تشرینی یەکەم 16, 2019

تیلەرسن: شەڕی عەفرین کاریگەری لەسەر ئامانجەکەمان لە سووریا دروستکردووە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەو دۆخەی لە عەفرین هەیە کاریگەری کردووەتە ئامانجی سەرەکییان لە سووریا، کە تێکشکاندنی داعشە.
رۆژی سێشەممە لە گوتەیەکیدا لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە کوێت، رێکس تیلەرسن رایگەیاند "ئەو دۆخەی لە عەفرین هەیە، کاریگەری کردووەتە سەر شەڕی ئێمە دژ بە داعش لە رۆژهەڵاتی سووریا، کە بەهۆیەوە هێزەکان روویان لە عەفرین کردووە".
تیلەرسن راشیگەیاند "لەسەر ئەم پرسە پێشتر قسەمان لەگەڵ تورکیا کردووە. هەروەها لە سەردانەکەشمدا بۆ ئەنقەرە گفتوگۆی زیاتر لەو بارەوە دەکەین".
بڕیارە لە چەند رۆژی داهاتوودا رێکس تیلەرسن، کە ئێستا بە سەردانێک لە کوێتە، بچێتە ئەنقەرە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای تورکیا قەیرانی سووریا تاوتوێبکات، پرسی سەرەکیش ئۆپەراسیۆنی تورکیا دەبێ بۆ سەر عەفرین لە رۆژئاوای کوردستان کە ماوەی 25 رۆژە دەستیپێکردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا دەڵێت، دەیانەوێ تورکیا درک بەوەبکات ئەو ئۆپەراسیۆنە کاریگەری کردووەتە سەر شەڕی داعش، "واشنتن دەیەوێت بۆ تێکشکاندنی داعش و گرووپە تیرۆرستییەکانی دیکەی سووریا لە نێویاندا قاعیدە و بەرەی نووسرە لەگەڵ تورکیا کاربکات".
رێکس تیلەرسن ئاماژە بەوە دەکات بەناو "خەلافەتەکەی داعش" لە عێراق و سووریا تێکشکاوە، بەڵام هێشتا لەو ناوچانە بەتەواوی کۆتایی نەهاتووە.

© 2017 Hawler