ئایار 25, 2019

لەدوای ئەوەی لەکۆتایی ساڵی (٢٠١٨) هەردوو لایەنی سەرەکی شەڕی یەمەن، حوسیەکان و حکومەتی یەمەن ڕێکەوتن لەشوێنە سەرەکیەکانی بەندەرەکان بکشێنەوە، حوسیەکان کشانەوەکەیان دەستپێکردوە و بەپێی نەتەوە یەکگرتوەکانیش بێ کشانەوەکە بەپێی پلانی دیاریکراو بەڕێوەدەچێ.

کشانەوەی لایەنەکانی شەڕی یەمەن لەبەندەرەکان کاریگەری گەورەی دەبێ لەسەر کردنەوەی دەروازەکانی گەیاندنی هاریکارییە مرۆییەکان بۆ گەلی لێقەوماوی یەمەن و هەروەها هەنگاوێکی باش دەبێت لەبەردەم ئاگربەست و بەرەو سەقامگیری وڵاتەکە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی (بی‌بی‌سی) حکومەتی یەمەن و هەروەها نەتەوە یەکگرتوەکانیش ئەو هەنگاوی حوسیەکان بۆ کشانەوەیان لەبەندەری حودەیدیە بەگرنگبۆ ئاشتی وەسفدەکەن.
حکومەتی یەمەن ئاماژەی بەوەداوە لەوەتەی مانگی کانونی یەکەمی ڕابردوو کە ئاگربەست دەستی پێکردوە ئەو هەنگاوەی ئێستای حوسیەکان بۆ کشانەوەیان لەو بەندەرە هەنگاوێکی گەورە و گرنگە لەبەردەم ئاگربەستەکەیاندا.
هەڵبەتە هەردوولا حوسیەکان و حکومەتی یەمەنیش پێشتر لەڕێکەوتنێکدا ڕازیببون بەندەری حودەیدیە چۆڵبکەن تاوەکو هاریکاریە مرۆییەکان بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان بگاتە دەستی هاوڵاتیانی یەمەن.
لەدوای کشانەوەی حوسیەکان و حکومەتی یەمەن لەو شوێنە ستراتیژیانە، هێزەکانی سەر بەنەتەوە یەکگرتوەکان شوێنیان دەگرنەوە و چاودێری بەندەرەکان دەکەن.
(مایکڵ لۆلیسگارد) بەرپرسی نەتەوەیەکگرتوەکان لە کۆمیتەی هەماهەنگی بۆ بڵاوپێکردنی هێزەکان گوتی هەر سێ بەندەری (حودەیدیە و، سالیف و رەئس عیسا) بەبەردەوامی لەلایەن تیمەکانی نەتەوە یەکگرتوەکانەوە چاودێری دەکرێن، هێزە سەربازەکان بەندەرەکانیان چۆڵکردوە و گاردەکانی کەنار دەریایەکان شوێنیان گرتونەوە و ئاسایش دەپارێزن.
ئەگەرچی ئەو هەنگاوەی حوسیەکان بۆ چۆڵکردنی بەندەرەکان هەنگاوێکی گرنگە لەبەردەم قۆناغی بەرەو ئاشتی لەیەمەن بەڵام تاوەکو ئێستا متمانە نەگەڕاوەتەوە بۆ لایەنەکانی شەڕ و بەدڕدۆنگیەوە تەماشای هەنگاوەکانی یەکتری دەکەن.
(حسن تاهر) بەرپرسێکی باڵا لەحکومەتی یەمەن گوتی، حوسیەکان بەشێک لەچەکدارەکانیان بەنهێنی لەبەرگی هێزەکانی پۆلیسدا لە کەناراوەکاندا جێگیردەکەن، ئەوەش تارادەییەک گومان لەسەر هەنگاوەکانیان دروستدەکات.
بەڵام لەبارەی جیدی بوون لەهەنگاوەکانی ئاگربەست و جێبەجێکردنی ڕێکەوتنەکەیان بزوتنەوەی حوسیەکان دەڵێن کشانەوەی هێزەکانیان بەڵێنداریە بۆ جێبەجێکردنی ڕێکەوتنی حودەیدیە بۆ بەدەستهێنانی ئاشتی لە یەمەن.
بەشێوەیەکی گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان و لایەنە نێودەوڵەتیەکان ئەو هەنگاوە بەدەستپێکێک بۆ ئاشتی و بەرەو سەقامگیری لەیەمەن تەماشادەکەن و هانی لایەنەکانی شەڕی یەمەن دەدەن درێژە بەئاگربەست و لێکنزیکبونەوە بدەن.
بۆچی حودەیدیە هێندە گرنگە؟
بەندەری حودەیدیە یەکێکە لەبەندەر گرنگەکانی شادەماری ژیانی خەڵکی یەمەن، وە لەوێوە بەشێکی زۆری هاریکارییە مرۆییەکان دەگەێنرێتە خەڵکی یەمەن.
بەندەری حودەیدیە ژیانی نزیکەی دوو لەسەر سێی خەڵکی یەمەنی لەسەر بەندە و بەهۆی کێشە و ئاڵۆزییەکانەوە ئەو کاتەی داخرابوو کاریگەری و کارەساتباری بۆ خەڵکی یەمەن دروستکردبوو، کە برسیەتی و مردنی هەزاران خەڵکی لێکەوتەوە.
لەژێر ڕێکەوتنی حودەیدیە کە بەسەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەکۆتایی ساڵی (٢٠١٨)ەدا بەسترا، لایەنەکانی شەڕی یەمەن ڕازیبون بکشێنەوە لەشاری حودەیدیە و هەروەها لەبەندەری حودەیدیە و، سالیف و رەئس عیساش.
لە حودەیدیە ژماریەک کۆگای گەنم و خواردنی لێیە، بەپێی ڕاپۆرتی نەتەوە یەکگرتوەکان ئەو کۆگایانە خۆراکی بەشی نزیکەی (٣،٧) ملیۆن بۆ ماوەی مانگێک هەڵگرتوە.
لەکاتی شەڕەکاندا تیمە فریاگوزارییەکان دەستیان بەو کۆگایانە نەدەگەیشت و، نەتەوە یەکگرتوەکان بەردەوام هۆشداریدەدا کە ئەو گەنم و خۆرکانە دەڕزن ئەگەر زوو بەکار نەهێنرێن.
شەڕی یەمەن و بەرکەوتەکانی:
یەمەن کە یەکێکە لە وڵاتە هەژارەکانی جیهانی عەرەبی، بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە توشی کارەساتی گەورەی مرۆیی و وێرانکاری بوو.
لەگەڵ هاتنی بەهاری عەرەبی بۆ ناوچەکە لەساڵی (٢٠١١) ەدا بەهۆی کێشەی ساسیەوە لەیەمەن ئەوێش ناسەقامگیری تێکەوت. (علی عەبدوڵا ساڵح) سەرۆکی ئەوسای یەمەن لەژێر ئەو فشارانەدا دەسەڵاتی رادەستی جێگرەکەی (عەبدڕەبا مەنسور هادی) کرد. بەڵام (هادی) نەیتوانی مامەڵە لەگەڵ هەموو ئەو کێشانەدا بکات، لەوانە هێرشی جیهادیەکان و، جوڵانەوەی جوداخوازەکانی باشور و، هێزەکانی ئاسایشی لایەنگرانی (ساڵح) و، گەندەڵی و بێکاری و ناسەقامگیری خۆراک و چەندین کێشەی دیکەی کەڵەکەبوو حکومەت دەسەڵاتی بەسەردا نەشکان.
تا وایلێهات حوسیەکان پێشڕەوی گەورەیان کرد و چەندین پارێزگایان خستە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە لەوانە سەنعای پایتەختیشیان گرت.
هێزەکانی دژە حکومەت لە حوسیەکان و باڵی (علی عبدوڵا ساڵح) پێکەوە لەدژی حکومەت دەجەنگان و فشاریان خستە سەر (عەبدڕەبا مەنسور هادی) سەرۆکی یەمەن، ئەوەبوو لەساڵی (٢٠١٥)ەدا یەمەنی بەرەو عەرەبستان بەجێهێشت.
ئەوە قۆناغێکی نوێی دروستکرد، ئەو پێشڕەویەی حوسیەکان گرژیەکانی بەرزکردەوە و ئاگایی ئەوەی دروستکرد کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێن، ئەوەبوو عەرەبستان و هەشت وڵاتی دیکە هاوپەیمانیان دروستکرد بۆ پاڵپشتی هەوایی حکومەتی یەمەن لەدژی هێزە چەکدارەکانی حوسیەکان و گروپەکانی دیکە. ئەو هاوپەیمانیەتیە هاریکاری لۆجستی و هەواڵگری لە ئەمەریکا و بەریتانیا و فەرەنساوە وەردەگرت.
قوربانیەکانی شەڕی یەمەن:
بەکورتی یەمەن یەکێکە لە وڵاتە کارەساتبارە مرۆییەکانی جیهان کە بەهۆی شەڕی ناوخۆییەوە کە لەساڵی (٢٠١١) ەوە درێژەی هەیە ژمارەیەکی زۆر قوربانی لێکەوتۆتەوە.
بەپێی داتای نەتەوە یەکگرتوەکان لەوەتەی ساڵی (٢٠١٥) ەوە لانی کەم لەیەمەن (٧،٠٢٣) کەس لە خەڵکی مەدەنی کوژراون و، (١١،١٤٠) کەسیش بریندار بوون.
بەڵام گروپە نێودەوڵەتیەکان کە چاودێری شوێنەکانی شەڕی ناوخۆیی دەکەن دەڵێن ئەو ڕێژەیە ڕاست نیە و ژمارەی قوربانیەکان زۆر زیاترن. پرۆژەی داتای ڕووداوەکان کە بنکەکەی لە ئەمەریکایە و تایبەتە بەشوێنەکانی شەڕی چەکدارەکاندا هاتوە تەنها لەکانونی دووەمی ساڵی (٢٠١٦) ەوە زیاتر لە (٦٧،٦٥٠) کەس لە خەڵکی مەدەنی و شەڕکەر لەیەمەن کوژراون، وە بەهەزاران کەسیش بەهۆی برسیەتیەوە مردوون.
یەمەن کە ژمارەی دانیشتوانەکەی (٢٤) ملیۆن کەسە نزیکەی (٨٠%)ی توشی کەمی خۆراکی بۆتەوە. نزیکەی (٢٠) ملیۆن کەس لەیەمەن پێویستیان بەدابینکردنی خۆراک هەیە، بەپێی نەتەوە یەکگرتوەکان نزیکەی (١٠) ملیۆنیان هەنگاوێک لە مردن بەهۆی برسیەتیەوە دوورن.
نزیکەی سێ ملیۆن کەس لەیەمەن کە دوو ملیۆنیان منداڵن بەهۆی دۆخی برسیەتی و خراپی تەندروستیەوە لاوازبوون و لەدەرد و نەخۆشیدان.
هەر لەیەمەن نزیکەی (٢٠) ملیۆن کەس کێشەی دەست بەسەرڕاگەیشتن بەپێداویستیەکانی تەندروستی هەیە و، (١٨) ملیۆنیان ئاوی پێویستی خواردنەوەیان نیە و دەستیان بەپێدوایستیەکانی پاک و خاوێنی ڕاناگات.


 

و/ خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler