تەمموز 15, 2020

رێژەی ئەندام پەرلەمان لە توركیا كەم بوەوە

بە هۆی هەڵبژاردنی شارەوانییەكان لە توركیا، رێژەی ئەندام پەرلەمانەكانی توركیا كەمی كردوە، بە جۆرێك لە 600 ئەندام پەرلەمان بوە بە 590 ئەندام پەرلەمان. هۆكارەكەشی ئەوەیە ئەو ئەندام پەرلەمانانە بوونەتە سەرۆك شارەوانی.

ئەو پارتانەی كە ئەندام پەرلەمانەكانیان بوونەتە سەرۆك شارەوانی لە پارتی هەدەپە و جەهەپە و ئاكپارتییە، بۆ نموونە هەدەپە ژمارەی ئەندام پەرلەمانەكانی بوە بە 62، ئەمەش لە كاتێكدایە كە پێشتر 67 ئەندام پەرلەمان بوو. هەروەها جەهەپەش ئەندام پەرلەمانەكانی بوە بە 140 و پێشتر 142 بوو. ئاكپارتیش 3 ئەندام پەرلەمانی بوونەتە سەرۆك شارەوانی.
تاوەكو ئێستا دادگا هیچ بڕیارێكی نەداوە كە ئاخۆ پارتەكان بۆیان هەیە كەسی تر لە شوێنی ئەو ئەندام پەرلەمانانە دابنێن، چونكە كورسییەكانی پەرلەمان مافی پارتەكانە.
بە گوێرەی پەیڕەوی ناوەخۆی پەرلەمانی توركیا بێت، پێویستە ئەو ئەندام پەرلەمانەی ئەركێكی تری پێ دەسپێردرێت دەست لە كار بكێشێتەوە، بەڵام پارتەكەی بۆی هەیە كەسێكی تر لە شوێنیان دابنێت.

 

كارزان گلی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler