ئاب 19, 2019

شەڕی بازرگانیی نێوان ئەمەریکا و چین و کاریگەرییەکانی

لەبەرانبەر بەرزکردنەوەی گومرگ لەسەر کاڵایەکانی چین، ئەویش بۆ کاڵایەکانی ئەمەریکا تاریفە گومرگیەکان بەرزدەکاتەوە و ئەوەش کاریگەری لەسەر هەردوو وڵات و هەروەها لەسەر ئابوری جیهانیش دەبێت.

بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) دوای ئەوەی لەحەفتەی ڕابردوودا ئەمەریکا پێناسی گومرگی بایی (٢٠٠) ملیار دۆلار لەسەر کاڵا چینیەکان بەڕێژەی (٢٥%) بەرزکردەوە، حکومەتی چینیش بڕیاریدا دەستەوەستان نەبێ و ئەویش لە (١ی حوزەیرانی ٢٠١٩) ەوە بایی (٦٠) ملیار دۆلار لەسەر کاڵا ئەمەریکاییەکان (تاریف) پێناسە گومرگیەکانی بەرزدەکاتەوە و بەوەش شەڕی بازرگانی هەردوولا قوڵتردەبێتەوە.
ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا و چین لەسەر کاڵا بازرگانیەکانی هەردوو وڵات کاریگەری لەسەر ئاستی بازاڕی جیهان هەبوە و بەڕێژەیەکی بەرچاو ئابوری جیهانی دادەبەزێنێ.
ئەمەریکا هۆشداریدابوە چین کە تاریفەر گومرگیەکانی بەرزنەکاتەوە بەڵام پەکین دەڵێ ناتوانن ئەو میوە تاڵە قوتدەن کەوا زیان بەبەرژەوەندییەکانیان دەگەیەنێ.
لەبەرانبەر ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا حکومەتی چین لەسەر نزیکەی (٥٠٠٠) کاڵای ئەمەریکایی تاریفی گومرگی بەرزدەکاتەوە بەڕێژەی نێوان (٥% بۆ ٢٥%)، وە بەشێک لەو ماددانە ماددەی خۆراکین لەوانە گۆشتی مانگا و، بەرخ و، بەراز و هەروەها میوە و سەوزە و ڕۆنی چێشت و چا و قاوەش.
حەفتەی ڕابردوو کۆبونەوەی شاندی هەردوولا بەبێ ئەنجام و ڕێکەوتن کۆتایی هات، سەرەڕای ئەوەی کە نەگەیشتنە ڕێکەوتن بەڵام (دۆناڵد ترەمپ) سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمەریکا گوتی پەیوەندییەکی زۆر باشمان لەگەڵ چیندا هەیە هەردوولا لە کۆبونەوەی لوتکەی گروپی (٢٠) کە لەکۆتایی مانگی حوزەیراندا لە ژاپۆن بەڕێوەدەچێ قسە و باسی ئەو بابەتە دەکەین، هەروەها گوتیشی لەوێ شتێک ڕوودەدات و ئێمە کۆدەبینەوە، وە پێموایە کۆبونەوەیەکی باش دەبێت.


ئەمەریکا و چین لەشەڕی بازرگانیدا گەیشتونە بنبەست:
لەوەتەی (ترەمپ) هاتۆتە کۆشکی سپی و سەرۆکایەتی ئەمەریکای گرتۆتەدەست گلەیی لەچین هەیە کە بازاڕی قۆرخکردوە و لە مەسەلەی سیاسەتی بازرگانیەکانیدا سەبارەت بەکاڵایەکانی زیرەکانە لەدژی ئەمەریکا هەنگاوی ناوە.
لە ساڵی (٢٠١٧) ەدا ئەمەریکا دەستی بەلێکۆڵینەوە کرد لەسەر سیاسەتی بازرگانی چین، ئەوەبوو ساڵی پار بڕیاریدا پێناسی بازرگانی لەسەر کاڵای چینی بەبەهای ملیاران دۆلار بەرزبکاتەوە، ئەو هەنگاوەی ئەمەریکا چینی ڕاپەڕاندو ئەویش کاردانەوەی نواند.
ئەوەبوو لەدوای ماوەیەک شەڕی بازرگانی لەمانگی کانونی یەکەمی (٢٠١٨) ەدا هەردوولا ڕازیبوون بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگی لەسەر کاڵایەکانی یەکتری ڕاگرن و دەست بەگفتوگۆبکەن بۆ چارەسەرێکی هاوبەش.
لەگەڵ ئەوەشدا لەو چەند مانگەی رابردوودا لێکنزیکبونەوە لەسەر پرسە بازرگانیەکانیاندا هەبوو بەڵام دواجار نەگەیشتنە ڕێکەوتن و لەحەفتەی ڕابردوودا ئەمەریکا تاکلایەنە پێناسی گومرگی لەسەر کاڵا چینیەکان بەرزکردەوە کە بایی نزیکەی (٢٠٠) ملیار دۆلار کاڵای چینی دەگرێتەوە.

هەتا ئێستا چەند پێناسی گومرگیان جێگیرکردوە:
لەوەتەی شەڕی بازرگانیان دەستپێکردوە ئەمەریکا بایی (٢٥٠) ملیار دۆلار لەسەر کاڵا چینیەکان پێناسی گومرگی بەرزکردۆتەوە، کە ڕێژەکانیان لەنێوان (١٠% بۆ ٢٥%) یە هەر لە زەرفی دەستیەوە بگرە هەتا کەلوپەلەکانی هێڵی شەمەندەفەر کەوتونەتە بەر بەرزبونەوەی تاریفە گومرگیەکانی ئەمەریکا.
وە چینیش بایی (١١٠) ملیار دۆلار لە کاڵای ئەمەریکایی خستۆتە بەر بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگیەوە و، وە لەو بارەیەوە ئاماژەی بەوەداوە کە ئەوە گەورەترین شەڕی بازرگانیە لەمێژووی ئابوریدا.
چین کاڵایەکانی ئەمەریکای وەکو ماددە خۆراکیەکان و کیمیاییەکان و، کەلوپەلی پزیشکی کردۆتە ئامانج.

بۆچی پێناسی گومرگی بەرزدەکەنەوە:
ئەمەریکا ئەو هەنگاوەی دەستپێکرد لەپێناو ئەوەی کە کاڵا چینیەکان لەوڵاتی ئەمەریکادا نزخیان گران بێت و، چین بۆی نەفرۆشێن، وە لەبەرانبەردا بەکارهێنەران لە ئەمەریکا کاڵا ئەمەریکاییەکان بەکاربهێنن چونکە بەهۆی بەرزکردنەوەی ئەو پێناسیە گومرگیانە لەسەر کاڵا چینیەکان نرخی کەلوپەل و کاڵایەکانی چین بەرزدەبێتەوە و، نرخی هەمان کەلوپەل و کاڵایی ئەمەریکا لەناوخۆی وڵاتەکەدا هەرزانتردەکەوێت ئەوەش هانی بەکارهێنەراندەدات پەنا بۆ کاڵا ئەمەریکاییەکان ببەن.
شیاوی باسکردنە، بەرزکردنەوەی پێناسی گومرگی لەسەر کاڵایەکان کاریگەری لەسەر هەردوولا هەیە و، هەروەها لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیشیدا کاریگەری لەسەر بازرگانی جیهانیش هەیە.
هاوڵاتیان و کاسبکاران و، بازرگانانی هەردوولا لەو هەنگاوەی حکومەتەکانیان نیگەرانن و خۆیان بەقوربانی ئەو شەڕە بازرگانیە دەزانن، بەپێی کۆمپانیاکانی ئەمەریکایی و چینی و هەروەها نێودەوڵەتیش بەرزکردنەوەی ئەو تاریفە گومرگیانە زیانی گەورەی بەهەردوولا گەیاندوە، وە ترس هەیە لەئەگەری بەرزبونەوەی ئەو شەڕە بازرگانیە و مەدوای بەرفراونتری کاڵایەکانیش بکرێنە ئامانج. بانکی نەقدی نێودەوڵەتی لەسەر ئەو شەڕە بازرگانیەی ئەمەریکا و چین هۆشداریداوە و بەترس لەسەر لاوازبونی ئابوری جیهانی ناوبردوە.

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler