ئایار 25, 2019

پێرێ لە دووتوێی بابەتێکدا پڕژاینە سەر وڵاتی لیبیا؛ لیبیا لە یۆنانەوە هەتا ئەمڕۆ؛ لەو بابەتەدا هەر بە ئاماژە باسێکی شەهید عومەر مختاریش کرابوو؛ پێشەوای خەڵکی شۆڕشگێڕی لیبیا؛ جێی خۆیەتی بە کورتێکیشەوە بووبێ باسێکی ئەو کەڵەپیاوە بکەین.

عومەر مختار
عومەر مختار
لەدایکبوون 20/٨/18۶6
لادێی جنزۆر نزیک شاری تبرۆق

لەدنیادەرچوون 1٦/٩/1931 (۶9 ساڵ تەمەن)
لە شارەکی سلۆقدا بە شەهیدی لە دنیا دەرچوو.
رۆڵ پێشەوای بزووتنەوەی رزگاریخوازی خەڵکی لیبیا بۆ وەدەرنانی ئیتالیای داگیرکەر
دین ئیسلام

عومەر مختار (20ـی مانگی ئابی ساڵی 18۶2 هەتا ١٦ـی ئەیلوولی ١٩٣١) سەکردە و جڵەوداری خەڵکی شۆڕشگێڕی لیبیا بوو؛ نیازی وا بوو لیبیا لە دەستی ئیتالیا رزگار بکات؛ بەڵام لە شەڕێکدا گیرا و لە دادگایەکی سەربازیدا تۆمەتبار کرا و، بە دەستی ئیتالیای داگیرکەر لەسێدارە درا و شەهید کەوتن.
عومەر مختار لە لادێی جنزۆر، نزیک شاری تبرۆق (بە عەرەبی: طبرق) لە ناوچەی بەرقە (باکووری رۆژهەڵاتی لیبیا) لەدایک بوو؛ لە ساڵی ١٩٢٢ـی زایینەوە لە ئیتالیای داگیرکەر راپەڕی و، ٢٠ ساڵی رێک خەبات و بەرخودانی دەکرد. خەڵکی لیبیای رێک دەخست و شۆڕشێکی گەورەی هەڵگیرساند. ساڵی ١٩٣١ـی زایینی لە شەڕێکدا کەوتە دەست ئەرتەشی ئیتالیا و، هەر ئەو ساڵە لە شاری سلۆقدا، بە بەرچاوی داژدارەکانیەوە لەسێدارە درا.

رەچەڵەکی عومەر مختار
عومەر مختار بە رەچەڵەک دەگاتەوە هاشمی کوڕی مەنافەگەورە، باپیرە گەورەی حەزرەتی محەمەد درود و سڵاوی خوای لێ بێ؛ واتە بە رەچەڵەک قورەیشیە.

تەمەنی منداڵکاری و هەرزەکاری
لە سرنایکا (بە ئینگلیزیCyrenaica)، پارێزگای بەتنان (رۆژهەڵاتی ناوچەی تبرۆق)، لادێیەکی لێیە پێی دەڵێن جنزۆر؛ وەکو باسمان کرد، عومەر مختار لەوێ لەدایک بووە. هەرزوو باوکی ئەمری خوای کرد و هێتیم کەوت؛ شارف گەڕیانی (بە عەرەبی: الشارف الغریانی) برازای حسێن گەڕیانی پێشەوای خەڵکی ناوچەکە، بوو بە سەمیانی عومەر مختار و گەورەی کرد؛ عومەر مختار ساڵی ١٨٩٩ـی زایینی لەگەڵ بزووتنەوە شۆڕشگیڕەکەی سنۆسیدا چوون بۆ یارمەتیدانی ئەو خەڵکە شۆڕشگێرە لە وڵاتی چاددا لە فەرەنسا راپەڕیبوون.

عومەر مختار لە توێی فیلمدا
مستەفا عەقاد دەرهێنەری بەناوبانگی هۆلیۆد، هەڵسا ژینامەی عومەر مختاری کردە فیلم و ناوی لێ نا: شێرەکەی بیاوان؛ ئەنتۆنی کوین، ئەکتەری بەناوبانگی هۆلیود، رۆڵی عومەر مختاری لەو فیلمەدا گێڕاوە؛ ئەنتۆنی کوین هەر ئەو ئەکتەرەیە وا لە فیلمەکەی پەیام (الرسالە)دا بووە بە حەزرەتی هەمزەی مامۆی پێغەمبەر. فیلمی شێرەکەی بیاوان، ساڵی ١٩٨١ـی زایینی بڵاو کرایەوە.

ئانتۆنی کوین لە فیلمی شێرەکەی بیاواندا رۆڵی عومەر مختاری گێڕاوە.

© 2017 Hawler