ئاب 22, 2019

نەتەوە یەکگرتوەکان هۆشداری لەڕوودانی قەیرانی مرۆیی لە ئیدلیب دەدات

نزیکەی هەشت ساڵە شەڕی سووریا درێژەی هەیە کەچی هەتا ئێستا چەکەکان دادەنراون و شەڕ مایەی ماڵوێرانیە کە بەهۆی ئەو شەڕەوە سەدان هەزار قوربانی لێکەوتۆتەوە و بەملیۆنان کەس ئاوارەبوون. ڕەوشی سووریا ئەگەرچی لەماوەی ڕابردوودا باڵانسی هێزی گەڕاندۆتەوە دەست حکومەتی سووریا بەڵام بەشێک لەناوچەکان لەژێردەستی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارە جیهادیەکاندا ماون لەوانەش ناوچەی ئیدلیبە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) نەتەوە یەکگرتوەکان لەبارەی ڕەوشی ئیدلیبەوە هۆشداریداوە کە مەترسی سەرهەڵدانی قەیرانێکی دیکەی مرۆیی لەناوچەکەدا لێدەکەوێتەوە کە دوا وێستگەی شەڕی ئۆپۆزسیۆنە لەناوچەکەدا، داوای ڕێگری لەو شەڕە دەکرێت.

نەتەوە یەکگرتوەکان دەڵێ لەئەگەر شەڕی کۆتایی ئیدلیب کە دەکەوێتە باکوری ڕۆژئاوای سووریا لەوانەیە ئەنجامەکەی بەقەیرانێکی گەورەی مرۆیی کۆتایی بێت.
بۆچی ئیدلیب گرنگە؟
پارێزگای ئیدلیبی سووریا یەکێکە لەناوچە گرنگەکانی سووریا کە ناوچەیەکی بەرفراوانە و لەباکورەوە یەکدەگرێتەوە لەگەڵ حەمما و، لەڕۆژئاواشەوە لەگەڵ حەلەب.
ئیدلیب سنورێکی بەردرێژی هەیە، سنوری لەگەڵ تورکیا هەیە لەباکورەوە، هەروەها شاڕێگای سووریا لەباشورەوە لە حەلەبەوە دەباتەوە بۆ حەمما و هەروەها بۆ پایتەختی سووریاش بۆ دیمەشق. وە لە ڕۆژئاواوە ناوچەکانی خوارووی سووریا دەبەستێتەوە بە لاتاکیا و کەنارەکانی دەریای ناوەڕاست، ئەگەر بێتو ئیدلیب بکەوێت ئەوا کۆتایی ئۆپۆزسیۆنی سووریا دەبێت.
ئیدلیب ناوچەیەکی بەهێزی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارە جیهادیەکانە کە لەوێوە لەماوەی هەشت ساڵی ڕابردوودا هەوڵیانداوە حکومەتەکەی بەشار ئەسەدی سووریا بڕوخێنن.
بەپێی خەمڵاندنەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان ئیدلیب شوێنی نیشتەجێبونی نزیکەی سێ ملیۆن کەسە و کە نزیکەی یەک ملیۆنیان منداڵن، وە زیاتر لە (٤٠%) یان خەڵکی ناوچەکانی دیکەی سووریان و پێشتر لەناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی ئۆپۆزسیۆنەوە گواستویانەتەوە بۆ ئەوێ.
کێ کۆنتڕۆڵی پارێزگایەکەی کردوە؟
ئیدلیب لەلایەن چەند گروپێکی دژ کۆنتڕۆڵکراوە، ئەوان لەژێر یەک چەتردا کارناکەن. لەساڵی (٢٠١٥) ەوە بەتەواوی کەوتۆتە ژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن بەڵام لەسەرەتای (٢٠١٩) ەوە بەهۆی بەرزبونەوەی توندوتیژیەکان لەنێوان ئۆپۆزسیۆن و گروپە جیهادیەکانەوە، گروپی حەیات تەحریر شام دەسەڵاتی تێدا باڵایە.
لەو کاتەوەی گرژیەکانی نێوخۆی گروپەکان بەرزبۆتەوە هەندێک لەچەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن پاشەکشەیان لە ئیدلیبەوە بۆ ناوچەکانی عەفرین پێکراوە کە لەژێر دەستی گروپەکانی ئۆپۆزسیۆنی ژێر پاڵپشتی تورکیادایە.
حەیات تحریر شام کە پێشتر بەرەی نوسرە بوو و، لەقاعیدە جیابۆوە ئێستا گروپێکی سەرەکی ناو پارێزگایەکەیە و یەکێکە لەو گروپانەی کە لەلایەن نەتەوە یەکگرتوەکانەوە بە ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دانراوە.
بەپێی خەمـلاندنەکان ژمارەی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن کە ئێستا لەناو ئیدلیب و حەلەب و حەممان ژمارەیان لەنێوان (٢٠ بۆ ٥٠ هەزار) چەکدار دەبێ و وە ژمارەی جیهادیەکانیش ڕوون نیە چەندن.
لەسەرەتای ئەو ساڵ نەتەوە یەکگرتوەکان ئاماژەی بەژمارەی چەکدارە جیهادیەکانی حەیات تحریر شام دابوو کە ئەوانیش نزیکەی (٢٠ هەزار) چەکدارێکن.
خەڵکی مەدەنی ئیدلیب چی بەسەردێت؟
(ئەنتۆنیۆ گیوتێرس) سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لە ئەیلولی ساڵی پاردا گوتی، زۆر گرنگە کە نەهێڵن شەڕ لە ئیدلیب ڕووبدات و هۆشداریدا کە سیناریۆیەکە ڕەوشێکی مرۆیی خراپ دەبێ کە تاوەکو ئێستا نەمان بینیوە.
هەڵبەتە زۆربەی ناوچەکان، کەمپەکان بەهۆی قەرەباڵغیەوە ناتوانرێ پێداویستیەکانیان بەڕێکوپێکی بۆ دابینبکرێ، تاوەکو ئێستا لەو ناوچەیە ئەو خەڵکەی ئاوارەبوون لەژێر دارەکان و لەنێو خێوەتدا لەناوچەکانی دەوروبەری گیرساونەتەوە، بۆ ڕێکخراوە مرۆییەکان ئاسان نیە بەسەریان ڕابگەن.
نەتەوە یەکگرتوەکان و هاوبەشەکانی ناچاربون کە هاوکارییە مرۆییەکان ڕابگرن بەهۆی شەڕی گەرمی ئەو ناوچەیە. وە ملیۆنان کەسی ئەو ناوچەیە دەرگایەکانیان بەسەردا داخراون و شوێنێکیان نیە بۆ هەڵبێن، تورکیا سنوری داخستوە، وە ناوچەی عەفرین پێشتر پڕبوە و زۆر قەرەباڵغە و ئاوارەی زۆری تێکەوتوە و زۆر لەوانەی کە پاڵپشتی ئۆپۆزسیۆنیشن ناوێرن لەناوچەکە دەرچن چونکە دەترسن ڕووبەڕووی گرتن و کوشتن ببنەوە.
(مارک لۆکۆک) ڕێكخەری فریاگوزارییەکانی نەتەوە یەکگرتوەکان گوتی، ئەگەر شکست بهێنین لەکۆتایی هێنان بەتوندوتیژییەکان و چارەسەرێکی درێژخایەن نەدۆزرێتەوە ئەوا بەسەدان هەزار کەس تێدادەچن.
ئایا دەکرێ شەڕی سەر ئیدلیب ڕابگیرێت؟
بەپێی ڕاپۆرتەکە ئەوە دەکەوێتە سەر تورکیا و ڕووسیا، تورکیا کە پێشتر شوێنی حەوانەوەی نزیکەی سێ ملیۆن ئاوارەی سووریاییە لەوە دەترسێ کە شەپۆلێکی دیکەی زۆری ئاوارەی ڕووتێبکەن. تورکیا حکومەتی سووریای تاوانبارکردوە کە ڕێکەوتنەکانی شکاندون و داوای لەڕووسیا کردوە کە کۆنتڕۆڵی ڕەوشەکە بکات و ڕێگری لەو شاڵاوەی سووریا بۆ سەر ناوچەکە بکات.
بەڵام ڕووسیا ئاماژەی بەوەداوە کە تورکیاش بەرپرسیاریەتی هەیە لەوەی کە شاڵاوە سنورییەکان کە لەلایەن جیهادییەکانەوە ئەنجامدەدرێن رابگرێ، کە ئەو شاڵاوانەی گروپە جیهادیەکان خەڵکی سیڤیل و، هەروەها هێزەکانی ڕووسیاشیان کردۆتە ئامانج.
(ڤلادیمێر پۆتین) سەرۆکی ڕووسیای فیدڕاڵ ڕەتی کردوە کە پاڵپشتی شەڕی بەرفراوانی سەر ئیدلیب بکات بەڵام لەبارەی ڕەوشی مرۆیی ناوچەکە لەگەڵ حکومەتی سووریا تاوتوێی دۆخەکە دەکەن.
شیاوی گوتنە، لەماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا حکومەتی سووریا دەسەڵاتی خۆی گێڕاوەتەوە بۆ زۆربەی ناوچەکان کە پێشتر لەدەستی دابوون، حکومەتی ڕووسیا و حکومەتی ئێران دوو لەو هێزانەن کە پاڵپشتی حکومەتی سووریابوون بۆ گێڕانەوە سەرکەوتنەکان بۆ حکومەتی سووریا.
ڕووسیا بەهێرشی فڕۆکەکانی و ئێرانیش بەپاڵپشتیکردنی میلیشیا چەکدارەکان توانیویانە یارمەتی گەورە پێشکەشی سوپای سووریا بکەن تاوەکو ناوچەکان لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆن و چەکدارە جیهادیەکان وەربگرنەوە.
لەمانگی ئابی (٢٠١٨) ەدا حکومەتی سووریا ڕایگەیاند کە کاری لەپێشینەیان گێڕانەوەی ئیدلیبە بۆ ژێر کۆنتڕۆڵی سووریا و خۆیان بۆ هێرشێکی بەرفراوان ئامادە دەکەن، بەڵام دواتر بەهۆی هەوڵەکانی تورکیا لەگەڵ ڕووسیا ناوچەی لەچەک داماڵینیان لەبەرەکانی پێشەوە کردەوە کە داوا لەجیهادیەکان کرا پاشەکشە بکەن و چەکی قورس دابنێن.
هەڵبەتە بەهۆی ئەو ڕێکەوتنەوە سەربازی تورکیا لەوێ جێگیرکران بەڵام ڕێکەوتنەکە هەرگیز بەتەواوەتی جێبەجێ نەکرا و جیهادیەکان چۆڵیان نەکرد و بەهۆی شەڕەوە دەسەڵاتیان بەهێزترکرد.
ڕوانگەی سووریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت بەهۆی شەڕەکانی ناوچەی ئیدلیبەوە لەناوەڕاستی مانگی شوباتەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی (٦١٥) کەس لەخەڵکی مەدەنی، وە نزیکەی (٤٨٣) چەکداری جیهادیەکانیش کوژراون.
ئەگەر شەڕی ئیدلیب چارەسەرێکی ئاشتیانەی بۆ نەدۆزرێتەوە ئەوا بە ملیۆنان کەس ئاوارەدەبن و ژمارەی قوربانیەکانی شەڕی ناوخۆی سووریا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزدەبێتەوە، چاودێران دەڵێن تورکیا و ڕووسیا دەتوانن هەوڵەکانیان بەرزبکەنەوە و ڕێگا لەو قەیرانە مرۆییەی کە چاوەڕێدەکرێ بگرن.


 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler