ئاب 22, 2019

پەکین بەرگری لە هواوی دەکات

دوای ئەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان رێگری لەفرۆشتنی تەکنەلۆژیای پێویست بەکۆمپانیای هواوی تەکنەلۆجیزی چینی هەفتەی رابردوو پەکین، بەشێک لەکۆمپانیا تەکنەلۆژییە جیهانییەکانی بانگهێشتکردو، کۆمەڵێک بابەتیان تاوتوێ کرد.

ئەمریکا وەک خۆپارێزییەک بەرامبەر ئەو پێشکەوتنە بەرچاوەی کۆمپانیا چینییەکە لەبواری پێشکەوتنی تەکنەلۆژی و سیستەمی 5G بەدەستیهێناوە، بڕیاریدا هواوی بخاتە نێو لیستی ڕەشی وڵاتەکەیەوە.بەو بڕیارەش رێگری لەکۆمپانیاکانی واشنتۆن دەکرێت کەرستەو خزمەتگوزاری پێشکەش بەو کۆمپانیا بکەن، لەلایەن خۆشیەوە کۆشکی سپی پرسەکەی بۆ "ئاسایشی نیشتیمانی" گەڕاندووەتەوە.
ئەو بابەتەش مەترسیی ئەوەی دروستکردووە "گورزێکی کوشندە لەناکۆکییە ئابووریی و جەنگە بازرگانییەکەی هەردوو گەورە ئابووری جیهانی بدات". سەرەڕای ئەوەی هواوی ڕەتیدەکاتەوە "کەرستەکانی هەڕەشەی ئەمنی بێت بۆ وڵاتانی جیهان"، بەڵام واشنتۆن سوورە لەسەر بڕیارەکەی.
پاش بڕیارەکەی ئەمریکا، پەکین ئاشکرای کردووە "لیستێکی تایبەت بەو کۆمپانیا بیانیانە دەردەکات کەچیتر ناتوانن پشتی پێبەستن"، ئاماژەی بەوەشداوە "سنوورێک بۆ دابینکردنی کانزای پێویست و تایبەت بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکان دادەنێن".یەکێک لەکێشەکانی واشنتۆن بەرامبەر پەکین، دواکەوتنیەتی لەمامەڵەی بازرگانی و، ناهاوسەنگی بازرگانی کەزۆربەیان بەقازانجی زلهێزەکەی ئاسیاییە شکاوەتەوە.
چەند هەفتەیەکیش لەمەوبەر کۆمپانیای گوگڵ، بڕیاریدا هواوی لەسوود وەرگرتن لەپرۆگرامی ئەندرۆید، کە کارپێخەری مۆبایلەکانی هواوییە، بێبەش بکات، ئەمەش مەترسییەکی زۆری بۆ بەکاربەرانی ئەو مۆبایلە دروستکردووە.
بەجۆرێک زۆربەی پرۆگرامە ئەمنییەکانی ئەندرۆید بۆ هواوی لەکار کەوتن و، بەشێکیان بەکاربەران نەیانتوانی ئەپدێتی زانیارییەکانیان بکەنەوە.ئەمەش وەک یەکێک لەبەڵێنەکانی دۆناڵد ترامپ سەرکۆماری ئەمەریکا لەبانگەشەی هەڵبژاردن خستیە ڕوو، گرنگی زیاتر بەکۆمپانیای وڵاتەکەی بکات، بۆیە لەهەوڵی ئەوەدایە باجێکی زۆر بخاتە سەر کاڵا بیانییەکان، بەتایبەت کەرستەی چینی.
سەرچاوەیەک لەکۆمپانیای مایکرۆسۆفتی ئەمریکا بۆ بەرنامەسازی کۆمپیوتەر لەبارەی کۆبوونەوەکەیان لەگەڵ بەرپرسانی چینی، جەختی لەوەشکردووەتەوە "کۆبوونەوەکە هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەوخۆی تێدا نەبووە".
باسیان لەوەشکردووە "بەرپرسانی پەکین هێمایان بەوە کردووە ملکەچکردن بەبایکۆتەکانی ئەمریکا ئەگەری ئەوە هەیە زیان بەهەموو لایەنەکانی ئەو کەرتە بگەیەنێت".داواش لەو کۆمپانیا ئەمریکییە کراوە، کەبەشداریی لەکۆبوونەوە تایبەتییەکەی کردووە "هیچ جووڵەیەکی لەناکاو و بێخوێندنەوە ئەنجامنەدەن، تا بەتەواوی لەپرسەکە تێدەگەن".
گووتیشی "تۆنی قسەکانیان نیمچە ئاشتەواییەکی تێدا بوو"، بەڵام مایکرۆسۆفت هیچ زانیارییەکی ئەوتۆی لەبارەی کۆبوونەوەکە پێشکەش نەکرد.سەرچاوەی تۆمارکردنی هواوی لەلیستی ڕەشی ئەمریکا، بەهۆی سیستەمی 5G دەگەرێتەوە، کە کۆمپانیا چینیەکە بەبەراورد لەگەڵ کۆمپانیاکانی دیکە بەتایبەت ئەپڵ پێشەنگ بووەو، ئەمەش بووەتە هۆی توڕە بوونی ترامپ بەرامبەر ئەو پێشکەوتنە کۆمپانیا چینییەکە بەدەستهێناوە.
لەلایەکی دیکەوە کۆمپانیایەکی تەکنەلۆژی ئەمەریکی لەنێو چینیدا بەئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند "کۆبوونەوەکە لەکەشێکی هێمنانە بەرێوەچوون و، ئەو شێوە گفتوگۆیانەش چاوەڕوان کراو بوون".ئەو کۆمپانیایە کە ئاژانسە فەڕەنسییەکە ناوی بڵاونەکردووەتەوە هێمای بەوە کردووە بەبیانووی بابەتێکی هەستیارە دەڵێت "بەهیچ شێوەیەک باسی هواوی و هۆشدارییەکان نەکراون، تەنها داواکراوە لەو وڵاتە بمێننەوەو، دانووستاندنەکانیش سوودی بۆ هەردوو لایەن هەیە".
دووپاتیکردووەتەوە "پێم وایە تا ئێستاش ئەوان تا ئێستاش پێویستیان بەتەکنەلۆژیاو بەرهەمی ئەمریکی هەیە، بۆ ئەوەی بگەنە ئاستی تێربوونی ناوخۆیی، ئەمەش پێویستی بەکاتەو ئەوکات ڕەنگە لەوڵاتەکەیان دەرمانبکەن". ڕۆژنامەی "نیویۆرک تایمز"ـی ئەمریکی یەکەم دەزگای میدیایی بووە، سازدانی کۆبوونەوەیەک لەنێوان حکومەتی چنی و سەرۆکی گرووپە کۆمپانیاکانی ئەمریکاو کۆریای باشوور بڵاوکردووەتەوە.لەو کۆمپانیانەش دێڵ و مایکرۆسۆفتی ئەمریکی و سامسۆنگی کۆریای باشوور بووە.
ڕۆژنامەکە ئاشکراشی دەکات "پەکین هەڕەشەی کەمکردنەوەی چالاکییەکانی ئەو کۆمپانیانە کردووە، بەوەی دواتر ڕووبەرووی هەنگاوی تۆڵەسەندنەوە دەبن".جگە لەو سێ کۆمپانیایە کۆمپانیای ئارمی بەریتانی بۆ پیشەسازی میمۆری و شانەی ئەلیکترۆنیش بەشداریی کردووە، کە مانگی رابردوو دابینکردنی پێداویستیەکانی هواوی راگرت.
نیویۆرک تایمز لە ڕاپۆرتەکەی خۆیدا باس لەوە دەکات "دەسەڵاتدارانی چینی ئاماژەیان بەوە کردووە بڕیارەکەی دۆناڵد ترامپ، سەرکۆماری ئەمریکا بۆ راگرتنی هاوبەشی تەکنەلۆژی لەنێوان کۆمپانیا ئەمریکییەکان و چینیەکان، بووەتە هۆی شڵەژانی تۆڕە جیهانییەکان بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان".دووپاتشیکردووەتەوە "ئەو کۆمپانیانەی ئەو سیاسەتە جێبەجێ بکات، ڕەنگە ڕووبەرووی سزای تووند ببنەوە".ئەمەش لەکاتێکدایە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەهەینییەوە بڕیاریداوە هواوی چینی لەسوود وەرگرتن لەئاپەکەی لەنێو تۆڕەکانی ئەنتەرنێت بێبەش بکات.
هەنگاوەکانی فەیسبوک دوای بڕیارەکەی سەرکۆماری ئەمریکا دێت کە رێگری لەهەناردەکردنی تەکنەلۆژیای ئەمریکی بۆ هواوی کردووە، بەڵام چاودێرانی بازرگانی و تەکنەلۆژی پێیان وایە "هەوڵەکانی واشنتۆن بۆ ئەوەیە رێگری لەپێشڕەوییەکانی هواوی بگرێت و، رێگە نەدات لەسەر حیسابی کۆمپانیاکانی خۆپان و هاوپەیمانەکانیان تەکنەلۆژیای نوێ بخەنە بازاڕەکان".
ترامپ لەماوەی مانگی رابردوو داوای لەزۆربەی وڵاتانی جیهان کردووە، دابینکردنی سیستەمەکانی هواوی لەنێو وڵاتەکانی خۆیان رابگرن، بەشێک لەو وڵاتانەش گرێبەستەکانیان لەگەڵ هواوی هەڵوەشاندۆتەوەو، بەشێکیانیش درێژەیان بەو کارانە داوە.
پێشبینی دەکرێت هواوی لەدواجاردا بتوانێت بەسەر بڕیارەکەی ئەمریکا زاڵ بێت و، واشنتۆن ناچار بکات پێداچوونەوە بەبڕیارەکەی بکاتەوە، بەتایبەت ئێستا زۆربەی کارگەکانی ئەپڵ لەنێو چیندایەو، پێویستی بەخزمەتگوزارییەکانی چین و هواویە، بۆ دروستکردنی بەرهەمەکانی خۆیدا.

 

کارزان حەمید ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler