تەمموز 07, 2020

ئەمساڵ بودجەی سەربازی وڵاتان زیادی کردووە

بە پێی نوێترین ڕاپۆڕتەکان وڵاتانی دونیا لە ساڵی ٢٠١٨ی زایینی، بە ڕێژەی دو لەسەد و نیو زیاتر لە ساڵی پێشوو، بودجەیان بۆ پڕچەککردنی چەک تەرخان کردووە. لە نوێترین پێرستدا ئەمریکا بە مەودایەکی زۆر و چین و عەرەبستانیش لە پلەکانی دواتر دێن بۆ زۆری بودجەی سەربازی.

نوێترین ڕاپۆڕتی ئەنستیتۆی نێودەوڵەتی توێژینەوەکانی ئاشتی ستۆکهۆڵم "سیپری" دەریدەخات وڵاتانی دونیا لە ساڵی ڕابڕدووی زایینی بلیۆنێک و ٨٢ ملیار دۆلاریان تەرخان کردووە بۆ خۆپڕچەککردن. ئەو ڕێژەیە بە ٢.٦ لەسەد زیادبوون لە چاو ساڵی پێشوو، وەک زۆرترین ڕێژەی لە سێ دەیەی ڕابڕدوو دادەنرێت.

شپیگێل ئانلاین دوشەممە نۆی بانەمەڕ بە بنەماگرتنی ئەو ڕاپۆڕتە نوسیویەتی ئەمریکا بە ٦٤٩ و چین بە ٢٥٠ ملیارد دۆلار لە پلەی یەکەم و دووهەمی ئەو ڕیزبەندییە دان و بودجەی نیزامی ئەو دو وڵاتە بە جیاوازی لەگەڵ ساڵی پێشوو و لە چاو وڵاتانی دیکە بە ڕێژەیەکی زۆرتر زیادی کردووە. دوای ئەو دوو وڵاتە بە پێی ڕیزبەند عەرەبستان، هیند و فەڕانسە لە پلەی دواتری کێبەرکێی چەکوچۆڵی جیهانیدان. عەرەبستان ساڵی ڕابردوو ٦٧ ملیار دۆلار و ٧٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ کڕینی چەکوچۆڵ و کەرەسەی شەڕ تەرخان کردووە.
لەو ڕیزبەندییەدا گۆڕانکارییەکی گەورە لەو دە وڵاتەی کە لە دوو ساڵی ڕابڕدوو زۆرترین بودجەی سەربازییان هەبووە نابیندرێت. ڕووسیە لە پلەی چوارەوە هاتووەتە پلەی شەش و ئاڵمان بە هاتنە پلەی پێنجەم جێگەی ژاپۆنی گرتووەتەوە.

بەرز بوونەوەی بودجەی سەربازی ئاڵمان
بودجەی سەربازی ئاڵمان ساڵی ڕابڕدوو ٤٩ ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار بووە و ئێستا ١.٨ لەسەد زیاتر بووە. بە پێی توێژینەوەکانی ناوەندی سیپری، ئاڵمان لە ساڵی ڕابڕدووی میلادی ١.٢ لەسەدی داهاتی هەژمارنەکراوی نێوخۆیی بۆ کڕینی کەرەسەی سەربازی تەرخان کردووە و ئەو ژمارە وابڕیارە تا ساڵی ٢٠٢٥ زایینی بگاتە یەک و نیو لەسەد. بە پێی بڕیاڕەکانی ناتۆ ئەو ژمارەیە دەبێ بگاتە ٢ لەسەد.
پسپۆڕانی ناوەندی سپیری باوەڕیان وایە ئەگەرچی بودجەی سەربازی ڕووسیە لە ساڵی ڕابڕدوو بە هۆی کێشەی ئابوری کەمی کردووە و گەیشتووەتە ٦١ ملیار و ٤٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەو وڵاتە هەروەها بە هەڕەشەیەک لە سەر ناوچەکە بە ئەژمار دێت و هەر ئەوە بووەتە هۆی ئەوەی بودجەی سەربازی وڵاتانی وەک پۆڵەندا، ئۆکراین، بولغارستان، لیتوانی و ڕۆمانی زیاد ببێت. ئەنیستیوتی نێودەوڵەتی توێژینەوەکانی ستۆکهۆڵم کە پێرستی بودجەی سەربازی ١٥٠ وڵاتی ئامادە کردووە، بۆ ڕێکخستنی ڕاپۆڕتی خۆی تەنیا بە ئاماری فەرمی وڵاتان قەناعەتی نەکردووە، بەڵکو سەرچاوەگەلی وەک بانکی ناوەندی، ناتۆ و پرسیارنامەکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکانیشی لەبەرچاو گرتووە.
ئەگەرچی بودجەی سەربازی وڵاتان لە ساڵی ڕابڕدوو بە هۆی کێشەگەلی وەک پرسی ئابووری و کێبەرکێی خۆپڕچەککردن و دروستکردنی گۆڕانکاری لە سیاسەتی بەرگری هەندێک ئاڵوگۆڕی بچوکی تێدا دروست بووە بەڵام تا ئێستاش ئەمریکا لە پلەی یەکەم دایە و کێبەرکێ لەگەڵ ئەو وڵاتە دوور لە چاوەڕوانییە.
بودجەی سەربازی ئەمریکا یەک لەسەر سێی بودجەی سەربازی دونیایە
بودجەی سەربازی ئەمریکا لە یەک لەسەر سێی بودجەی گشتی ١٥٥ وڵاتی دونیا زیاترە کە بۆ خۆپڕچەککردن تەرخانیان کردووە، واتە ٣٦%ی بودجەی دونیا. ئەمریکا بە تەنیایی بەقەدرا بودجەی سەربازی هەشت وڵاتی دوای خۆی، بودجەی بۆ ئامانجی پەرەپێدان بە توانایی سەربازی تەرخان کردووە. چین لە کێبەرکێی خۆپڕچەککردندا پابەندی سوننەتەکانی ڕابڕدووی خۆیەتی و لە ساڵی ٢٠١٨ پێنج لەسەد زیاتر لە ساڵی پێشو بودجەی بۆ ئەو مەبەستە تەرخان کردووە.
ناوەندی سیپری سوییدی ئاشکرای کردووە کە ئێران لە ساڵی ڕابڕدوو، ١٣ ملیار و ٢٠٠ ملیۆن دۆلاری بۆ پەرەدان بە توانایی سەربازی خۆی دیاری کردووە و وەک ساڵی پێشوتر هەر لە پلەی هەژدەیەمی دونیادایە. لەو پێرستەدا تورکیە لە پلەی ١٥، ئیسرائیل لە پلەی ١٧ و پاکستان لە پلەی بیستەمدایە.

 

شۆڕش غەفووری ـ هه‌ولێر

© 2017 Hawler