کانونی دووەم 17, 2021

چاره‌نووسی ئەحمەد داودئۆغلو له‌ ناو ئاكپارتییه‌؟

سەركردایەتی ئاكپارتی بە نهێنی گفتوگۆ لەبارەی جموجۆڵەكانی ئەحمەد داودئۆغلو سەرۆك وەزیرانی پێشووی توركیا دەكەن، بەوەی ئاخۆ پارتێكی تازە دادەمەزرێنێت؟ یاخود هەر لەناو ئاكپارتیدا وەكو ئۆپۆزسیۆن دەمێنێتەوە. ئەو گومانەی لە لای سەركردایەتی ئاكپارتیش دروست بوە، بە هۆی ئەو وتارەی داودئۆغلو بوو كە لە 22ی نیسان بڵاوی كردەوە و رەخنەی توندی لە رەجەب تەییب ئەردۆغان و هاوپەیمانی لەگەڵ مەهەپەدا گرت.

داودئۆغلو لە وتارەكەیدا كە بڵاوی كردەوە و دەنگۆیەكی زۆری بە دوای خۆیدا هێنا، زۆرجار وشەی (پارتەكەمی) بەكار دەهێنا، بۆیە پرسیارەكە ئەوەیە داودئۆغلو دەیەوێت بە تەواوی لە ئاكپارتی جیا بێتەوە؟ یاخود بە نیازە هەر وەكو خەباتكارێك و ئۆپۆزسیۆن لەناو ئاكپارتیدا بمێنێتەوە؟
كەسێكی زۆر نزیك لە ئەحمەد داودئۆغلو كە نەیویستوە ناوی بڵاوبكرێتەوە، قسەی بۆ ماڵپەڕی (BBC) بەشی توركی كردوە و، ئاماژە دەدات داودئۆغلو بۆ دروستكردنی پارتێكی تازە هیچ پەلەیەك ناكات و هەڵسوكەوتی بە پەلەش ناكات.
ئەو دەڵێت: "لەناو ئاكپارتیدا بابەتی بە دیموكراتیبوون قسەوباسی لێ دەكرێت، بۆیە داودئۆغلو ئەو دەنگە هەڵدەسەنگێنێت و كاریگەری خۆی لەناو ئاكپارتیدا زیاد دەكات. دەكرێت بڵێین لە ئێستادا داودئۆغلو تەنیا سەیر دەكات و هەڵدەسەنگێنێت".
كەسێكی تری نزیك لە داودئۆغلو قسەی بۆ هەمان ماڵپەڕ كردوە و، دەڵێت بۆ لەمەودوا زوو زوو دەنگی داودئۆغلو دەبیستن و لێدوانی زۆر دەدات. هەروەها پارتەكەی ئاگادر دەكاتەوە بەوەی بە دیموكراتی بن و رەخنەكانیشی زیاتر دەكات.
پێدەچێت لە ماوەیەكی نزیكدا ئاكپارتی بچێتە ناو كۆنگرەوە، چونكە دوای ئەوەی چەندین سەرۆكی شارەوانی گەورەی توركیای لە دەستدا، رەجەب تەییب ئەردۆغان بە ئاشكرا گوتی دەست بە گۆڕانكاری دەكەم، دیارە گۆڕانكارییەكەش لە بەستانی كۆنگرەوە دەست پێ دەكات.
وەكو ئەوەی زانراوە، دەنگێكی بەرز لەناو پارتدا هەیە، بەوەی بۆیان دەركەوتوە لەوكاتەوەی ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیایە و سەرۆكی ئاكپارتیشە، بۆشاییەكی زۆر لە نێوانیان دروست بوە، ئەو بۆشاییەش وای كردوە پارت بەرەو لاوازی بچێت. بۆیە ئەحمەد داودئۆغلو دەیەوێت لە كۆنگرەدا وەكو سەرۆكی ئاكپارتی هەڵبژێردرێت، لەوروەشەوە دەنگی ئەندامانی ئاكپارتی لەگەڵە، بۆیە داودئۆغلو وەكو رەخنەگرێك بۆ بەرەوپێشچوونی پارتەكەی كار دەكات.
لە لایەكی ترەوە دەنگۆی ئەو بڵاوكرابوەوە كە داودئۆغلو و عەبدوڵڵا گویل و عەلی باباجان بە یەكەوە پارتێكی تازە دادەمەزرێنن، بەڵام ئومید ئۆزداغ ئەندام پەرلەمانی پارتی باش، دەمەتەقێیەكی لەگەڵ باباجاندا كردوە و لەبارەی ئەو پارتە تازەیەوە قسەی لەگەڵدا كردوە.
باباجان گوتویەتی لەگەڵ هاوڕێكانمدا قسە دەكەین بۆ دروست كردنی پارتێك، بەڵام بە هیچ شێوەیەك داودئۆغلومان لەگەڵدا نییە.
بەڵام ئەندام پەرلەمانێكی نزیك لە داودئۆغلو نایشارێتەوە، كە راستە ئێستا داودئۆغلو نیازی نییە پارتێكی تازە دابمەزرێنێت، بەڵام بەو مانایە نییە لە داهاتوو هەنگاوێكی لەو شێوەیە نەنێت.
باس لەوەش دەكرێت لەناو ئاكپارتیدا داودئۆغلو كەسی زۆری لەگەڵە كە پێیان باشە بێتەوە ناو پارت، هەروەها چەند ئەندام پەرلەمانێكی ئاكپارتیشی لەگەڵدایە كە پێیان باشە داودئۆغلو بگەڕێتەوە ناو پارت و ببێتە سەرۆكی ئاكپارتی.

© 2017 Hawler