کانونی دووەم 17, 2021

سەدان کەس لە ئەوروپا بەهۆی هاوکاریکردنی پەنابەرانەوە دەستگیرکراون

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئیندیپێندێنت) لەنێو ئەوانەدا کە بەهۆی هاوکاری پەنابەرانەوە دەستگیرکراون خەڵکانی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان و، ئاگرکوژێنەوە و، قەشە و، ئافرەتی بەتەمەن هەن، ئەوانە ویستویانە کاری بەزەیی و مرۆڤانە پێشکەش بەپەنابەران بکەن بەڵام تۆمەتی دەستگرتن و کارئاسانی بۆ پەنابەرانیان دراوەتە پاڵ و دەستگیرکراون.

ڕێکخراوە مەدەنیەکان و، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ هۆشداریانداوە لە ئەو ڕەوتە ڕاستڕەوەی کە لەئەوروپادا دروستبوە چونکە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر دیموکراسی و بەها مرۆڤایەتیەکان لە ئەوروپادا، بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا پارتە ڕاستڕەوەکان و ناشنالیستەکانی ئەوروپا بەهۆی دژایەتیکردنی پەنابەرانەوە کێرڤی دەنگەکانیان بەرزبۆتەوە
داتایەکان دەریانخستوە کە سەدان کەس لەسەرانسەری ئەوروپا بەهۆی هاوکاریکردنی پەنابەران دەستگیرکراون، وە ڕێژەی تۆمەتبارکردنی خەڵکی لەو ماوەیەدا بەرزبۆتەوە و بەهۆی پێدانی خۆراک و هاریکارییە مرۆییەکان و دابینکردنی هۆیەکانی گواستنەوە و شێوەکانی دیکەی یارمەتی مرۆیی کە خەڵکی ئاسایی و ئەندامانی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکانەوە بۆ پەنابەران دەیکەن.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (ئیندیپێندێنت) لەنێو ئەوانەدا کە بەهۆی هاوکاری پەنابەرانەوە دەستگیرکراون خەڵکانی ڕێکخراوە فریاگوزارییەکان و، ئاگرکوژێنەوە و، قەشە و، ئافرەتی بەتەمەن هەن، ئەوانە ویستویانە کاری بەزەیی و مرۆڤانە پێشکەش بەپەنابەران بکەن بەڵام تۆمەتی دەستگرتن و کارئاسانی بۆ پەنابەرانیان دراوەتە پاڵ و دەستگیرکراون.
لەماوەی هەژدە مانگی ڕابردوودا ئەو شێوە دەستگیرکردنانە لەسەرانسەی وڵاتانی ئەوروپادا بەڕێژەیەکی بەرچاو بەرزبۆتەوە، بەپێی داتایەکانی (ئۆپن‌دیموکراسی) دەرکەوتوە کە نزیکەی (٢٥٠) کەس لە وڵاتانی ئەوروپا لەلایەن پۆلیسەوە دەستگیرکراون و، تاونبارکراون بەجۆرێک لەجۆرەکانی یارمەتیدانی پەنابەران، هەیانە تەنها خۆراکی داونەتێ، وە هەندێکیشیان بەهۆی دابینکردنی هۆکارەکانی گواستنەوە و شوێنی حەوانەوە و یارمەتیە مرۆڤایەتیەکانەوە دەستگیرکراون و دواتر سزای زیندانیان بۆ بڕاوەتەوە.
لەساڵی (٢٠١٨) ەدا نزیکەی (١٠٠) کەیسی لەو حاڵەتانە تۆمارکراون کە بەبەراوورد بەساڵی (٢٠١٧) ڕێژەکە نزیکەی دوو ئەوەندە چۆتە سەرێ و ژمارەی دەستگیرکراون بەرزبۆتەوە، سزایەکانیان بەهۆی دابینکردنی خواردن و گواستنەوە و پاڵپشتی پەنابەرانەوە بۆ دەرکراوە بەبیانوی ئەوەی کە ئەوانە دۆکیومێنتی یاسایان پێ نەبوە و نابێ یامەرتی بدرێن.
یەکێک لەو کەیسانە کە لەڕاپۆرتەکەدا هاتوە پیاوێکی ئیسپانی بوە کە پیشەی ئاگرکوژێنەوەیە لەوڵاتی ئیسپانیا، ئەو لەبەرئەوەی یارمەتی ڕزگارکردنی پەنابەرانی داوە کە لەئاوەکانی یۆنان خەریکی خنکان بوون دەستگیرکراوە و نزیکەی (٣٠) ساڵ زیندانی بۆ بڕاوەتەوە.
هەروەها لەسەر سنوری ئیتالیا هاوڵاتیان دەستگیرکراون لەبەرئەوەی خۆراکیان بە پەنابەران داوەتێ و، وە ئافرەتێکی دانیمارکیش کە تەمەنی (٧٠) ساڵ بوە تەنها لەبەرئەوەی لەڕێگای ئۆتۆمبیلەکەیەوە یارمەتی خێزانێکی پەنابەری داوە کە منداڵی بچوکیان هەبوە سزادراوە.
ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕەخنە لەوڵاتانی ئەوروپا دەگرن لەسەر ئەو جۆرە گرتن و تۆمەتبارکردنانە و بەدژی یاساکانی پەیڕەوی لەمافەکانی مرۆڤی ناودەبەن، وە داوا لەوڵاتانی یەکیەتی ئەوروپا دەکەن کە بگەڕێنەوە بۆ پابەندبوون بە مافەکانی مرۆڤ و بەهایەکانی ئەوروپاوە.
هەروەها ڕێکخراوە مەدەنیەکان و، ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ هۆشداریانداوە لە ئەو ڕەوتە ڕاستڕەوەی کە لەئەوروپادا دروستبوە چونکە کاریگەری خراپی هەیە لەسەر دیموکراسی و بەها مرۆڤایەتیەکان لە ئەوروپادا، بەتایبەتی لەو چەند ساڵەی ڕابردوودا پارتە ڕاستڕەوەکان و ناشنالیستەکانی ئەوروپا بەهۆی دژایەتیکردنی پەنابەرانەوە کێرڤی دەنگەکانیان بەرزبۆتەوە و خەڵکی ئاسایی لەزۆربەی وڵاتانی ئەوروپادا ڕوویان تێکردون و لەهەندێک لەوڵاتانی ئەوروپا دەسەڵاتیشیان گرتۆتەدەست، ئەوانە کاریگەریان هەبوە لەسەر ڕێگریکردنی خەڵکی لەبەهاناوەچونی پەنابەران و لەڕێگای یاساوە گرتن و سزادانیان.
کار گەیشۆتە ئەوەی کە ئەوانەی بەرگری لەمافەکانی مرۆڤ دەکەن لەلایەن حکومەتەکانی وڵاتانی ئەوروپاوە دەستگیردەکرێن و تاوانباردەکرێن، ڕاپۆرتەکە کەیسی (تۆم سیۆکاوسکی)  هاوڵاتی بەریتانیایی بەنمونە هێناوەتەوە، کە (تۆم) ویستویەتی ئازاردانی پەنابەران لەلایەن پۆلیسەوە بەدۆکیومێنت بکات و لەلایەن حکومەتی فەرەنساوە دەستگیرکراوە، وە (پێنج ساڵ) زیندانی بۆ بڕاوەتەوە و هەروەها سزای (٧٥٠٠ یۆرۆ) ش دراوە.  لەسەر ئەو حاڵەتانە ئەمنستی نێودەوڵەتی داوای لە حکومەتەکانی وڵاتانی ئەوروپا کردوە کە ئەو جۆرە تاوانبارکردنانە ڕابگرن لەسەر ئەوانەی کە بەرگری لەمافەکانی مرۆڤ دەکەن، ئەگەرنا دیموکراسی و، بەها مرۆییەکان لە ئەوروپا ڕووبەڕووی پرسیار دەبێتەوە.
شیاوی باسکردنە، لەساڵی (٢٠١٥) ەوە بەهۆی لێشاوی پەنابەرانەوە وڵاتانی ئەوروپا جۆرێک لە ڕەتکردنەوەی پەنابەرانیان تێدا دروستبوە، وە لەسەر پرسی پەنابەران بەشێک لە پارتە سۆسیالیستی و چەپەکان لەدەنگدانەکاندا ڕێژەی دەنگەکانیان دابەزیوە و بەپێچەوانەوە پارتە ڕاسترەوەکان پشتگیری خەڵکیان بەدەستهێناوە و گەیشتونەتە دەسەڵات.
توێژینەوەیەک کە لەلایەن ڕیكخراوە ناحکومیەکانەوە لەسەراناسەری وڵاتانی ئەوروپادا ئەنجامدراوە دەرکەوتوە کە خەڵکیدەستگیرکراون و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامدراوە و، هەروەها هەڕەشەی سزادانیشیان لێکراوە لەسەر هاوکاریکردن و بەهاناوەچونی پەنابەران. لەتوێژینەوەکەدا داتایەکان نیشانیانداوە کە لە وەتەی ساڵی (٢٠١٥) ەوە تا ئێستا لەنزیکەی (١٤) وڵاتی ئەوروپا ئەو جۆرە حاڵەتانەیان تێدا تۆمارکراون وە بەشێکی زۆری ئەو حاڵەتانە لە وڵاتانی ئیتالیا و، یۆنان و، فەرەنسا و، بەریتانیا و، ئیسپانیا و، ئەڵمان و دانیمارک بوون.
ڕێکخراوی مافەکانی مرۆڤ و ڕێکخراوە مەدەنیەکان داوادەکەن حکومەتەکانی وڵاتانی ئەوروپا دوو شت لێک جیابکەنەوە کە بریتین لە هاوکاری و بەهاناوەچوون لەگەڵ قاچاخچێتی، پێویستە وڵاتانی ئەوروپا برەو بەو یاسایانە بدەن کە ستانداردەکانی بنچینە و بەها مرۆڤایەتیەکانیان لەخۆگرتوە نەک لەدژیان بوەستێتەوە.

 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler