تشرینی یەکەم 16, 2019

3 نووسەری دیاری توركیا زیندانی هەتا هەتاییان بەسەردا سەپێنرا

3 نووسەری دیاری توركیا، كە دوانیان برای یەكترین زیندانی هەتا هەتاییان بەسەردا سەپێنرا، بەڵام لەناو نووسەرانی توركیادا، دەنگی ناڕەزایی بەرز بوەتەوە و بڕیاری دادگا بە ناعەدالەتی وەسف دەكەن.

ئەحمەد ئاڵتان و محەممەد ئاڵتان، هەردوكیان برای یەكترین و مامۆستای زانكۆ و نووسەری بەناوبانگی توركیان، بەڵام دوای هەوڵی كودەتایەكەی 15ی تەمووز لە توركیا، لە لایەن حكوومەتی توركیاوە زیندانی كران و هەفتەی رابردووش بە بڕیاری دادگا زیندانی هەتا هەتاییان بۆ بڕایەوە.
جگە لەو 2 نووسەرە، نازڵی ئیلیجاك نووسەری بەناوبانگی توركیا، بە هەمان شێوە لە دوای هەوڵی كودەتایەكەی 15ی تەمووز دەستگیر كرا و دادگا بڕیاریدا هەتا هەتاییە لە زیندان بمێنێتەوە.
ئەو 3 نووسەرە، تۆمەتی ئەوەیان دراوەتە پاڵ كە سەر بە بزوتنەوەی خزمەتن و بە نهێنی كاریان بۆ فەتحوڵڵا گولەن كردوە، بەڵام زۆربەی نووسەرانی توركیا دەستگیركردنی ئەوان بە بڕیارێكی سیاسی دەزانن و بە ناعەدالەتی وەسف دەكەن.
ئێرتوغرول ئۆزكۆك، نووسەری دیاری رۆژنامەی (حوریەت)ـی توركی، لە نووسینێكیدا كە ئەمڕۆ یەكشەممە بڵاوی كردوەتەوە، رەخنە لە حكوومەتی ئاكپارتی دەگرێت و بە بێ ویژدان ناویان دەبات.
جگە لەویش بە دەیان نووسەر و رۆژنامەنووس هێرشی توندیان كردوەتە سەر حكوومەت و، بە حكوومەتێكی نا دادپەروەرانەیان وەسف كردوە و داوا دەكەن ئەو 3 نووسەرە ئازاد بكرێن.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler