کانونی دووەم 27, 2021

دەنگۆی ئازادكردنی دەمیرتاش و كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی راكێشانی دەنگی كوردەكانە

زۆرێك لە چاودێرانی سیاسی پێیانوایە، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ كە بڕیارە 23ی حوزەیران ئەنجام بدرێت، دەنگی كوردەكانی ئەو شارە و دەنگدەری هەدەپە چارەنووسی هەردوو كاندید ئەكرەم ئیمامئۆغلو و بیناڵی یڵدرم دیاری دەكەن. هەروەها سەلاحەدین دەمیرتاش و عەبدوڵڵا ئۆجەلانیش كاریگەری زۆریان لەسەر دەنگدەری كورد هەیە.

دوای ئەوەی دەركەوت لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی 31_3_2019 دەنگی كوردەكان لە تەواوی توركیا توانی یەكلاكەرەوە بێت، بۆیە رەجەب تەییب ئەردۆغان دەیەوێت بۆ پروپاگندەی هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ئیستەنبۆڵ، زمانی نەرمتر بێت بەرامبەر بە كورد.
كولات راوێژكار لە دەزگای راپرسی (MAK)، پێیوایە كردنەوەی دەرگای ئیمیڕاڵی بەرووی ئۆجەلاندا، هەروەها نەرمبوونی ئەردۆغان و ئاكپارتی بەرامبەر بە كورد و هەدەپە، پێمان دەڵێت پارتی دەسەڵات دەیەوێت ئەمجارەیان دەنگی كوردەكان بۆ لای خۆی رابكێشێت.
ئەو باس لەوەش دەكات كە چەند كەسایەتییەكی سیاسی كورد لەناو ئاكپارتی رادەسپێردرێن بێنە ناو خەڵك، بە تایبەت بچنە لای كوردەكان و بڕوایان پێ بهێنن دەنگیان پێ بدەن، نموونە عەبدولقادر ئاكسۆ و حوسێن چەلیك.
بە بۆچوونی هەندیك لە شارەزایانی سیاسی توركیا، رەنگە بۆ بەدەست هێنانی دەنگی كوردانی ئیستەنبۆڵ، سەلاحەدین دەمیرتاش بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن ئازاد بكرێت، ئەمەش كاریگەری زۆری لەسەر هەڵبژاردن دەبێت. ئەگەر ئەو ئەگەرە ئەستەمیش بێت، بەڵام هەر بە گەرمی باسی لێوە دەكرێت.
چوونی دەنگدەری هەدەپە بۆ سەر سندوقی دەنگدان كاریگەر زۆری لە سەر ئەنجامی هەڵبژاردن دەبێت، چونكە هەدەپە 13%ی دەنگەكانی توركیای هێناوە. هەروەها لە هەڵبژاردنی 31_3_2019 دەنگدەری هەدەپە 90%ی دەنگیان بە كاندیدی جەهەپە و پارتی باش ئەكرەم ئیمامئۆغلو دا، بۆیە ئەگەر ئاكپارتی بتوانێت بڕوا بە 1%ی دەنگدەری هەدەپە بهێنێت كە دەنگیان پێ بدات، ئەو 1%ە دەكاتە 80 هەزار دەنگ و ئەمەش شانسی بردنەوەی كاندیدی ئاكپارتی بەرز دەكاتەوە.
ئەگەر ناوی كوردستانمان نەهێنابەیە كورد دەنگی پێ دەداین
لە زۆربەی میتینگەكانی رەجەب تەییب ئەردۆغاندا، باسی كوردستان دەكرا و ئەردۆغان وەكو هەڕەشەیەك بۆ هەدەپە دەیگوت: "ئەگەر حەزتان لە كوردستانە بڕۆن بۆ باكووری عیڕاق، چونكە كوردستان لەوێیە و لە توركیا نییە"، سەركردەیەكی ئاكپارتی دەڵێت وشەی كوردستان بوە هۆكاری ئەوەی كوردەكان دەنگمان پێ نەدات.
عەزمی ئێكنجی كاندیدی ئاكپارتی بۆ سەرۆكی شارەوانی ئەسەنیورت و ئەندامی سەركردایەتی ئەو پارتە، لە دیمانەیەكیدا لەگەڵ رۆژنامەی (ستار)ـی توركی، باس لە هەڵبژاردنی 31_3_2019 دەكات.
ئێكنجی رەخنە لە ئەردۆغان دەگرێت و دەڵێت ئەگەر ئەوەندە باسی كوردستانی نەكردایە، لە ئیستەنبۆڵ و شارەكانی تری توركیاش كوردەكان دەنگیان بە ئاكپارتی دەدا.
هەروەها باس لە دەنگدەری توركیا دەكات، كە ئێستا وەكو جاران نین و پرسیار لەسەر هەموو شتێك دەكەن و لێكۆڵینەوەشت لەگەڵدا دەكەن، بۆیە لەمەودوا دەبێت جوان ئەو لایەنە بخوێنینەوە.
گوتیشی: "ئەو وتە توندانەی بەرامبەر بە كورد بەكاردەهێنرا شتێكی باش نەبوو، چونكە كوردەكان دەنگیان بە بیناڵی یڵدرم دەدا و تەنانەت لە ئەسەن یورت دەنگیان بە منیش دەدا، بەڵام رەقی وتەكان و هێرش كردنە سەر وشەی كوردستان وای كرد كوردەكان دەنگمان نەدەنێ. بۆ هەڵبژاردنی 23ی حوزەیران پێویستە بە زمانێكی تر لەگەڵ كورددا قسە بكەین".

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler