ئەیلول 18, 2019

ئەمریكا و توركیا شەڕی ئابووری برەو پێ دەدەن

ساڵی ٢٠١٩ بۆ توركیا ساڵێكی سەخت و دژوار بوو لەرووی ئابوورییەوە، چونكە بەهای لیرەی تور كی بەرامبەر بە دۆلار تا ئاستێكی زۆر دابەزی و حكوومەتیش نەیتوانی بەری پێ بگرێت. ئەمڕۆش بە هۆی ناكۆكی نێوان توركیا و ئەمریكا دیسان بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دابەزی.

لە هەفتەی رابردوودا، بەهای لیرەی توركی توانی بەرز ببێتەوە و ١٠٠ دۆلاری ئەمریكا گەیشتە ٥٦٨ لیرە، بەڵام ئەمڕۆ بەهای لیرە دابەزییەوە.
بە هۆی ئەوەی ئەمریكا ٣٥ فڕۆكەوانی توركیای گەڕاندەوە بۆ توركیا و كۆتایی بە راهێنانیان هێنا لەبارەی فڕۆكەی جەنگی F35 بۆیە دۆلار بەرز بوویەوە.
١٠٠ دۆلاری ئەمریكی بە ٥٨٠ لیرە مامەڵەی پێوە دەكرێت، ئەمەش لە كاتێكدایە هاووڵاتییانی توركیا چاوەڕوان بوون دۆلار بەهاكەی زیاتر دابەزێت و بكاتە ٥٠٠ لیرە.
لە ساڵی ٢٠١٨ تاكو ناوەڕاستی ٢٠١٩، بەهای لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار ٤٠٪ دابەزیوە، كە لە مێژووی توركیادا یەكەمجارە لیرەی توركی بەم شێوەیە بەهای خۆی لە دەست بدات.
یەكێك لە هۆكارە سەرەكییەكانیش ئەو قەرزانەیە كە توركیا لە بانكە نێودەوڵەتییەكان كردوویەتی و بە هۆی نەگەڕانەوەی ئەو قەرزانەش لە كاتی خۆیدا فایزی زۆری هاتوەتە سەر.
یەكێكی تریش لە هۆكارەكان، كڕینی مووشەكی بەرگری ئێس ٤٠٠ بوو لە رووسیا، كە ئەمریكا دژی ئەو هەنگاوەی توركیا وەستایەوە و هەڕەشەی لێكرد ئەگەر پەشیمان نەبێتەوە، سزای ئابووری بەسەردا دەسەپێنێت.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی لە میدیاكانی توركیا بڵاوكراونەتەوە، ئابووری توركیا زۆر خراپ دەبێت، بە تایبەت لە دوای ٣١ی تەمووز، چونكە ئەمریكا لە نامەیەكدا بە توركیای راگەیاندوە تا ئەو بەروارە لەسەری رادەوەستێت و شانسی ئەوەی هەیە پەشیمان ببێتەوە لە كڕینی مووشەكی بەرگری ئێس ٤٠٠ لە روسیا.
لایەنێكی تری خراپی رەوشی ئابووری لە توركیا دەگەێتەوە بۆ دووبارە كردنەوەی هەڵبژاردن لە توركیا، چونكە جگە لەوەی دەبێت داهاتێكی زۆر بۆ هەڵبژاردن ئامادە بكڕێت، لە هەمان كاتدا رەوشی ناوەخۆیی توركیا نا ئارامی بە خۆیەوە بینیوە و پارتە سیاسییەكان تا ئاستێكی زۆر دژایەتی یەكتری دەكەن و ئەمەش نا سەقامگیری بۆ لیرەی توركی بەرامبەر بە دۆلار دروست كردوە.
هاووڵاتییانی توركیا چاوەڕێی ئەوەن كە رەوشی ئابووری باش ببێتەوە، چونكە ئەكەپە و ئەردۆغان بەڵێنیان داوە پلانێكی باش دابنێن بۆ باشتركردنی رەوشی ئابووری، تاكو ئێستاش ئەوان پێیانوایە لە توركیا شتێك نییە بە ناوی قەیرانی دارایی، بەڵكو قەیرانەكە سیاسییە و وڵاتانی ئەوروپی. و ئەمریكا بەسەر توركیایان سەپاندوە.
رێژەی بێكاری لە توركیا ٢٠٪ و ئەمەش بێزاری و بێ متمانەیی لای خەڵك دروست كردوە، چونكە دەرچوویەكی زۆری زانكۆ چاوەڕێی دامەزراندن و دۆزینەوەی هەلی كارن، بەڵام لەمساڵدا بێكاری لە بری ئەوەی كەم بكات زیادی كردوە.
زۆربەی ئەو شارەوانییانەشی لە دەستی ئەكەپە هاتنە دەرەوە، شارەوانییەكان قەرزێكی زۆریان لەسەر ماوەتەوە، واتە لە سەردەمی ئەكەپە بە ملیۆنان لیرەی توركی قەرز كەڵكە بوە و ئیستا سەرۆك شارەوانییە تازەكان ناتوانن ئەو قەرزانە بدەنەوە و وەكو خۆیان دەڵێن لە ماوەی چەند ساڵێكدا تەنیا فریای دانەوەی قەرز دەكەون، بۆیە ناتوانن بە باشی خزمەتی شارەكە بكەن و هەلی كار بدۆزنەوە، ئەمەش وا دەكات قەیرانی ئابووری لە توركیا سەختتر ببێتەوە و لیرەی توركی بەهاكەی زیاتر دابەزێت بەرامبەر بە دۆلار.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler