تشرینی یەکەم 16, 2019

شەڕی سوپاسالاری توركیا و ئەردۆغان گەورە دەبێت و هەڕەشە لە یەكتری دەكەن

سوپاسالاری پێشووی توركیا و رەجەب تەییب ئەردۆغان، لەسەر ئۆپەراسیۆنی سوپای توركیا دژی عەفرین دەبێت بە شەڕیان و، ئەردۆغانیش پێی دەڵێت دەزانم چۆن لێپرسینەوەت لەگەڵدا بكەم.
ئیلكەر باشبوغ سوپاسالاری پێشووی توركیا، لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنیدا رەخنەی لە وتارەكانی ئەردۆغان گرت، بەوەی لەم كاتەدا كە سەربازی توركیا لە شەڕدایە و دەكوژرێت، كەچی ئۆپەراسیۆنی عەفرین دەكاتە كەرەستەیەكی حیزبی و بۆ مەرامی تایبەتی خۆی و پارتەكەی بە كاری دەهێنێت. باشبوغ داوای لە ئەردۆغان كرد، ئۆپەراسیۆنی عەفرین نەكاتە كەرەستەیەكی سیاسی.
لەسەر ئەم گوتانەی، رەجەب تەییب ئەردۆغان سەرۆك كۆماری توركیا، لە وتارێكیدا لە ئەنكەرا هەڕەشەی لە باشبوغ كرد و گوتی: "سوپاسالارێك جا با خانەنشینیش كرابێت، پێمان دەڵێت شەڕی عەفرین بە سیاسی مەكەن، ئەو گوتەیەی ئەو زۆر نا بەجێ و بەدبەختییەكی گەورەشە و زۆر بەداخەوە بۆ ئەو جۆرە لێدوانانە. وەڵامی ئەو قسانەت دەدرێتەوە و باجەكەی دەدەیت".
لەسەر ئەو لێدوانەی ئەردۆغان، باشبوغ لە ماڵپەڕی تایبەت بە خۆی وەڵامی ئەردۆغانی داوەتەوە و، دەڵێت ئەو تاوانەی بەرامبەر بە من كراوە پێشتر، دەتانەوێت دووبارە بەرامبەرم بیكەنەوە.
باشبوغ دەڵێت: "50 ساڵ خزمەتی سوپای توركیام كرد، هەر گوتەیەكی لەو كاتەوەش كردبێتم و هەر هەڵسەنگاندنێكم كردبێت، هەرگیز ئامانجم لێدان نەبوە لە هیچ پارتێك و كەسایەتییەكی سیاسی. من گوتویە لە عەفرین سەربازی تورك دەكوژرێت و لەوێ شەڕ دەكەن، بۆیە كاتێك ئەمانە دەبێت با گفتوگۆی سیاسی نەكەین و بە باشی نازانم".
باشبوغ ئاماژە دەدات كە سیاسەت بۆ ئەم وڵاتە هێنانە دی ئاساییشە و دەبێت بەردەوام قسە لەسەر سیاسەت بكرێت، بەڵام لە كاتی شەڕدا نابێت بكرێتە كەرەستەیەكی حیزبی.
چاوەڕوان دەكرێت داواكاری گشتی دژی بۆچوونەكانی ئیلكەر باشبوغ بجوڵێندرێت و بە پاڵپشتیكردنی پەكەكە دادگایی بكرێت. ئەمەش لە كاتێكدایە ئەوكاتەی باشبوغ سوپاسالاری توركیا بوە، بە توندترین شێوە دژایەتی پەكەكەی كردوە و بە شانازیشەوە چەندینجار گوتویەتی، لە سەردەمی مندا زۆرترین پەكەكەمان كوشتوە

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر
.

© 2017 Hawler