تەمموز 15, 2020

نەوڕێگای ئاوریشم؛ چین دەداتە دەم هەموو دنیاوە

بەشی دووەم (کۆتایی)

چین بەنیازە بە ئابووری دنیا بگرێت؛ بە قەرزی درێژخایەن و بە دەستی کاری شارەزا، کەڵکەڵەی وڵاتانی هەژار دەدات بە دەستی چین، ژێرخانێکی پتەوی ئابووری بۆ خۆیان دابمەزرێنن؛ بە گوێرەی پرۆژەکەی شی جینپینگ سەرکۆماری چین یاخود پرۆژەی نەوڕێگای ئاوریشم، چین بەنیازە وشکەڕێ و دەریاڕێ، دووسێهەک (دوو لەسەر سێ)ـی خەڵکی جیهان، واتە حەفتا وڵاتی دنیا لێک نزیک بخاتەوە.دەسەڵاتبەدەستانی چین باسی وەبەرهێنانێکی درێژخایەنی هەزاران‌ملیار دۆلاری دەکەن؛ بڕیارە چین بۆ خۆی و وڵاتانی بەشدار ئەو سەرمایە زۆرەی بۆ دابین بکەن.

دانان و دامەزراندن و پێکەوەبەستانی ئاسنەڕێ
مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٧ـی زایینی، پرۆژەی ئاسنەڕێی نێوان مۆمباسای ـ نایرۆبی تەواو بوو؛ چین ئەو پرۆژەیەی ساڵێک و نیوێک زووتر لە وادەی خۆی تەواو کرد و، سەرنجی هەموو وڵاتانی دنیای بۆ خۆی راکێشا.
مۆمباسای ـ نایرۆبی، ٤٨٠ کیلۆمەتر نێوانیانە؛ کینیا لەوەی سەربەخۆ بووە ئەوە یەکەم ئاسنەڕێگایە لێ دروست بکرێت.
ئەکسیم‌بانکی چین، سەدا٩٠ـی خەرجی پرۆژەکەی کێشاوە؛ یەکەم ئاسنەڕێیەکە چین بۆ وڵاتێکی تری دامەزراندبێت؛ بە کەرستە و مەکینەی دەسکاری چین و، بە پێوەر و پێودانگی چینیەکان؛ تا ئێستا نەبووە لە پرۆژەیەکی دانانی ئاسنەڕێدا هەموو رۆژێ هەموو رۆژێ ٧٠٠ مەتری لێ دابنرێت؛ چینیش ئامێری نەوباوی وەگەڕ خستووە بۆیە ئەو ئیشەی ئاوەها خێرا تەواو کرد.
ئەو مەکینەیە یەک بە یەک ئاسنەڕێ دروستکراو لەجێی خۆی دادەنێت و، بە سەریدا دەڕواتە پێشەوە هەتا یەک بە یەک ئەوانی دیش دابنێت.
دانان و دامەزراندنی هەر بڕگە ئاسنەڕێیەک هەر چوار خولەکی پێ دەچێت.
راستە مەکینەی نوێ ئیشی زۆر ئاسان کردووە بەڵام دەستی مرۆڤیشی هەر دەوێ؛ واتە پرۆژەکە هەر بە مەکینە جێبەجێ ناکرێ و، دەستی کرێکاری شارەزایشی دەبێ تێدا بێت.
کرێکار دەبێ لە ئیشەکەیدا ورد بێ و، ئەوەن رێک بڕگە و بەندی ئاسنەڕێیەکە لەجێی خۆیدا دابنێت، دوو سانتیم زیاتر ئەملاوئەولای نەبێت.
شێوازی جێبەجێکردنی ئەو پرۆژەیە وا بێ‌مەترسی و کەم‌خەتەریش نیە؛ پار سەرئەندازیارێکی چینی کە لە پرۆژەی ئاسنەڕێی مۆمباسا ـ نایرۆبیدا کاری دەکرد، بە هەواڵگەی شینهوای چینی گوتبوو: "کاریش بێ‌مەترسی نابێ؛ رەنگە کوشتە و برینداریشی لێ بکەوێتەوە."
وڵاتانی ئەفریقا پێیان خۆشە چین ئاسنەڕێگایان بۆ رابکێشێت؛ لەبەر ئەوەی خۆیان نە کارەکەیان پێ دەکرێ، نە گوژمەی پرۆژەی گەورەی لەو چەشنەیان پێ دابین دەکرێ.
رێگای نایرۆبی مۆمباسا جاران دە سەعاتی دەخایاند؛ ئەو جادەیە هی سەردەمی داگیرکاریە؛ ئەو سەردەمەی وا بەریتانیا ناوچەکەی کردبوویە مۆڵگەی خۆی و پاوانی کردبوو. بەم ئاسنەرێیەی ئێستادا، بە چوار سەعات لە مۆمباساوە دەگەیتەوە نایرۆبی.
بڕیارە ئەکسیم‌بانک، بایی ملیارە دۆلارێکی دیکەش وام (سولفە) بخاتە گەڕ، هەتا بە ئاسنەڕێ، نایرۆبی و کیسما پێک ببەستنەوە؛ لەوێشەوە بەرەو ئۆگاندا و رواندا و خوارووی سوودان و ئەسیۆپیای راکێشن.
ئەگەر کارەکە هەروا خێرا بڕوات و، هیچ کیشەیەکی تێ نەکەوێ، ئەوەندە نابا کنیا دەبێتە چەقی تۆڕی ئاسنەڕێی رۆژهەڵاتی ئەفریقا؛ خەرجی کارەکەش چین بە خۆی دەیکێشێت.

 

د. ڕزگار ئازەوانی ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler