کانونی دووەم 17, 2021

له‌ په‌یوه‌ندیەكی‌ ته‌له‌فۆنیدا، تره‌مپ و پوتین باسیان له‌ داماڵینی چه‌كی ناووكی له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی كۆریا كرد

كۆشكی سپی ئه‌مه‌ریكا بڵاویكرده‌وه‌، دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكا، به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا كردووه‌ و تێیدا باسیان له‌ رێككه‌وتنێكی نوێی ئه‌تۆمی كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی كۆشكی سپی، له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا، كه‌ هه‌ینی ئه‌نجامدراوه‌، تره‌مپ و پوتن باسیان له‌ داماڵینی چه‌كی ناووكی له‌ نیمچه‌ دوورگه‌ی كۆریا و ره‌وشی ڤه‌نزوێلاش كردووه‌.
ساره‌ سانده‌رز، گوته‌بێژی كۆشكی سپی، له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانی بۆ رۆژنامه‌وانان رایگه‌یاند، تره‌مپ و پوتین باسیان له‌ رێككه‌وتنێكی نوێ و گشتگیرتری ئه‌تۆمی كردووه‌، جیا له‌و دوو وڵاته‌ چینیش بێته‌ ناو رێككه‌وتنه‌كه‌، یانیش ده‌كرێت رێككه‌وتنی نێوانیان درێژ بكه‌نه‌وه‌.
بەپێی هەواڵێکی رۆیتەرز، دوێنی لەکۆشکی سپی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بە رۆژنامەنوسانی رایگەیاند، هێنانەناوەوەی چین بەواتای رێککەوتنێکی ئەتۆمی دێت لە نێوان هەرسێ جەمسەری ئەتۆمی جیهانی کە روسیاو چین و ئەمریکایە.
ترەمپ وتیشی، لەگەڵ هاوتا روسییەکەی باسیان لە هەوڵە دیپلۆماسییەکانی هەردو وڵاتکردوە بۆ رازیکردنی کۆریای باکور و دەستبەرداربونی چەکە ئەتۆمییەکانی.
هاوکات بەوتەی ترەمپ پرسی ڤەنزوێلا و ئۆکرانیا دو بابەتی دیکەی ئەو پەیوەندییە تەلەفۆنییە نێوان خۆی و پۆتین بوە کە شەوی رابردو ئەنجامدراو زیاتر لە کاتژمێرێکی خایاندوە
جێگەی ئاماژەیە، بڕیاره‌ وه‌زیرانی ده‌ره‌وه‌ی ڕوسیا و ئه‌مه‌ریكا هه‌فته‌ی داهاتوو له‌ فینله‌ندا له‌باره‌ی دۆخی ڤه‌نزوێلا كۆببنه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌كه‌ له‌ په‌راوێزی كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی وڵاتانی جه‌مسه‌ری باكوور ئه‌نجام بدرێت، هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا و ڕووسیاش، مایك پۆمپیۆ و سێرگی لاڤرۆڤ كۆده‌بنه‌وه‌، هه‌روه‌ها پرسی ڤه‌نزوێلا له‌ دیداری هه‌ردوو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ گه‌رمترین و سه‌ره‌كیترین پرس ده‌بێ، بۆیه‌ پێشبینی ده‌كرێ له‌و ماوه‌یه‌ جموجۆڵی چڕ له‌ نێوان هه‌ردوولا هه‌بێ، بۆ گه‌یشتن به‌ ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر دۆخی ڤه‌نزوێلا، له‌لایه‌كی تره‌وه‌ریش ئه‌مه‌ریكا ئاماده‌یی پێشان داوه‌ بۆ ئه‌نجامدانی گورزی سه‌ربازی له‌ وڵاته‌كه .
لەبارەی رێکەوتنی ئەتۆمی نێوان سێ کوچکەی ئەتۆمی جیهانی ترەمپ رایگەیاندوە، "رێکەوتنەکە، رێکەوتنێک دەبێت بۆ کەمکردنەوەی بەرهەمی ئەتۆمی لەلایەن ئێمە و ئەوان و تەنانەت دەروازەیەکیش دەبێت بۆ دەستبەرداربون لە کۆمەڵک هەنگاوی مەترسیدار کە ئێستا پیادەی دەکەین".
هه‌ڵوێستی ئه‌مه‌ریكا و رووسیا له‌ باره‌ی ره‌وشی ڤه‌نزوێلا ته‌واو پێچه‌وانه‌یه‌، به‌تایبه‌تیش واشنتن پشتیوانی خۆی بۆ خوان گوایدۆ، سه‌رۆكی په‌رله‌مان و به‌ره‌ی ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاته‌ راگه‌یاندووه‌، هه‌رچی مۆسكۆیه‌، پشتیوانی له‌ نیكۆلاس مادۆرۆی سه‌رۆكی ئێستای ڤه‌نزوێلا ده‌كات.
لەبارەی هەڵوێستی چینیش بۆ رێککەوتنە ئەتۆمییەکە، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا رایگەیاندوە، چین زۆر بە پەرۆشەوە باسی هاوبەشیکردنی ئەمریکا و روسیایان کردوە لە رێککەوتنە ئەتۆمییەکەدا.
لەبارەی رێکەوتنە ئەتۆمییەکەی باراک ئۆباما، سەرۆکی پێشوی ئەمریکا لەگەڵ روسیا کە لە ژێرناوی "دەسپێکی نوێ" بۆ سنوردارکردنی بەرهەمی چەکی ئەتۆمی واژۆکرابو، ترەمپ وتی، ئەوە یەکێک بوە لە رێککەوتنە خراپەکان و رێککەوتنێکی تاک لایەنە بوە.

© 2017 Hawler