تشرینی یەکەم 16, 2019

پرسەکانی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی عێراق و سووریا لەتەوەرەکانی کۆنفرانسەکەن

‌گەورەترین کۆنفرانسی ئاسایشی جیهانی لە(١٦ی شوباتی ٢٠١٨) دا دەستی بەکارەکانی کرد، ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوەدەدەن کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن گرنگترە لەداڤۆس، گرنگترە چونکە پلانەکان و تێڕوانینەکان کەلەوێ قسەیان لەسەردەکرێ لەڕاستیدا دەچنە بواری جێبەجێکردنەوە و ئەنجامیان دەبێ و هەروەها ڕوودەدەن.

لەو کۆنفرانسەدا بەرپرسان و نوێنەرانی بەشداربوو تاوتوێی ڕووبەڕووبونەوەکان و پرسەکانی ئاسایشی جیهان دەکەن، سیاسەتی ئاسایشی نوێی جیهان دادەڕێژن.

چەند نیگایەک لەسەر کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن:
کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن لەوەتەی ساڵی (١٩٦٣) ەوە دەستی پێکردوە و ساڵانە لە ئەڵمانیا دەبەسترێ، ئەو ساڵ لەنێوان (١٦ بۆ ١٨ی شوباتی ٢٠١٨) کۆنفرانسەکە بەردەوام دەبێ.
ئەوە نزیکەیپێنج دەیەیە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەیەکێک لە کۆنفرانسە گرنگەکانی جیهان دادەنرێ کەتیایدا سیاسەتی ئاسایشی جیهانی تیادا تاوتوێ دەکرێ و بەرنامەڕێژی بۆ پەرەپێدانی ئاسایش و چاککردنی کەموکوڕییەکان لەو بوارەدا هەڵسەنگاندنی تازەی بۆ دەکرێ. هەموو ساڵێک لەمانگی شوباتدا زیاتر لە (٤٥٠) بەرپرس و بڕیاردەرانی وڵاتان بەشداری ئەو کۆنفرانسە دەکەن، لەوانە سەرۆک یان سەرۆکوەزیرانی وڵاتان و، وەزیرەکان و، کەسایەتیە باڵاکان و، بەرپرسانی ڕێکخراوە ناحکومیەکان بەشداری کۆنفرانسەکە دەکەن. هەروەها نوێنەرانی دەستەی پیشەسازی و بازرگانیەکان و، میدیا و، ئەکادیمیا و، کۆمەڵگە مەدەنیەکانیش بەشداردەبن و لەقسە و باسەکانی سەبارەت بەئاسایشی جیهانیدا بەشداری دیبەتە چڕوپڕەکان دەکەن.
کۆنفرانسی ئەو ساڵ، (٥٤)ەمین کۆنفرانسە و زیاتر لە (٦٠٠) کەسایەتی لەوڵاتانی جیهانەوە لەوێن، لەنێویاندە سەرکردەی وڵاتان و بەرپرسانی ئاسایش و بەرگری دیارترینیانن.
لەبابەتەکانی گرنگەکانی نێو کۆنفرانسەکە بریتین لە قسەکردن لەسەر پەیوەندییەکانی یەکیەتی ئەوروپا و ئەمەریکا و هەروەها ڕووسیا. پرسەکانی ناسەقامگیری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەتایبەتی عێراق و سووریا لەتەوەرەکانی کۆنفرانسەکەن. هەروەها هۆکارەکانی تێكچونی ئاسایش و هەڕەشەکانی لەسەر وڵاتانی جیهان لەوێ تاوتوێ دەکرێن بەتایبەتی گۆڕانی کەش و هەوا و هەڵکشانی کۆچڕەوی لەجیهاندا بەوردی باسیان لێوەدەکرێ

.
تەوەری بەرنامە ئەتۆمیەکەی کۆریای باکور یەکێکە لەپرس و هەڕەشەکانی جیهانی کە لەو کۆنفرانسەدا بەوردی باسی لێوەدەرکرێ. (ئەنتۆنیۆ گیوتێرس) سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتوەکان لەکاتی وتاری پێشوازی کۆنفرانسەکەدا هۆشداریدا لەمەترسیەکانی چالاکیە ئەتۆمیەکانی کۆریای باکور و لەو بارەیەوە گوتی، بۆ یەکەم جار لەوەتەی شەڕی سارد کۆتایی هاتوە ئێمە ڕووبەڕووی هەڕەشەی ئەتۆمی و شەڕی ئەتۆمی دەبینەوە. هەروەها (ێنیس ستۆڵتنبێرگ) سکرتێری گشتی ناتۆش لەو بارەیەوە گوتی، لەسەر کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پێویستە زۆرترین فشار بخرێتە سەر کۆریای باکور و سەرکردەکانی تاوەکو دەستبەرداری بەرنامە ئەتۆمیەکان ببن.
هەروەها سەرۆکی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن بەشێوەکی گشتی جەختیکردەوە کە کۆمەڵێک کێشە و ئاڵۆزی لەجیهاندا هەن کەتاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراون، هەروەها گوتیشی قەیران و ناسەقامگیری و ئاڵۆزییەکان پێویستیان بەڕێگاچارە و نەخشەسازی و سیاسەتی ئاسایشی هەیە کە دەبێ لەو کۆنفرانسەدا تاوتوێ بکرێن ئەگەر بمانەوێ جیهان بەرەو سەقامگیری ببەین.
لەسەر دۆخی ئۆکڕانیا و پەیوەندییەکانی یەکیەتی ئەوروپا و ڕووسیا، هەریەکە لەوڵاتانی (فەرەنسا و، ئەڵمان و ڕووسیا و، ئۆکڕانیا) کۆبونەوەیەکی گرنگیان دەبێ و لەو کۆبونەوەیەدا هەوڵدەدەن لێکنزیکبونەوەی زیاتر سەبارەت بەپرسی کێشە و ئاڵۆزییەکانی پەیوەست بەئۆکڕانیا لەنێوانیاندا دروستبکەن.
وە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیش شوێنی هەیە لەو کۆنفرانسەدا، بەتایبەتی دۆخی عێراق و هەرێمی کوردستان و، شەڕی سووریا و باڵادەستی ئێران و کاریگەرییەکانی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و، پرسی تیرۆر و گروپە تیرۆریستیەکانی ناوچەکە لەکۆبونەوەکانی ئاسایشی میونشندا تەوەرێکی دیکەی کۆبونەوەکانن کە بەرپرسانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی تاوتوێیان دەکەن و ڕێوشوێنی پێویستیان لەبارەوە دیاریدەکەن.
لەهەرێمی کوردستانەوە شاندێک کەپێکهاتوە لە (نێچیرڤان) بارزانی سەرۆکوەزیرانی کوردستان و (مەسرور بارزانی) ڕاوێژکاری ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان و شاندێکی یاوەریان بەشداری ئەو کۆنفرانسەن، لەوێ لەگەڵ بەرپرسانی ئەوروپا و ناوچەکە کۆبونەوە و دیداری گرنگ ئەنجامدەدەن شارەزاییان لەو باوەڕەدان ئەو کۆبونەوانە گەنگن بەتایبەتی لەبارەی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و، عێراق لەلایەک و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و وڵاتانی ئەوروپا و ڕۆژئاوا و پاڵپشتیەکانیان بۆ کوردستان لەلایەکی دیکەوە.
پێگەی ستراتیژی هەرێمی کوردستان لەناوچەکەدا جێی بایەخی ئاسایشی جیهانە، وە هێزەکانی پێشمەرگە ڕۆڵیکی بەرچاویان بینیوە لەدابینکردنی ئاسایشی ناوچەکە و هەروەها جیهاندا کە بەدرێژایی زیاتر لەسێ ساڵی ڕابردوودا لەشەڕی دژی تیرۆریزم (دەوڵەتی ئیسلامی) داعش دابوون، پێشمەرگە ڕۆڵێکی دیار و کاریگەریان بینیوە لەشەڕی دژی تیرۆریزمدا کە وەکو ناسنامەیەکی گرنگی کوردستان دەرکەوتوون، بەپێی ڕاپۆرتەکان لەو کۆنفرانسەدا وڵاتانی ئەوروپا بەتایبەتی و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پشتگیرییەکانیان بۆ پێشمەرگە و حکومەتی هەرێمی کوردستان دوپاتدەکەنەوە.
هەر لەو کۆنفرانسەدا (حەیدەر عەبادی) سەرۆکوەزیرانی حکومەتی عێراقیش بەشدارە، لەدوای تێكشکاندنی داعش پرسی ئاسایش لەناوچەکەدا و هۆکارەکانی گێڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکان لەبابەتە هەستیارەکانی پرسی ئاسایشی ناوچەکەن و بەتایبەتی بۆ عێراقی دوای داعش گرنگی و بایەخی بەرچاویان هەیە.

سەرچاوەکان: بلومبێرگ، دەچیس وێڵس، بزنس ئینسایدەر، ڕۆیتەرز

 

خالید ئه‌حمه‌د - هەولێر

© 2017 Hawler