٢٠١٦)ی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا مەرجەکانی ڕیفراندۆمی دووەم بۆ سەربەخۆیی دیاریکراون، وە ئێستاشئەو مەرجانە بەتەواوەتی هاتونەتەدی لەکاتێکدا کە بەریتانیا هەنگاوەکانی بەرەو جیابونەوەن لەیەکیەتی ئەوروپا بەبێ ڕێکەوتن ڕێدەکەن.
بەپێی پرۆژە یاسای ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی سکۆتلەندا کاتی بەڕێوەچونی تێدا دیارینەکراوە، هەروەها پرسیاری ڕیفراندۆم و ماوەی ڕیفراندۆمیش ئاماژەیان پێ نەکراوە، هەموو ئەوانە لەلایەن یاسای دووەمەوە دیاری دەکرێن.
لەبارەی دەسەڵاتی ڕیفراندۆمەوە، (ستێرجن) سەرۆکی حکومەتی سکۆتلەندا پێشتر ئاماژەی بەوەدابوو کە هەموو هەنگاوەکانی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئەوەی دەسەڵاتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە وێستمنستەری بەریتانیاوە بگوازنەوە بۆ لای خۆیان بەڵام (تێریزا مەی) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا ئەوەی بەبەردەوامی ڕەتکردۆتەوە، وە حکومەتی بەریتانیاش ڕێگای گواستنەوەی ئەو دەسەڵاتە نادات.
سەرۆکی پارتی نیشتمانی سکۆتلەندا گوتی، ئێمە لەگەڵ ڕێکەوتنین لەبارەی گواستنەوەی دەسەڵاتی گونجاو بۆ خۆمان کە بتوانین ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی ئەنجامبدەین، ئەوە گرنگە کە حکومەتی بەریتانیا دان بەوەدابنێ و، وە ئەگەر بێتو ڕێگابگرێ لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ئەو هەنگاوە هەنگاوێکی دژی دیموکراتی دەبێت.
هەڵبەتە بڵاوبونەوەی پرۆژە یاسای ڕیفراندۆم لەکاتێکدایە کە (تێریزا مەی) سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستی لەکارکێشاوەتەوە، ئێستا لەکارداماوەتەوە تا ئەو کاتەی کەسێکی دیکە لەپارتی پارێزگاران دەستنیشاندەکرێ بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا. بەشێک لەوانەی کە لەکەمپەینی وەرگرتنی پۆستی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیادان ئاماژەیان بەوەداوە کە ناهێڵن سکۆتلەندا ڕیفراندۆمی دووەم بۆ سەربەخۆیی ئەنجامبدا لەوانە (ڕۆری ستیوارت، ساجید جاڤید، جەیمس کلێڤەرلی) ئەوانە ئەو سێ کاندیدەن لەنێو کاندیدەکانی دیکەی پارتی پارێزگاران بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران کە لەدژی ڕیفراندۆمی سەربەخۆیی سکۆتلەندان.
شیاوی باسکردنە، حکومەتی سکۆتلەندا بەڕوونی لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفراندۆمی دووەمە بۆ سەربەخۆیی لەبەریتانیا، ئەوان لەئێستاوە هەتاوەکو ساڵی (٢٠٢١) بەکاتێکی شیاو دەزانن کە بژاردەی جیابونەوە لەبەریتانیا جارێکی دیکە بخەنەوە بەردەم گەلەکەیان.
سکۆتلەندا پێیوایە دەبێت لەنێو یەکیەتی ئەوروپادا بمێننەوە، جیا لەبەشەکانی دیکەی بەریتانیا کە لەگەڵ جیابونەوەبوون لە یەکیەتی ئەوروپا، ئەو دوو وێنە جیاوازەی بەریتانیاش شانسێکی دیکەی داوەتە سکۆتلەندییەکان کە بەرگری لەخەونەکەیان بکەن.
هەندێک لەڕاپرسیەکانیش ئەوەیان دەرخستوە کە ڕێژەی هەوادارانی سەربەخۆیی بەبەراوورد لەجاری پێشوو بەرزبۆتەوە، وە پارتی نیشتمانی سکۆتلەنداش چالاکیەکانی بەو ئاقارەدا زیادکردوە.
دیارە ئەو پرۆژە یاسایەی ئیستا تاوەکو کۆتایی ئەو ساڵ کاری لەسەر دەکرێت و لەوانەیە لە ئەنجومەنی (هۆلیڕوود) ی سکۆتلەندا بەبێ ئاستەنگ تێبپەڕێت و ببێتە یاسا، چونکە زۆربەی پەرلەمانتارەکان لەبەری سەربەخۆین.
بەپێی زانیاریی ڕاپۆرتەکان، حکومەتی بەریتانیا پێناچێت وابەئاسانی بچێتە ژێر خواستی سکۆتلەندییەکانەوە و دەرفەتی ڕیفراندۆمێکی دیکەیان بداتێ، شارەزاییان دەڵێن ئەگەرچی خەڵکی مافی دەربڕینی خواستی یاسایی خۆیان هەیە لەڕیفراندۆمدا کە ئەوە پرۆسەیەکی دیموکراسیە بەڵام کاتی ئێستا بۆ بەریتانیا گونجاو نیە و نایەوێ وڵاتەکەی دابەشببێت بەتایبەتی ئێستا کە لەبەردەم جیابونەوەدایە لەیەکیەتی ئەوروپا.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler