تشرینی یەکەم 16, 2019

بوكوحه‌رام به‌ ته‌قینه‌وه‌ی خۆكوژیی له‌ نایجیریا 89 كه‌سی كرده‌ قوربانی

سێ هێرشبه‌ری خۆكوژ به‌ ته‌قاندنه‌وه‌ی بۆمب له‌ بازاڕێكی قه‌ره‌باڵغی وڵاتی نایجیریا بوون به‌ هۆی كوژرانی 19 كه‌س و برینداربوونی 70 كه‌سی دیكه‌. تا ئێستا هیچ لایه‌نێكیش به‌رپرسیارێتیی ئه‌م كرده‌وه‌ تیرۆریستییه‌ی نه‌گرتووه‌ته‌ ئه‌ستۆ، به‌ڵام به‌رپرسانی سوپای نایجیریا گروپی توندڕه‌وی بوكوحه‌رام به‌ به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی ئه‌م كرده‌وه‌یه‌ ده‌زانن.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ شه‌وی هه‌ینی له‌ ناوچه‌یه‌ك به‌ناوی كۆندۆگا له‌ 30 كیلۆمه‌تریی شاری مایدوگوری روویدا، كه‌ ئه‌م شوێنه‌ دانیشتووانه‌كه‌ی نزیكه‌ی یه‌ك میلۆن كه‌س ده‌بێت و له‌ باكووری رۆژهه‌ڵاتی نایجیریا و له‌ نزیك سنووری چاد هه‌ڵكه‌وتووه‌ كه‌ به‌ شوێنی سه‌ره‌كیی گروپی بوكو حه‌رام داده‌نرێت.
به‌وته‌ی به‌رپرسانی ناوچه‌كه‌ دوو تیرۆریستی خۆكوژ نزیكه‌ی كاتژمێر هه‌شت و نیو له‌ بازاڕی ماسی فرۆشانی ناوچه‌ی كۆندۆگا خۆیان ته‌قاندووه‌ته‌وه‌ و چوار خوله‌ك دواتریش تیرۆریستی سێیه‌م خۆی له‌ نزیك شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی پێشوو ته‌قاندووه‌ته‌وه‌، كه‌ به‌م هۆیه‌وه‌ 19 كه‌س كوژراون و 70 كه‌سیش بریندار بوونه.‌
سه‌ركرده‌ی ئه‌و گروپ چه‌كدارانه‌ی كه‌ شانبه‌شانی سوپای نایجیریا له‌ دژی تیرۆریسم ده‌جه‌نگن رایگه‌یاند كه‌ هیچ گومانی تێدا نییه‌ بوكوحه‌رام به‌رپرسیاری سه‌ره‌كیی ته‌قینه‌وه‌كانه.

 

لوقمان مستەفا ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler